"دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت دەوڵەتی عوسمانی زیندوو بکاتەوە"

ئەندامانی یەکێتی ژنانی ڕۆشنبیر لە هەرێمی جزیرە بۆچوونی خۆیان لەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان و هەڕەشەکان خستەڕوو.

فەرەح داود

 

قامیشلۆ- دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر بە هاوکاری پەدەکە هێرش دەکاتەسەر خاکی باشوری کوردستان و دەیەوێت داگیرکارییەکی نوێ دابمەزرێنێت، ئیرادەی گەلی کورد لە دژی ئەو هێرشانە لە بەرزترین ئاستدایە کە تا ئێستا تێکۆشانێکی بێوێنە لە دژی داگیرکاری و خیانەتکردن بەڕێوەدەچێت.

 

ئەندامانی یەکێتی ژنانی ڕۆشنبیر لە هەرێمی جزیرە، هێرش و هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیایان ئیدانە کرد، لەو بارەیەوە، ئەناهیتا سینۆ، هاوسەرۆکی یەکێتی ڕۆشنبیرانی جزیرە وتی: مێژووی دەوڵەتی تورک مێژوویەکی پڕ لە خوێن و کۆمەڵکوژییە، لە کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکانەوە تا ئەمڕۆ کۆمەڵکوژی لەسەر کوردان بەردەوامە، ئەگەر کورد ڕۆحیەتێکی تێکۆشەری نەبوایە و دەوڵەمەند نەبوایە بە کلتورەکەی، ئەوا بەو کۆمەڵکوژییانە کۆتای پێدەهات، بەو هێرشانەی کە دەکرێتە سەر خاکی باشوری کوردستان دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت خەونی دەوڵەتی عوسمانیی زیندوو بکاتەوە.

 

حەسینە ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری یەکێتی ژنانی ڕۆشنبیر، ئاماژەی بەوەدا کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا هەموو کوردانی کردووەتە ئامانج و وتی: "لە هەرێمی کوردستان بە گشتی دەوڵەتی تورک هێرشی دڕندانە ئەنجام دەدات، دەیەوێت سوود لە دۆخی ناهەمواری جیهان وەربگرێت و گورزێک لە ئیرادەی کورد بدات، ئەو هێرشانەش دژی یاسا نێودەوڵەتی و هاوپەیمانییەکانە چونکە دەوڵەتی تورکیا سنووری وڵات دەبەزێنێت و هاوڵاتی مەدەنی دەکاتە ئامانج، ئەوەی ئەمڕۆ گرنگە هاوهەڵوێستی گەلەکەمانە بەرامبەر بەو هێرشانە، ئەگەر پێکەوە بەهێز بین دەوڵەتی تورک ناتوانێت هێرش بکاتە سەر کوردستان، هیواخوازین گەلەکەمان بە ڕۆحی خەبات و تێکۆشان و بە ئەرکی پاراستنی خاک و کەرامەتی خۆی هەستێت".