داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا هۆیەکە بۆ زیادبوونی توندوتیژی دژ بە ژنان

داگیرکاری یەکێکە لە هