"تورکیا بۆ مەرامە سیاسیەکانی خۆی لە کورد نزیک دەبێتەوە"
ڕاز قادر، مامۆستا و چالاکوان، دەڵێت: لە ڕێگەی پەروەردەوە دەتوانین بەرەنگاری دوژمن ببینەوە، پەروەردە دەتوانێت نەوەیەکی بەهێز پەروردە بکات، کە سەر بۆ هیچ دوژمنێک دانەنەوێنێت.
نیهایەت ئەحمەد
سلێمانی- هەڵکردنی ئاڵای تورکیا لەسەر قەڵای هەولێر و هاتنی ئەردۆغان بۆ هەرێمی کوردستان نیگەرانی و ناڕەزایەتی لای هاوڵاتیانی باشووری کوردستان دروستکرد، ئاماژە بەوەدەکەن کە هاتنی ئەردۆغان مەرامی سیاسیی داگیرکاری لە پشتەوە، چونکە کوردستان ڕووبەڕووی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا بووەتەوە و ڕۆژانە بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنی سەربازی داگیرکاری تیادا ئەنجام دەدرێت، خاكی کوردستان بووە بە پایتەختی گۆڕەپانی ململانێ ساسییەکانی وڵاتانی دراوسێ.
سەردانیکردنی سەرۆکی تورکیا بۆ کوردستان پلان بۆ داڕێژراوە، لە کاتێکدا بۆردوومانەکان بەردەوامیان هەیە"
ڕاز قادر، مامۆستا و چالاکوانی بواری ژنان، سەبارەت بە هاتنی ئەردۆغان و هەڵکردنی ئاڵای تورکیا لەسەر قەڵای هەولێری پایتەختی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، دەوڵەتی تورکیا سەڕەرای ئەو سیاسەتە رکابەرایەتیەی بەرامبەر بە کوردستان دەینوێنیت لە ئێستادا دەیەوێت بە سەردانیکردنی بۆ کوردستان مەرامە سیاسییەکانی خۆی بەدەست بهینێت، وتیشی: ئەو سەردانییە پلان بۆ دارێژراوەی ئەرۆغان و هەڵکردنی ئاڵای تورکیا لە هەلێر، لەو کاتەدایە کە بۆردوومانەکانی بەردەوامیان هەیە و دەستدرێژی دەکاتە سەر خاکی کوردستان و سنورەکانی بۆردوومان دەکات، سەرۆکەکانی وڵاتانی تر سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، بەڵام بەم شێوازەی ئێستا کە پێشوازی لە ئەردۆغان کرا، پێشتر ڕووی نەداوە، بۆیە خۆی لە خۆیدا جێگەی پرسیار گەلێک بوو بۆ هەموو کوردێکی بەرهەڵستکاری دوژمنانی ئەم وڵاتە.
ڕاز قادر، ئەوەشی باسکرد، کە تورکیا دەمێکە ئەو ئومێدەی هەیە کە باشوور بخاتە سەر تورکیا، بەڵام تا چەند دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان هاوکاری دەکەن، بەپێی تێپەڕبوونی بارودۆخی سیاسی دەردەکەوێت و ئەو لایەنە سیاسیەش دەردەکەوێت کە بۆ مانەوەیان لە کایەی سیاسیدا دەبنە ژێردەستەی تورکیا و هاوکاری دەکەن.
ئەو چالاکوانە لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە هەڵوێستی خەڵک بۆ ئەم بارودۆخە سیاسیەی ئێستا وتی: لە هەر بابەتێکدا کۆدەنگی خەڵک و لایەنە سیاسیەکان زۆر گرنگە، گرنگە کورد بە گشتی کۆدەنگیان هەبێت بۆ هەر ڕووداوێکی سیاسی ڕوودەدا، ئەمەش کاریگەری لەسەر گۆڕانکاری بارودۆخی وڵات دەکات، لەگەڵ ئەوەی دەنگی باش و کاریگەر زۆرە، بەڵام ناتوانن کۆدەنگی بکرێت بەهۆی ناتەبایی و یەک نەبوونی ڕیزەکانی گەل لە بەرەنگاربوونەی داگیرکاریدا.
دەبێت بە زووترین کات تورکیا بوەستێندرێت لە بۆردوومانەکان بۆ سەر خاکی کوردستان"
ڕاز قادر ئاماژەی بەوەشدا کە دەبێت بە زووترین کات وڵاتانی دراوسێ بە تایبەت تورکیا ڕابگرن، کە چیتر هێرش نەکاتە سەر خاکی کوردستان و درۆنەکانی ڕابگرن لە سووتان و کاولکاری و کوشتنی گەنجی بەرخودێری باکووری کورستان و زیندانیان نەکەن، پێوستە حکومەتی کوردی سنورێک بۆ بۆردوومانەکان دابنێت و پێداگری بکات کە چیتر جێی قبوڵکردن نییە.
ئەو مامۆستا و چالاکوانە باسی لە کاریگەری پەروەردە لەسەر دروستبوونی هەستی بەرەنگاربوونەوە کرد و وتی: پەروەردە بنەمای هەموو ئەو شتانەیە کە لە وڵاتێکدا ڕوودەدات، وەک دەبینرێت ماوەی چەند ساڵێکە پەروردە بە پلان پەک دەخرێت، هیچ گرنگییەک نادرێت بە پەردوەردە و دەیانەوێت نەوەیەک دروست بکەن کە لە ئاستی دواکارییەکانی مافی خۆیان بیدەنگ بن و هیچ کاردانەوەیەکیان نەبێت و بۆ خاک و نیشتمانیان بێهەست بن، بۆیە پێویستە لە رێگەی پەروەردەوە نەوەیەک دروست بکەین هیچ ستەم و نایەکسانییەک قبوڵ نەکات.
ڕاز قادر، باس لە ڕۆڵ و کاریگەری ژنان دەکات کە لە ساڵانی ڕابردوودا ژنان زیاتر کاریگەرییان لەسەر گۆڕانگارییە سیاسی و فاکتەرە جیاوازەکان هەبووە، بەڵام لە ئێستادا دووردەخرێنەوە و دەیانەوێت بیانکەنەوە ناو چوارچێوەی ماڵەکانیان و دژایەتی دەکرێن، وتیشی: هەموو ئەمانە ترسە لە هێزی ژنان، چونکە ژنان بە کۆدەنگی دەتوانن بەهێزێکی زۆرەوە کاریگەرییان لە بابەتی سیاسی، ئاشتی و یەکڕیزی وڵاتدا هەبێت.
ڕاز قادر وەک ژنێکی چالاکوان، پەیامی هەبوو بۆ کۆمەڵگە ئەوەیە، کە دەبێت کۆدەنگیان لەسەر بابەتە جیاوازەکان هەبێت کە پرسی هەموو چین و توێژەکانە و بە پەروەردە دەتوانرێت نەوەیەکی بەهێز پەروەردە بکرێت کە سەر بۆ هیچ دوژمنێک دانەنەوێنێت،وە ژنان دەنگیان یەکسان بکەنەوە و یەکڕیز بن، چونکە ژنان کاریگەریان زۆر زیاترە لە گۆڕانگاری بارودۆخە هەمە لایەنەکان.