بەڕێوەبەری کامپی هۆل: هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا مەترسی دروست دەکەن

جیهان حەنان، بەڕێوەبەری کامپی هۆلی کانتۆنی جزیرە، باسی لە قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی کرد و ئاماژەی بەوەدا، کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکە مەترسی گەورەی لێدەکەوێتەوە.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

حەسەکە- کامپی هۆل یەکێکە لە مەترسیدارترین کامپەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە ٤٣ هەزار و ٤٧٧ کەس، واتە ١٢ هەزار و ١٠١ خێزان لە ٤٥ وڵاتەوە لەخۆدەگرێت، تەنها لە بەشی پەنابەران ٦ هەزار و ٦١٢ کەس هەن و ژنانی وڵاتانی دەرەوەن، دوای ڕزگارکردنی باغۆز، خێزانەکانی داعش گواسترانەوە بۆ کامپی هۆل، بەڵام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ مەترسی کامپەکە زیاتر دەبوو، بۆیە هێزەکانی سووریای دیموکراتیک-قەسەدە و خۆبەڕێوەبەری و یەکینەکانی پاراستنی ژنان "یەپەژە" و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە ٢٧ی ئاداری ٢٠٢١دا قۆناغی یەکەم و لە ٢٥ی ئابی ٢٠٢٢دا قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنییان بەڕێوەبرد، دوێنێش قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنەکە دەستی پێکرد.

 

جیهان حەنان، بەڕێوەبەری کامپی هۆل، گرنگی ئۆپەراسیۆنەکە و جموجۆڵی خێزانەکانی داعش لەگەڵ هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا خستەڕوو و وتی: ئەوەی لە کامپی هۆلدا زاڵە، توندڕەویی ئەقڵیەتی داعشە و زۆرترین ململانێیان تێدا سەرهەڵدەدات، بەشی پێنجەمی کامپەکە ئەو خێزانانەن خەڵکی سوریان، هەروەها بەشی پەنابەرانین ئەو دوو بەشەن کە زۆر توندڕەون و ئاژاوە دروست دەکەن، بەهۆی ئەو ئاژاوەگێڕییەی بەشی پەنابەرانەوە هەموو چالاکییەکانی دامەزراوە و ڕێکخراوە مرۆییەکان لە دەرەوەی کامپەکە بەڕێوەدەچن، جگە لەو دوو ناوەندە پەروەردەییەی لە ناوەوەیە، کە چەندین جار سووتێنراون، داعشەکان هەوڵدەدەن هەموو کامپەکە لە دۆخێکی نائاساییدا بهێڵنەوە و ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە، ٥ ساڵە و تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخی خێزانەکانی داعشدا پێکنەهاتووە، ئەم خێزانانە لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا مەترسیدارتر دەبن.

 

مەترسی لە کامپی هۆل

 

جیهان حەنان پێویستی ئۆپەراسیۆنە مرۆیی و ئەمنییەکانی هەڵسەنگاند: "دوای قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی مرۆیی و ئەمنی، تا ٥ مانگ لە ساڵی ٢٠٢٣وە ئارامییەکی کاتی هەبوو، بەڵام دواتر شانەکانی چەتەکان دەستیان بە جووڵە کردەوە و دەستیان کرد بە بریندارکردنی خەڵک و ڕفاندن و لە دوو مانگی ڕابردووشدا چەک و تەقەمەنییەکی زۆر لەناو کامپەکەدا دۆزرایەوە و سەرکردەیەکی داعش و هاوسەرەکەی کوژران، کامپی هۆل لە ڕووی ڕووبەرەوە گەورەیە و ژمارەی ئەو کەسانەی لەوێ دەمێننەوە بەرزە، نزیکەی هەزار کەس و ٥٠٠ ئۆتۆمبێلی کۆمپانیا و دامەزراوە و ڕێکخراوە مرۆییەکان کە لە بواری خزمەتگوزاریدا کاردەکەن، هاتووچۆی کامپەکە دەکەن، ئەگەر لەم جۆرە ئۆپەراسیۆنانە بەڕێوە نەبرێن، پێدەچێت کامپەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵ دەربچێت و وەک بۆمبێک دەتەقێتەوە، چونکە زانیارییەکی وەها هەبوو کە چەتەکانی داعش جارێکی تر کۆبوونەتەوە و پلان و هێرشی نوێیان تاقیدەکردەوە، چونکە لە کاتژمێرەکانی ئێوارەدا بە چەکدار و دەمامکەوە هێرشیان کردە سەر کرێکارانی دامودەزگاکان و ڕێکخراوە مرۆییەکان".

 

"بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا هەڕەشەی هێرشکردنیان کرد"

جیهان حەنان هۆکاری بوونی ڕووداوی کوشتنی لەناو کامپەکە خستەڕوو و وتی: ئێمە گومانمان لەم بابەتە هەیە و چەندین شیکاریمان لەو بارەیەوە کردووە، یان نایانەوێت ڕووداوی کوشتن دروست بکەن بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنی ئەمنی ڕوونەدات، یان چاوەڕێی زانیاری دەرەکی بوون وەک دەوڵەتی تورکیا بۆ دروستکردنی هێرشێکی گەورەتر لەناو کامپەکەدا، لەوانەیە بۆچوونەکە ئەوە بێت کە دەوڵەتی تورک لە دەرەوە و لە ناوەوە هێرشێکی ئەنجامدابا و هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کاریگەری لەسەر کامپی هۆلیش لە ڕووی ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە هەبووە، هەروەها بەشی پەنابەران بۆ ماوەی دوو ڕۆژ پێش هێرشەکان و بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ دوای هێرشەکان هەموو ڕۆژێک یاخی دەبوون و هەڕەشەی هێرشیان دەکرد، بۆیە هەماهەنگی لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و کەمپی هۆل و بەتایبەتی بەشی پەنابەران هەبووە و ئێستاش هەیە.

 

جیهان حەنان باسی لەوەکرد، کە ژمارەیەک تورک لەناو کامپەکەدا هەن و وتی: بەهەمان شێوە خێزانی تورک لە کامپەکەدا هەن، بەڵام بەهۆی توندڕەوییان و ئەو توندوتیژییەی کە ئەنجامی دەدەن، ڕێگەمان پێنادەن، پەیوەندییان پێوە ببەستین و گفتوگۆ بکەین و بزانین خواستەکانیان چییە، بەگشتی ناتوانین شیکارییەکی لەو شێوەیە بکەین کە خێزانەکانی کام وڵات لەوانی تر توندڕەوترن، چونکە بیرکردنەوەکە وەک یەکە و هەموویان توندڕەوەکان.

 

"ئێمە ڕێوشوێنی خۆپارێزی لە تەقینەوەی بۆمب دەگرینەبەر"

جیهان حەنان لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: پێویستە گۆڕانکاری لە دۆسیەکانی هۆلدا هەبێت، نابێت بەو دۆخەی ئێستای بمێنێتەوە و دەبێت هەنگاوێک بۆ چارەسەرکردنی بگیرێتەبەر، ئەگەر بەو شێوەیەش بمێنێتەوە، مەترسی زیاتر بۆ ناوچەکەمان و جیهان بە گشتی دروست دەکات، تا ئێستا هەوڵدەدەین ڕێگری لە تەقینەوەی بۆمبی کاتیی بکەین و ڕێوشوێنی بۆ دەگرینەبەر، بەڵام ڕوون نییە تا کەی ئەم ڕێوشوێنانە دەگیرێنەبەر.