داعش، بۆمبێکی هەمیشە ئامادە لە دەستی زلهێزەکاندا
داعش بەردەوام خۆی ڕێکدەخاتەوە، لە بەرامبەردا وڵاتانی هاوپەیمانی هیچ کارێک بۆ پێکهێنانی دادگایەکی نێودەوڵەتی ناکەن، داعش بووەتە مەترسییەک کە لە هەر کاتێکدا ئەگەری دووبارە هێرشی هەیە، ژنانیش لە چەندین لاوە زیانیان بەرکەوتووە.
تەرزە تەها
سلێمانی- داعش، گروپێکی تیرۆریستی توندڕەوە، سەرەتای سەرهەڵدانی دەگەڕێتەوە بۆ ٢٠٠٤، ئەمەش دوای دامەزراندنی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە لە عێراق، کە هێرشی تیرۆرستی بۆ سەر ناوچە شیعە نشینەکان ئەنجام دەدا.
لە دوای ساڵی ٢٠١١بەهاری عەرەبی لە سوریا، ئەندامانی گروپەکە دەستیان بە ئەنجامدانی چالاکی کرد، لە نیسانی ٢٠١٣دا دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام "داعش" لەلایەن ئەبوبەکر بەغدادی ڕاگەیەندرا، لە کانونی یەکەمی ٢٠١٤ ڕەقەی وەک پایتەختی دەوڵەتەکە ڕاگەیاند.
لە ماوەی پێنج ساڵدا داعش، دەستی بەسەر یەک لەسەر سێی خاکی عێراق و سوریادا گرت، کە ڕووبەری خاکەکەی هێندەی وڵاتی بەڕیتانیا دەبوو، زیاتر لە ١٠ ملیۆن هاوڵاتی تێیدا دەژیا، زیاتر لە ٤١ هەزار چەکداری لە ٨٠ وڵاتی جیهانەوە بۆ هاتبوو، لەو ژمارەیەش هەزار و ٩٠٠ كەس لە فەرەنسا، ٩٦٠ كەس لە ئەڵمانیا، ٨٥٠ كەسی تریان لە بەریتانیاوە ئەندامی داعش بوون، لە ٢٠١٤ موسڵ و تکریتی لە عێراق کۆنتڕۆڵ کرد، دواتریش هێرشی کردە سەر شەنگال و زومار.
داعش، دابڕین لە مرۆڤایەتی و سۆز
داعش، وێڕای ئەوەی بە ناوی دەوڵەتی ئیسلامییەوە داگیرکاری و کوشتارگەیەکی دروستکردبوو، هاوکات لەسەر ئاستی تاک و کۆمەڵگاش چەندین تاوانی ئەنجامداوە، یەکێک لە قێزەوترین تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامداوە، سۆز، میهرەبانی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان هیچ نرخێکیان نەبووە، لەوانەش سەربڕینی مرۆڤ، کوشتنی دایک و ئەندامانی خێزان.
یەکێک لە داهێنانەکانی داعش "پۆلیسی ئەخلاق" بووە، ئەو پۆلیسانە هەر کەس جگەرە یاخود نێرگەلەی بکێشایە، ژنێک بێ پەچە لە ماڵ دەربچوایە، پیاوێک پانتۆڵی لەپێبکردایە ئەوا توندترین سزای هەبووە.
ژنان و منداڵان لەژێر دەستی داعشدا
سزاکان تۆقێنەربوون، بۆ ژنان خراپتر، لەوانە پێکەنینی ژن قەدەغەبووە، بێ پەچە چوونەدەرەوە، لە کاتی منداڵبوون چوونە نەخۆشخانە و بەکارهێنانی دەرمانی ئازارشکێن قەدەغەبووە، ژنان فرۆشراون، کراونەتە کۆیلە، ئەرکیان تەنها بوونی منداڵ و پڕکردنەوەی حەزی سێکسی چەکدارەکان بووە، ژنانی ئێزدی توندرترین و سەختترین ئەو تاوانانەیان بەسەرداهاتووە.
داعش منداڵانیان وەک، سیخوڕ، چێشتلێنەر، بۆمب دانەر، خۆکوژ و جەنگاوەر بەکارهێناوە، هەر لەسەرەتاوە منداڵەکانی کە گرتوویانن بە بیرۆکەی چەکداری و کوشتن پەروەردەیان کردوون، بۆ نمونە منداڵە ئێزیدییەکان کە دەستگیریان کردوون، بە زۆر کردویاننەتە چەکدار، چەندین ڕاهێنانی وەک بازدان، بەکارهێنانی چەک سنگەخشکێیان لە کامپی تەلعفەر پێکراوە.
