چالاکوانێک: ناکۆکییەکانی عێراق لەناو حزبەکان دایە و لەپێناو کورسی و بەرژەوەندییە

سوهەیلا ئەعسەم، چالاکوانێکی عێراقییە و ئاماژەی بەوەدا کە ناکۆکییەکانی عێراق لەنێوان گەلدا نییە، تەنها حزبە سیاسییەکانن بۆ بەرژوەندی و کورسییەکانیان لە ململانێدان.

تەوار پێنجوێنی

 

بەغدا- پێکدادان و ململانێی سیاسی نێوان حزبەکانی عێراق سەریکێشاوە بۆ پشتگوێخستنی گەل و نەبوونی خزمەتگوزاری و خراپی کەرتی پەروەردە، تەندروستی و ئابووری و لایەنەکانی دیکەی ژیان.

 

لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢١دا تا ئێستا پەرلەمانی عێراق جێگیر نەبووە و کشانەوەی ڕەوتی سەدریش ئاڵۆزییەکانی قوڵتر کردووەتەوە، پۆستی سەرۆکی کۆماری عێراق یەکلا نەبووەتەوە و سەرەڕای بوونی چەندین کاندید بەڵام ململانێکان لەسەری بەردەوامە.

 

نوێژی ملیۆنی لە بەغدا بە فەرمانی موقتەدا سەدر، ڕابەری ڕەوتی سەدری شیعی و لێدوانەکانی بۆ نوێژی یەکگرتوو و باشترکردنی دەسەڵات و دوورخستنەوەی وڵاتانی نەیار و چەندان پەیامی دیکە، خۆپیشاندانی لایەنگرانی عەمار حەکیم و موقتەدا سەدر و دەستگرتن بەسەر پەرلەمانی عێراقدا لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە، ڕۆژەڤەکانی عێراقن.

 

سوهەیلا ئەعسەم، چالاکوان و ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی عێراق، لەبارەی دۆخی عێراق بۆ نوژنها دوا و وتی: بە ڕاشکاوییەوە ئێمە لە عێراق لە ناکۆکی و ململانێکاندا دەژین، ناکۆکییەکان لە نێوان گەل نییە، بەڵکو لە نێوان لایەنە سیاسییە ڕکابەرەکاندایە، لایەنە سیاسییەکان کار بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەن، چونکە دوورکەوتونەتەوە لە بەرژەوەندییەکانی گەل و وڵاتەکەیان، بەتەنیا نیگەرانی کورسییەکانی خۆیان و بەدەستهێنانی پۆستە سیاسیەکانیانن.

 

ئەو چالاکوانە باسی لە دەرئەنجامی ململانێی حزبە سیاسییەکان لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا کرد و وتی: ئەنجامی ئەم دۆخە بووەتە هۆی دروستبوونی پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنیەکان، یاخیبووەکان، خۆپیشاندەران و چالاکوانەکاندا، ئەوان بانگەشەی مافی دادپەروەرییەتی دەکەن و دەڵێن مەدەنییە، بەڵام لەڕاستیدا بەو جۆرە نییە و ناکۆکی و ململانێیە، نیگەرانی گەل تەنها بۆ ئەوەیە ژیانێکی ئارام و جێگیریان هەبێت، پارێزگاری لە خۆیان بکەن و لایەنی خوێندن، تەندروستی و خزمەتگوزارییەکان باشتر ببێت، ئەمە داواکاری خەڵکەکەیە نە زیاتر نە کەمتر.

 

لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەشدا کە لایەنە سیاسییە ڕکابەرەکان هیچ شتێکیان بە خەڵک نەبەخشیووە، بۆیە لە ئەنجامیشدا پێکدادان و خۆپیشاندانی چالاکوان و خەڵکی لێدەکەوێتەوە.