گرنگی رۆڵی ژنان لە دەستپێشخەری ئاشتیدا

بەشداری ژنان لە کایەی سیاسیدا گرنگە بۆ بەهێزکردنی دیموکراسی، ڕێککەوتنێک کە ژنان ئەنجامیدەدەن بە ڕێژەی ٣٥٪ ئەگەری زیاتر لە ١٥ ساڵ بەردەوامی هەیە، حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش سەرباری پشکی ٪٣٠ بۆ ژنان دیاریکراوە لە بواری سیاسیدا بەشداری بکەن.

بێریڤان کەمال

 

ناوەندی هەواڵ- داگیرکاری تا دێت درێژە دەکێشێت و دەبێتە هەڕەشە بۆ ناسنامە و ئاسایش و دروستبوونی توندوتیژی چەکداری، ئەمڕۆ زۆرێک لە توندوتیژیەکان دژی ئاین یاخود نەژاد دەکرێت و بەستراوەتەوە بە کێشەی ناسنامەوە، زۆرێک لەو ناکۆکییانە بە توندوتیژییەکی زۆر و دەستدرێژییە ڕەگەزییەکان نیشان دەدرێن.

 

هەرچەندە شەڕ لە نێوان وڵاتاندا ڕووی لە کەمبوونەوە کردووە، بەڵام توندوتیژی لەناو دەوڵەتەکاندا بەردەوام لە زیادبووندایە، لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا ناکۆکیە مەدەنییەکان زیاتر لە دوو ئەوەندە زیادیان کردووە، بەجۆرێک لە ساڵی ٢٠٢١-٢٠١٦ ڕێژە لە ٪٣٠ بۆ ٪٧٠ زیادی کردووە.

 

بەپێی ئەو ئامارانەی لە ساڵی ٢٠١٣دا لەلایەن ئۆکسفامی بەریتانییەوە خراوەتە ڕوو، پیاوان بەگرنگییەوە ناڕوانن لە تواناکانی بەشداریکردنی ژنان لە کایەی سیاسی یان گشتیدا، بە هەمان شێوە ژنان لەو باوەڕەدان کە ناتوانن زاڵ بن بەسەر ئەو تەنگانە یان فشارە کۆمەڵایەتییانەی کە سەرهەڵدەدەن، هەردوو حکومەتی عێراقی فیدراڵ بە هەرێمی کوردستانیشەوە سەرباری ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی کە تیایدایە ژنان لە کایەی سیاسیدا پشکی ٪٣٠یان بۆ دیاریکراوە.

 

ڕۆڵگێڕانی ژنان لە پرسە سیاسیەکانی عیراق سنووردار کراوە

ژنان ڕێگریان لێدەکرێت لە گەیشتنیان بە پۆستە باڵاکان و ڕۆڵ گێڕانیان بە شێوەیەکی نەریتی لەلایەن پیاوانەوە دیاریدەکرێت، چونکە سیستەمی پیاوسالاری کە حوکمی بڕیاری سیاسی دەکات ژنان بە نەزۆک دەبینێت لە پرسە سیاسییە چارەنووسسازەکانی تایبەت بە گەل و نەتەوەدا.

 

بەشداری ژنان لە کایەی سیاسیدا گرنگە بۆ بەهێزکردنی پێشکەوتن و بەرەوپێشبردنی دیموکراسی و نوێنەرایەتیکردنی مافی هاووڵاتیبوونی ژنان تا ڕادەیەکی زۆر، ئەمە پشت بە لایەنە کۆمەڵایەتی و سیاسی و کلتورییە دیاریکراوەکانی کۆمەڵگایەکی دیاریکراو دەبەستێت، لە ئاستی ناوخۆدا هەرچەندە زۆرجار پشتگوێ خراوە، بەڵام بەشداریکردنی ژنان بەردێکی هەنگاونان بۆ ژنان دابیندەکات بۆ گەیشتن بە ئاستەکانی بڕیاردان بە پرۆسەی ئاشتی نەتەوەییشەوە.

 

ژنان سیمبولی دەستپێشخەری ئاشتی و ژیانن بە درێژای مێژوو

نەبوونی ئیرادەی سیاسی هۆکارە بۆ بەشداری نەکردنی ژنان لە پرۆسەکانی ئاشتیدا، جیاکاری ڕەگەزی هۆکارێکی دیکەیە بۆ ئەو بەشداری نەکردنە، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی چەند ئامرازێکی گرنگی بۆ مامەڵەکردن داڕشتووە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو دۆخە ناهەموارانەی لە ناوچەکانی شەڕ هەیە، یەکێک لەو ڕێگایانە بەرنامەی ژنان و ئاشتی و ئاسایشە کە لە ساڵی ٢٠٠٠دا دانراوە.

 

لە ساڵی ٢٠٠٠ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری ١٣٢٥ی پەسەند کرد، وەک دەستپێکی بەرنامەی ژنان و ئاشتی و ئاسایش، بڕیارەکە هانی بەشداریکردنی ژنانیدا لە دەستپێشخەرییەکانی ئاشتی و پاراستنیان لە پێشێلکارییەکانی مافەکانیان و ڕێگریکردن لە ناکۆکییەکان، تا ئێستا ٧٩ وڵات پلانێکی وەهایان داڕشتووە کە ئیسپانیا و عێراق و فەڵەستینیش لە نێواندا هەیە.

 

هەرچەندە ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان پلانی کاری نەتەوەییان هەیە لەم بوارەدا، بەڵام زۆربەی ئەمانە تەنها بریتین لە پێشنیارەکان لەسەر کاغەز، بەبێ میکانیزمی لێپرسینەوە یان دابینکردنی بودجەی پەیوەست بە بڕیارنامەی ١٣٢٥ نەتەوە یەکگرتووەکان.