پەیوەندییەکانی داعش لەگەڵ تورکیا
داعش بەردەوام پەیوەندی لەگە چەند وڵاتیکدا هەبووە، لە دیارترینیشیان تورکیا، کە ئەو وڵاتە نەوتی دزراوی داعشی دەکڕی، لە بەرامبەردا تورکیا نکۆڵی لەوەدەکرد.
بەڵام لە ٢٠١٨ بە تەواوی پەردە لەسەر ئەو پەیوەندییە داماڵرا، بەشێک لە ئەمیرەکانی داعش پەیوەندییەکانیانی لەگەڵ تورکیا بڵاوکردەوە، هاوکات لە ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتوندا، داعش لە عەفرین بێ تەقە ناوچەکانی جەرابلوس و ئلبابی بۆ سوپای تورکیا بەجیهێشت، داهاتی داعش بە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرا، لەگەڵ بوونی سەدان کیلۆ زێڕ، کە بەردەوام لەلایەن کۆمەڵێک بازرگانەوە کاری بازرگانی پێدەکرا.
ڕوخانی داعش
دواتر هێزەکانی پاراستنی گەل، یەپەگە لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، یەبەشە لە شەنگال، پێشمەرگە لە زەمینەوە و وڵاتانی هاوپەیمانی دژی داعش، هێرشە ئاسمانییەکانیان بە ناوی "ئۆپەراسیۆنی چارەسەریی ڕیشەیی" ڕاگەیاند، کە لە عێراقدا زیاتر جەختی لەسەر ڕاهێنان و مەشقی سەربازی دەکرد، لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریاش هێرشی ئاسمانی ئەنجام دەدا.
لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٧، حەیدەر حەبادی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی پێشتری عێراق، تێکشکاندنی داعشی لە عێراق ڕاگەیاند، هەروەها لە مانگی ئاداری ٢٠١٩ هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕوخانی داعشیان ڕاگەیاند.
تورکیا هەوڵیدا داعش بۆ لەناوبردنی کورد و ڕژێمی سوریا بەکاربهێنێت، لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە داعش لەناوبرا و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر دەستی شەڕڤانان لە داعش پاککرایەوە، سەرەڕای کۆتایی داعش، تاکو ئێستا ٩٠٠ سەربازی ئەمریکی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریان، دوو ئەرکی سەرەکیشیان پشتیوانیکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات و بیرە نەوتییەکانە.
پاش داعش
هەرچەندە داعش تێکشکێندراوە، بەڵام تا ئێستا شانەی نوستووی هەیە، چالاکی ئەنجامدەدات، داعش دوای خۆی ٣٠٠ هەزار مینی چاندووە، کە هەندێک لە مینەکان تەنها بە تێپەڕین بە لایاندا دەتەقێتەوە.
لە عێراقدا بۆشایی ئەمنی بە تایبەت لە ناوچەکانی کەرکوک، دیالە و ناوچە کێشە لەسەرەکان بووەتە شوێنێکی گونجاو بۆ خۆحەشاردنی داعش، چونکە ئەو هێڵی دابەشبوونە نه حكومهتی عێراق پڕیدهكاتهوه، نه دههێڵێت هێزی پێشمهرگهش پڕیبكاتهوه، بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان تا ئێستا ١٤ بۆ ١٨ هەزار چەکداری داعش لە سوریا و عێراقدا ماوە، کە سێ هەزاریان کەسانی بیانین.
داستان جاسم، لێکۆڵەرێکی سیاسییە ئەوە ڕووندەکاتەوە، داعش گروپێکی تیرۆرستی کلاسیکە، پێویستیان بە زەوی و بارەگایەک نییە، بەربڵاون، مانەوەشیان بەهۆی ئەوەیە ئەو هێزانەی پاڵپشتیان دەکات هەر ماون، کە دەوڵەتی تورکیایە، ئێستا لە شەنگال، دێرەزور و ئیدلیب داعش جموجۆڵیان هەیە.
