"ئەو کەسانەی هاوکاری دوژمنی ئێزدییەکان دەکەن، نوێنەرایەتی ئەم کۆمەڵگەیە ناکەن"

سوهام شەنگالی، هەڵسەنگاندنی بۆ سیاسەتەکانی پەدەکە و کەسانی پەیوەندیدار بەوەوە دەکات و وتی: ئەوانەی هاوکاری دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و دوژمنانی ئێزدییەکان دەکەن نوێنەرایەتی پێکهاتەی ئێزدی ناکەن.

 سیتی ڕۆز

 

شەنگال- لە بارەی سیاسەتەکانی پەدەکە لەسەر شەنگال و کەسانی هاوکاری دەوڵەتی تورکیا و بەکار‌هێنانی ئێزدییەکان وەک ڤیان دەخیل کە لە بەرژەوەندی پێکهاتەی ئێزدییەکان کار ناکەن، سوهام شەنگالی، وتەبێژی تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی-تاژێ، ئاماژەی بەوەدا، "ئەوانەی لەسەر ئەم خاکە بەرخۆدانیان کرد و شەهیدیان داوە، ئەوان خاوەن بڕیارن، تەنیا ئەوان دەتوانن نوێنەرایەتی ئەم کۆمەڵگەیە بکەن، نەک ئەوانەی کۆمەڵگەکەیان ڕادەستی دوژمن دەکەن".

 

"دوای کۆتایی هاتنی داعش دەوڵەتی تورکیا دەستی بە هێرشەکانی کرد"

لە سەرەتای قسەکانیدا سوهام شەنگالی باسی ئەو سیاسەتەی کرد کە لەسەر شەنگال و عێراق بەڕێوەدەچێت و وتی: ئەمڕۆ سیاسەتێکی قوڵ و چەپەڵ لەسەر شەنگال بەڕێوەدەچێت، ئەم سیاسەتە زیاتر لە لایەن پەدەکەوە بەڕێوەدەبرێت، دوای شکستپێهێنانی پیلانە گەورەکانی دەوڵەتی تورک یان داعش لە شەنگال، دەوڵەتی تورک خۆی دەستێوەردانی کرد و لە ساڵی ٢٠١٧ەوە بەردەوامە لە هێرشی ئاسمانی بۆ سەر شەنگال. دەوڵەتی تورک لە بێدەنگیی دەوڵەتانی نێودەوڵەتی و بە تایبەت بێدەنگیی حکومەتی عێراق سەبارەت بە پێشێلکردنی خاکەکەی هێز وەردەگرێت. لەم دواییانەشدا ئەنجومەنی گەلی سنونێی بۆردومانکرد و کوڕێکی تەمەن ١٢ ساڵ و ئیبراهیم دەروێش عەڤدیی چالاکوانی سیاسی شەهید کرد.

 

"ئەوانەی بۆ بەرژەوەندی دوژمنی کۆمەڵگە کار دەکەن، نوێنەرایەتی ئێزدییەکان ناکەن"

سوهام شەنگالی سەبارەت بە سیاسەتی پەدەکە بۆ ڕەوایەتیدان بە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باشور و شەنگال وتی: بۆ ڕەوایەتیدان بە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر شەنگال، پەدەکە لەناو هەوڵدایە، دوای هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەنجومەنی گەلی سنونێ، ڤیان دەخیل لە پەرلەمانی عێراقدا قسەی کرد و هاوکاری حکومەتی عێراقی لەگەڵ دوژمنی ئێزدییەکان، دەوڵەتی تورک ڕاگەیاند. دیسان پەکەکەیان کرد بە بیانوو، پێویستە بزانین ڤیان دەخیل کە پەرلەمانتاری پەدەکەیەن نوێنەرایەتی حزبەکەی دەکات نەک ئێزدییەکان، ئەمەش بە قسەکانیدا پشڕاست بووەوە، بێدەنگی حکومەتی عێراق لە بەرامبەر لەشکرکێشی تورکیا بەس نەبوو، ڤیان دەخیلیش بە ڕوونی داوای هاوکاری لە دەوڵەتی تورکیا کرد.