ژنان: پەدەکە دەستی خیانەت دەهێنێت و خاک دەفرۆشێت
لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان، ناڕەزایەتییەکان تا دێت بەرفراوان دەبێت، ژنان لە ڕیزی پێشەوەی ناڕەزایەتییەکاندان و ئاماژە بەوەدەدەن پێویستە هێڵی خیانەت تێکببرێت و داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا ڕابوەستێنرێت.
تەوار پێنجوێنی
سلێمانی- ١٧ی نیسان، هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان دەستیپێکرد، ئۆپەراسیۆنی ئەمجارەی دەوڵەتی تورکیا بە ناوی "چنگی کلیل" ئامانجی داگیرکردنی چیاکانی باشوری کوردستانە تا بتوانێت لەو ڕێیەوە قەڵەمڕەوی خۆی لە باشوری کوردستان زیاد بکات، لەم ئۆپەراسیۆنەدا ڕاستەوخۆ پەدەکە بەشدارە و هاوکاری دەوڵەتی تورکیا دەکات.
هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە سنورەکانی شیلادزێ، دێرەلوک، ئامێدی و چیای کوڕەژارۆ بە بۆردومانی ئەو ناوچانە لە ١٥ی مانگی نیسانەوە دەستیپێکرد، لە بەرامبەردا بەرخۆدانییەکی گەورە لەلایەن گەریلاکانی ئازادییەوە دەکرێت و ڕێگری لە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا دەگیرێت، هاوڵاتیان پشتیوانی خۆیان بۆ گەریلا دووپات دەکەنەوە و دژی هەر لەشکرکێشی، داگیرکاری و هێڵی خیانەتێکن کە خاکی کوردستان بفرۆشێت، ژنانیش پێشەنگایەتی چالاکییە ناڕەزایەتییەکان دەکەن و شەوی ڕابردوو بە بەشداری سەدان کەس ڕێپێوانی ژنان لە شاری سلێمانی ڕێکخرا.
"پەدەکە خیانەت دەکات و دەستی داگیرکاری دەهێنێتە خاکەوە"
زوهرە کەریم، ژنێکی دانیشتووی شاری سلێمانییە و دایکی گەریلایە، وەک هاوڵاتیەک بەشداری چالاکی شەوی ڕابردووی ژنان بوو لە شاری سلێمانی، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها باس لەوەدەکات کە پەدەکە خیانەت دەکات و دەستی تورکیا دەهێنێتە ناو باشوری کوردستان و دژی گەلی کوردە نەک گەریلاکان، "پەدەکە خیانەت دەکات، غاز و نەوتەکەمان دەفرۆشێت و خاکەکەش دەفرۆشێت، ئێمە پشتیوانی لە ڕۆڵەکانی خۆمان دەکەین، پشتیوانی گەلی کوردین".
زوهرە کەریم بانگەوازی لە هاوڵاتیان دەکات کە پشتیوانی گەریلا و گەلی کوردبن و داواش لە مەلایانی ئاینی دەکات لە مزگەوتەکانەوە دژی پێشێلکردنی خاک و نیشتمان و داگیرکاری و قسەبکەن، جەختیش دەکاتەوە کە هێرشەکان تەنها بۆ گەریلا نییە و بۆسەر هەموو گەلی کوردە و تورکیا دەیەوێت خەلافەتی عوسمانی زیندوو بکاتەوە، دەشڵێت: "پەدەکە خەیاڵی خاوە وابزانێت دۆستی تورکیایە چونکە دەچێتە تورکیا و لەگەڵیاندا دادەنیشێت و تەوقەیان لەگەڵ دەکات، دوای ئەوەی ئەوە تورکیا دەستبەرداری دەبێت، پەدەکە ئەمە یەکەمجاری نییە دەستی خیانەت دەهێنێتە ناو گەلی کوردەوە".
"گەریلاکان لە چیاکانەوە تێدەکۆشن تا ئێمە پارێزراو بین"
هەرێز ئەحمەد، ژنێکی گەنجە پەیامی خۆی بۆ گەنجان دەنێرێت و داوادەکات لە ڕیزی پێشەوەی ناڕەزایەتییەکاندا بن، "دەبێت ئەو پلان و کەسانە لەناوبچن کە دەیانەوێت ئێمە لە کوردستاندا داهاتوومان نەبێت، ئەوان پڕوپاگەندە دەکەن کە پەکەکە خراپەکاری دژی گەلی کورد دەکات، نەخێر شتی وانییە، گەریلاکان لە چیاکانەوە تێدەکۆشن تا ئێمە پارێزراو بین لە هێرشی ئەو دەوڵەتانەی کە دەیانەوێت ئێمە لەناوببەن"، هەرێز ئەحمەد دەشڵێت بەشداری چالاکییەکەم کردووە پەیامی من ئەوەیە دەبێت داگیرکاری تورکیا بڕوخێنرێت و نابێت داهاتوومان بفەوتێنرێت و داگیربکرێین.
"دەستدرێژی بۆسەر خاک و نیشتمان قبوڵ ناکەین"
فاتمە سلێمان، بەڕێوەبەری کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە هەرێمی عەفرین، ئەمشەو لە چالاکییەی شاری سلێمانیدا بەشداربوو، وەک ژنێکی ڕۆژئاوای کوردستان، باس لەوەدەکات داگیرکاری و هێرشەکان شەرمەزار دەکەن و ئەو هێرشانەی لە چیا ئازادەکان دەکرێتە سەر گەریلاکانی ئازادی ئیدانە دەکەن، بانگەوازی لە ژنانیش دەکات لە هەرکوێیەکن بەشداری ناڕەزایەتییەکان بکەن، "ئێمە هەمیشە لە شەقامەکاندا دەبین، لە عەفرین بێت، یان باشور و باکوری کوردستان جیاوازی نییە، ئێمە دژی داگیرکارییەکان دەوەستینە، بە بەرخۆدانی و خەباتمان دوژمنان تێکدەشکێنین و هەڵوێست و ناڕەزایەتییەکانمان زیاتر دەکەین".
لە کۆتایدا فاتمە سلێمان وتیشی: کێ دەبێت با ببێت ئێمە هیچ کاتێک دەستدرێژی بۆسەر ژنان و خاکەکەمان قبوڵ ناکەین، هەمیشە بەرخۆدانی دەکەین و ڕێبازی شەهیدان و ڕێبەر ئاپۆ بەرنادەین، هەتا هەموو هەرێمەکان ئازاد نەکەین و داگیرکاری تێکنەشكێنین".