ئەو لێکۆڵەرە سیاسیە، هۆکاری ماوەنەی داعش بۆ بوونی ژینگەیەکی گونجاو بۆ بیری داعشی دەگەڕێنێتەوە، لەوانە بۆشای سیاسی، کۆمەڵایەتی، هەژاری، کێشەی ئابوری و ناهۆشیاری بەردەوامی چوونە ناو ئەو ڕێکخراوە تیرۆرستییە دەدات.
کامپی هۆڵ و زیندانی سەناعە، شانە نهێنییەکانی داعش
کامپی هۆڵ دەکەوێتە ٤٥ کیلۆمەتر ڕۆژئاوای حەسەکە، شوێنی ئەندامانی خێزانەکانی داعشە، نزیکی ٨٠ هەزار ژن و منداڵ لە کامپەکەدا دەژی، کە نزیکی ١٤ هەزاریان بە ڕەگەز خەڵکی وڵاتانی دیکەی جگە لە عێراق و سوریان.
زیاتر لە ٢٧ هەزار منداڵ لەو کامپەدا هەیە، منداڵانی ناو کامپی هۆڵ سەر بە ٦٠ وڵاتی جیهانن، تاکو ئێستا ڕوسیا، فەڕەنسا و کازاخستان بەشێک لەو منداڵانەیان بردووەتەوە، ئەڵمانیا و کەنەداش تەنها یەک منداڵیان بردووەتەوە.
کامپەکە بارگرانییەکی ئابوری و ئەمنی گەورەیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، چونکە لەم کامپەدا هێشتا بیری توندڕەوی هەیە، کە بووەتە شانەیەکی نهێنی بۆ خۆڕێکخستنەوە، منداڵەکان لەم کامپەدا بە بیری توندڕەوی داعش پەروەردەکرێن.
جگە لە کامپی هۆڵ، زیندانی سەناعە ناوچەی غوێرانی لە شاری حەسەکە هەیە، زیندانەکە نزیکی پێنج هەزار چەکداری دەستگیرکراوی داعشی تێدایە، لە شەوی ٢٠ی کانوونی دووەم چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر زیندانەکە، پاش شەش ڕۆژ توانرا لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکرات زیندانەکە کۆنتڕۆڵ بکرێتەوە، تێیدا ٣٧٤ چەتەی داعش کوژران، سەرجەم ئەوانەی دیکە دەستگیرکرانەوە.
سەرەڕای ئەوەی داعش هیچ پارچە زەوییەکیان بەدەستەوە نەماوە و ڕوخێنراوە، بەڵام ئەندامەکانی هەر هەن، هەمیشە ئەگەری زیندووبوونەوەیان هەیە، بۆ زیندوو مانەوەشیان داعش پشت بە هاوکارییەکانی تورکیا دەبەستێت.
ڕێگەچارە چییە؟
دوای ڕوخانی داعش خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان دروستبوو، ئەندامانی داعش لە زیندانێکدان لە حەسەکە، خێزانەکانیشیان لە کامپەکانی هۆڵ و ڕۆژن، بەڵام تائێستا ئەم تیرۆرستانە بە سزای خۆیان نەگەیشتوون، بەهۆی ئەوە کە خۆبەڕێوەبەریەکە دانیپێدانەنراوە لەسەر ئاستی جیهان ناتوانێت دادگاییان بکات.
دادگای لاهای دادگایەکی نێودەوڵەتی دژی تاوانەکانە بەرامبەر مرۆڤایەتی، بەڵام لەبەر ئەوەی عێراق و سوریا ئەندام نین لە دادگاکەدا، ناتوانن ڕاستەوخۆ داوای دادگایکردن بکەن، لەبەرامبەردا دەبێت لە ڕێی ئەنجومەنی ئاسایشی نێوەدەوڵەتییەوە دادگایکردنی داعش ئەنجام بدرێت.
خۆبەرێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان چەندین جار بە فەرمی داوای دادگایکردنی نێودەوڵەتی داعشی کردووە، کە دەبێت هێزەکانی سوریای دیموکرات و یەکینەکانی پاراستی گەل ڕۆڵی سەرەکیان هەبێت.
