"دەبێت ژنانی سووریا بەرخۆدان بکەن"
پەیمان عەلوش، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار ڕایگەیاند، پێویستە هەموو ژنانی سووریا شۆڕشی ژنان وەک نموونە ببینن و لەم پرۆسەیەدا بەرخۆدان بکەن، بۆ ئەوەی مافەکانیان لەناو کۆمەڵگەدا بەدەستبهێنن.
نورشان عەبدی
کۆبانێ- شۆڕشی ١٩ی تەمووز کە لە ساڵی ٢٠١٢ لە شاری کۆبانێ دەستیپێکرد، خەڵکی ناوچەکە و بەتایبەت ژنانی بەرەو پرۆسەیەکی نوێ برد، بەمەبەستی هەنگاونان بەرەو ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک و یەکسان، لەماوەی ١٣ ساڵی دوای شەڕ و پێکدادانەکانی سووریا، ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نیشانیان داوە کە دەتوانن شۆڕش و کۆمەڵگە بەڕێوەببەن، هەروەها لە سایەی ژناندا دەستکەوتی زۆر بەدەست هات، ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نموونەیەک بوون بۆ هەموو جیهان، دەوڵەتی تورکیا دەستکەوتەکانی ژنان وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر سیاسەتە جینۆسایدییەکانی دژ بە ژنان دەبینێت و بەردەوام هێرش دەکاتە سەر خەڵکی ناوچەکە و ژنان و پڕۆژەی دیموکراتیک.
پەیمان عەلوش، ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە کانتۆنی فورات باسی لە ڕووداوە نوێیەکان کە لە گۆڕەپانی سیاسی سووریا ڕوودەدەن و هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرد.
بەبیری هێنایەوە کە لە ساڵی ٢٠١١ لە هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، لەگەڵ دەستپێکردنی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان، پشکی ڕاپەڕینی جەماوەری لە سووریاش دەستی پێکرد و وتی: خەڵک لە زۆرێک لە شارەکان هاتنە دەرەوە و لە دژی دەسەڵاتدار سەرهەڵدانیان کرد، بەڵام بە دەستێوەردانی هێزە دەرەکییەکان ئەم شۆڕشە گۆڕا بۆ قەیرانێکی هەمیشەیی، لە ئەنجامدا کاریگەری لەسەر گەلی سووریا بە گشتی هەبوو.
"ئەمڕۆ گەل بە دەنگی بەرز بانگەواز بکات"
پەیمان ئاماژەی بەوەکرد ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لەسەر دەستی گەل ڕوویداوە، چونکە هەمیشە لە ناوەڕاستی بەرخۆدان و خەباتدا بوون، ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە کە گەل دەتوانێت بۆچوونی خۆی هاوبەش بکات و بە دەنگی بەرز بانگەواز بکات و بڵێت نەخێر بۆ ستەم و گۆشەگیری، ئاساییە کەسانێک کە چەندین ساڵە لە ژێر ستەمکاری و حوکمڕانیدا ژیاون، کاریگەرببن، هەر بۆیە دەبینین ئەو هاووڵاتیانەی لە ساڵی ٢٠١١ داوای ئازادییان دەکرد، بە دەستوەردانی دەرەکی خۆیان لە شۆڕش دوور خستەوە. بۆیە لە ئێستاوە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هێرش هەیە و بە ناوی جیاوازەوە هەموو گروپ و ئایین و مەزهەب و بیروباوەڕ و زمان لە ناوخۆی سووریا قبوڵ ناکرێت.
"لە سەرەتای شۆڕشەوە تا ئێستا دەوڵەتی تورکیا پشتیوانی چەتەکان دەکات"
پەیمان عەلوش تیشکی خستە سەر ئەوەی کە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی چەتەکانی تەحریری شام، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی دەستیان بە هێرش بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کردووە وتی: شارەکانی شەهبا و مەنبج داگیرکران، پێشتر هێرشیان کردۆتە سەر بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ و شاری کۆبانێ، کە هێمای بەرخۆدانە، ئامانجی تێکشکاندنی گەلی کورد و پڕۆژەی نەتەوەی دێموکراتیکە، لە سەرەتای شۆڕشەوە تا ئێستا دەوڵەتی تورک پشتیوانی لە چەتەکان دەکات و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ئەوانەوە ناوچەکە داگیر بکات.
"ئامانج شکستپێهێنانی شۆڕشی ژنان و پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکە"
پەیمان عەلوش ڕایگەیاند، دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانی دیمۆگرافیای شارە داگیرکراوەکانیان گۆڕیوە و هاوڵاتیان ڕفێندراون، ئەشکەنجە دراون، کوژراون و دەستدرێژییان کراوەتە سەر، ئەم شتانە بە تایبەتی لە دژی ژنان و منداڵان ڕوویانداوە، ئامانجی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە هێرشەکانی سەر ناوچەکانمان شکستپێهێنانی شۆڕشی ژنان و پڕۆژەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکە، کە هەموو گەلانی سووریای لە باوەش گرتووە.
"ئەوان ناتوانن شۆڕشی ژنان تێکبشکێنن"
پەیمان ئێلوش باسی لەوەشکرد، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا شۆڕشی ژنان دەکاتە ئامانج، چونکە ژیانێکی هاوبەشی بنیات ناوە و هێڵی ئازادی بۆ هەموو ژنان هێناوە و وتی: دەوڵەتی تورکیا ئەو ژنانەی هەوڵی ڕزگارکردنی کۆمەڵگەیان لە پیاوسالاری داوە، وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر خۆی دەبینێت. بەهۆی ئەوەوە لەم دواییانەدا ئەندامانی کۆمەڵەی ژنانی زەنوبیا بوونەتە ئامانجی هێرشەکانیان، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانەش ناتوانن شۆڕشی ژنان تێکبشکێنن، چونکە ئێمە بەهێزتر دەبین.
بانگەوازی "لەپێناو مافەکانتان بەرخۆدان بکەن"
لە کۆتایی قسەکانیداموتیشی: ئەو سیستمەی ئێمە جێبەجێی دەکەین لە هیچ وڵاتێکدا جێبەجێ نەکراوە، لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ژنان پێشەنگایەتی کۆمەڵگە دەکەن و بۆچوونی خۆیان دەردەبڕن، بەبێ ڕەنگ و دەنگی ژنان هیچ مانایەکی دیموکراسی و ئازادی لە جێبەجێکردنی حکومەتەکاندا نامێنێت، هەر بۆیە پێویستە هەموو ژنانی سووریا بەرخۆدانی ژنان لە شۆڕشی ڕۆژئاوا وەک نموونەیەک ببینن بۆ ئەوەی مافەکانیان لە کۆمەڵگەدا بەدەست بهێنن و لە پێناو خۆیاندا بوەستنەوە.