دایکان: ببنە پاڵپشتی گەریلا و لە دژی داگیرکاری بووەستنەوە

دایکان لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا ئەنجامی دەدات لەسەر خاکی باشوری کوردستان دێنە دەنگ و دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم شەرمەزار دەکەن، داوا دەکەن چیتر ڕۆڵەی کورد شەهید نەبێت لە سایەی بەرژەوەندی دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ داگیرکەراندا.

سلێمانی

 

هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ١٧ی نیسانەوە تا ئێستا لەسەر خاکی باشوری کوردستان بەردەوامە، تورکیا لە داگیرکارییەکەی خۆی نەوەستاوە و دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستانیش لە بێدەنگی و بێ هەڵوێستیان بەردەوامن، هاوڵاتیان، دایکان و بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان داگیرکردن و لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکیا بۆ سنوری باشوری کوردستان و هاوکارییەکانی پەدەکە ئیدانە دەکەن.

 

"وەک دایکان ڕازی نین خاکمان داگیر بکرێت"

سەبریە عومەر، ئەندامی دایکانی لەچک سپییە، دەربارەی ئەو هێرشانەی دەکرێتە سەر خاکی باشوری کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ نوژنها ئاماژەی بەوەدا کە دایکان پێیان ناخۆشە داگیرکەران بێنە ناو خاکی کوردستان و داگیریان بکەن، هەربۆیە تەواوی هێرشەکان ئیدانە و شەرمەزار دەکەن.

 

ئەو دایکە لەچک سپییە دەڵێت داگیرکەر بە چ مافێک دێت وڵات و خاکمان داگیر دەکات، لە کاتێکدا خاکی نەتەوەی کوردە، "دەبێت حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئاست ئەو هێرشانەدا بێدەنگ نەبن و چیتر ڕێگە نەدەن ڕۆڵەی کورد شەهید ببێت، تەواوی هەوڵیان بخەنە گەڕ و هەڵوێستیان هەبێت، نەک خۆیان پێشیانبکەون و بیانهێننە خاکی باشوری کوردستان و بترسن".

ئەو دایکە داوا دەکات کە دایکان و ژنان هێزێکی بەهێزبن لە پشت گەریلاکانەوە و ببنە پاڵپشتی بۆ ئەوەی دژی داگیرکاران بووەستنەوە.

 

"بنەماڵەی بارزانی تەواو شەرمەزار دەکەین"

لەیلا عەلی، ئەندامێکی دیکەی دایکانی لەچکسپییە، سیستمی حکومڕانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و بنەماڵەی بارزانی و مەسعود بارزانی شەرمەزار دەکات لە بەرامبەر ئەو هێرش و داگیرکارییانەی لە سایەی ئەو بنەماڵەیەوە بەسەر خاکی کوردستاندا دێت.

 

لەیلا عەلی دەڵێت سەرۆکی پەدەکە چ سەرۆکێکە کە هیچ لە واتای سەرۆک تێنەگەیشتووە، ساڵی ٢٠١٤ پەدەکە ڕێگەی خۆشکرد بۆ هاتنە ناوەوەی داعش و دواتر لە ڕێگای گەریلاکانەوە شەنگال ڕزگار کرا، بەڵام ئێستا پەکەکە بە دوژمن دەناسێنێت لە بەرژەوەندی خۆی بۆ دەوڵەتی تورکیا، "گەریلاکانی پەکەکە ڕۆژانە گیانی خۆیان فیدا دەکەن بۆ خاکی کوردستان و پاراستنی لە دەستی داگیرکەران بەڵام پەدەکە بە هاوبەشی لەگەڵ تورکیا گەریلاکانی پەکەکە بە دوژمنی کوردتان ناودەبەن".

 

"هاوڵاتیانی بادینان لە ژێر کاریگەری دەسەڵاتی پەدەکە ترسێندراون"

لەیلا عەلی باسی لە دۆخی هاوڵاتیانی بادینان کرد و وتی: هاوڵاتیانی بادینان ئەگەر دەنگیان هەبێت و دژی سیستم و دەسەڵات بووەستنەوە لە زیندانەکاندا خۆیان دەبیننەوە، چونکە لە ناوچەکانی بادینان شتێک نییە بە ناوی ئازادی و ڕادەربڕین، خەڵکیان ترساندووە و ڕێگەیان لێدەگرن لە دەربڕینی بیروبۆچوونی ئازادییان، جەختیشیکردەوە وەک دایکێک شەرمەزارە لە بری مەسعود بارزانی، چونکە ئەو سەرۆکی پارتە خۆی بە بەرپرسیاری کورد و نەتەوەی کورد نابینێت بۆیە بێدەنگ و هەڵوێستە.

 

"هەبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان سەربەرزییە بۆ ئێمە"

لە کۆتایدا لەیلا عەلی هەبوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان بە سەربەرزی ناوبرد و ئاماژەی بەوەکرد لە پای تێکۆشان و هەوڵی عەبدوڵا ئۆجەلانەوە ژن توانیویەتی ئەو کەمە ئازادییە بەدەست بهێنێت و بتوانێن داکۆکی لە خاک و نەتەوەی خۆی بکات.