 

عێراق لە ساڵی ٢٠١٤دا یەکەمین وڵاتی ناوچەکە بوو کە پلانی کاری نەتەوەیی پەرەپێدا، دەیان ساڵ کارکردن لەلایەن ژنان و ڕێکخراوەکان بۆ بەرزکردنەوەی پڕۆفایلی ڕۆڵی ژنان نیشانەی گرنگی بەدەستهێنا، بەڵام بڕیارنامەکان سەرنجیان خستەسەر کێشە سەرەکییەکانی پەیوەست بە توندوتیژی ڕەگەزی و توندوتیژی سێکسی، کێشە گرنگەکانی تر وەک نەهێشتنی ناکۆکی و ئەو ڕۆڵەی کە ژنان دەتوانن بیگێڕن لەم کارەدا لە گرنگترین خاڵەکان نەبوو، ئەمەش کەموکورتی بوو کە ڕێگریکرد لەوەی ژنان و ئاشتی و ئەجێندای ئاسایش بێتەدی.

 

لە ساڵی ٢٠٠٠ دا تەنها  ٢٥٪ بڕیارە گرنگەکان ئاماژەیان بۆ ژن کردووە، لە ماوەی کەمتر لە ١٥ ساڵدا ئەم ڕێژەیە بۆ ٩٤٪ زیادیکرد، هەموو ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بە ژنان کردووە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٤ کە ڕێژەکەی ٨٩٪ بووە.

لەنێوان ساڵانی ١٩٩٠-٢٠٠٠دا، تەنیا ١١٪ ڕێککەوتننامەکانی ئاشتی بە گەڕانەوەیان بۆ ژنان واژۆ کراون، لە ئێستادا ئەو ڕێژەیە بۆ ٪٢٧ بەرزبووەتەوە.

 

لێکۆڵینەوەیەک لەسەر ٣١ پرۆسەی ئاشتی لە ماوەی دوو دەیەی ساڵی ١٩٩٢ بۆ ٢٠١١ دەریخست کە تەنها لە ٪٩ دانوستانکارەکان ژن بوون، تەنها ڕێژەی ٣٪ی سەرباز لە ئەرکەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ژنن، پەیمانی بازرگانی چەک یەکەم ڕێککەوتنە بۆ ناسینەوەی پەیوەندیەکانی نێوان گواستنەوەی چەکی نێودەوڵەتی و توندوتیژی ڕەگەزیی مادی، بە تایبەتی وڵاتانی هەناردەکەر دەبێت ڕەچاوی ئەو مەترسییە بکەن کە گواستنەوەی چەک دەتوانێت بەکاربهێنرێت بۆ ئەنجامدانی کردەوەی توندوتیژی دژی ژنان.

 

چەکەکان، هەرچی بنەچەیان بێت بە نزیکەیی لەلایەن پیاوانەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن. چ لەناو پێکهاتەکانی حکومەتدا بێت وەک سوپا یان هێزەکانی پۆلیس، یاخود لەناو گروپە چەکدارەکاندا یان تەنانەت بۆ بەرگری کەسیی لەناو ماڵدا.

 

پرۆسەی ئاشتی لەلایەن ژنانەوە بۆ ماوەیەکی زیاتر دەمێنێتەوە

کاتێک ژنان بە شێوەیەکی چالاک بەشداری لە پرۆسەی ئاشتیدا دەکەن، ئاشتی بەردەوامترە بە شێوەیەکی دیاریکراوتر، ڕێکەوتنێک کە ژنان بە ڕێژەی ٣٥٪ دەگرێتەوە ئەگەری بەردەوامی هەیە بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی زیاتر لە ١٥ ساڵ.

 

ژنان لە وڵاتە هەژارنشینانەدا بە شێوەیەکی بنەڕەتی بەرپرسن لە چێشتلێنان و پاککردنەوە و کۆکردنەوە دار و ئاو و گرنگیدان بەمنداڵ و بەساڵاچووان و نەخۆشەکان، لەژێر ئەم شێوازە کۆمەڵایەتیەدا، کاری مووچەخۆران و دامەزراندنێکی شایستە بۆیان بەردەست نییە و ناتوانن بەشداری لە پرسە سیاسی و نیشتیمانییەکاندا بکەن.

 

ژنان توانایان نیشانداوە بۆ نێوەندگیری لە نێوان ئاوارەکان و کۆمەڵگە ناوخۆییەکان و ئیرادەیەک بۆ ئاشتکردنەوەی فراکسیۆنە جیاوازەکان، نموونەی زۆر لە ژنانی عێراقی کە بە ئاشتی دەژین و بە شێوەیەکی چالاکانە پێشەنگایەتییان کردووە، پڕۆگرامەکانی ئاشتەوایی هەنگاوی گرنگیان ناوە بەرەو بەهێزبوونی ژنان و بەرزکردنەوەی یەکسانی ڕەگەزی.

 

سەرباری ئەو ڕۆڵەی ژنان دەتوانن لە دەستپێشخەری ئاشتیدا بیگێڕن لە وڵاتێکی وەک عێراق کە بەردەوام ڕووبەڕووی گرژی و ئاڵۆزییەکان دەبێتەوە، بەڵام تا ئێستا ڕۆڵێکی کاریگەریان پێنەدراوە و نەتواندراوە لە ئاشتەوایی نێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا نێوەندگیری ئەنجامبدەن و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی هێرش و داگیرکارییەکان بکەن کە تیایدا ژنان دەبنە بەرکەوتەی یەکەمن.