هێرۆ عەتار، پارێزەر و شارەزای یاسا نێوەدەوڵەتییەکان، جەخت لەوەدەکاتەوە، نابێت ئەم تاوانە گەورەییەی کە دژی مرۆڤایەتییە لە چوارچێوەیەکی بچوکدا دادگای بکرێن، "پێویستە ئەم بابەتە نێودەوڵەتی بکرێت، نابێت تەنها لە چوارچێوەیەکی بچوکدا بێت، چونکە ئەو کاتە تاوانەکە نابێتە بابەتێکی تیرۆرستی کە دژی مۆرڤایەتی بێت، بەڵکو دەکەوێتە چوارچێوەیەکەوە کە دژی کۆمەڵێک کەس ئەنجامدراوە"، بۆیە پێویستە دادگایەکی هاوپەیمانی لە عێراق، سوریا و وڵاتی هاوپەیمان پێکبهێندرێت، بە نێودەوڵەتی بناسێندرێت.
داستان قاسم، جگە لە دادگایکردنی داعشەکان، دانپێدانانی خۆبەرێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە یەکەم چارەسەر دەزانێت، "ئەوە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی ببنە هێزێکی سیاسی فەرمی، نەک تەنها هێزێکی سیاسی جێبەجێکار، کە وڵاتانی دیکە بتوانن بە فەرمی مامەڵەیان لەگەڵ بکەن، بە جۆرێک بتواندرێت لەنێوان پۆلیسی ئەوروپا و ڕۆژئاوای کوردستان بە هەماهەنگی کاربکرێت".
داستان قاسم هاوکارینەکردنی ڕۆژئاوای کوردستانیش گەڕاندەووە بۆ ئەوەی، کە فکرە سیاسی و سیاسەتەکانی ئەوروپا لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستان ناگونجێت، چونکە بەرژوەندی وڵاتەکانیان لە پێش مۆرڤایەتییەوەیە، "فەڕەنسا زۆر بە ڕوونی دژی تورکیان، دژی تورکیا کاریان کردووە، گروپی مەهەپەیان لە فەڕەنسا قەدەغەکرد، بەس هەندێک وڵاتیش هەیە وەک ئەڵمانیا، کە پەیوەندیان زۆر قوڵە لەگەڵ تورکیادا، هەرچەندە ئەوان دژی داعشن، بەڵام بەتەما نین وەک هێزە کوردییەکان بە شێوازێکی سیاسی و یەکەمی پشتگیری باشوری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستانیش بکەن".
ژنان و داعش
پەیوەندی نێوان و ژنان و داعش جیاوازە، ژنان دابەشبوون بەسەر چەند بەشێکدا، بەشی یەکەم ئەو ژنان کە بووتەنە شەڕڤان و سومبولی قارەمانێتی و بەرخۆدان دژی داعش، کە ژنانی کوردن، بەشێکی دیکەش ئەو ژنانەن کە بوونەتە قوربانی دەست تاوانە قێزەونەکانی داعش، کە ژنانی ئێزدین، لەبەرامبەریش بەشێک لە ژنان بوونەتە هەڵگری بیری داعش و نەوەی نوێی داعش پەروەردە دەکەن.
ڕۆشەن قاسم، ڕۆژنامەنووسێکی ڕۆژئاوای کوردستانە، ئاماژە بۆ ئەوەدەکات کە ژنانی داعش وەک پیاوانی داعش مەترسیدارن، چونکە ئەوان نەوەی داعش پەروەردە دەکەن، هەروەها ئەو ژنانە سزای ئەو ژنانە دەدەن کە توندڕەوی تەواویان نییە و هەڵگری فکری داعش نین لە کامپی هۆڵدا، "ئێمە دەبینین ئەوان ئێستا وایان لێهاتووە کە دەبن بە پارێزەری فکری داعش".
"لە بەرامبەردا ئەو ژنانە هەن ڕووبەڕووی داعش بوونەتەوە، کە ژنانی کورد بوون، ئەوان بوونە سومبولی ئەو شۆرشە و توانا و ئازایەتی ژنی کورد لە ئاستی جیهاندا دەنگی داوەتەوە، وە لەلایەکی دیکەوە ئەو ژنانە دەبینی کە بووتە قوربانی ئەو شەڕە ئەوانیش ژنانی ئێزدین".
داعش، نەک ئەگەری زیندوو مانەوەی هەیە، بەڵکو بەردەوام جموجۆڵیان هەیە، بەڵام کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە ئاستیدا بێدەنگە، ئەوان نە دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ دادگایکردنی داعش پێکدەهێنن، نە چەکدارەکانیش کە هاوڵاتی وڵاتانن دەیانبەنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان، بەمەش داعش وەک فشارێک بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بۆمبێکی ئامادەکراوە کە لە هەر کاتێکدا ئەگەری هەیە بیتەقێننەوە.
ت.پ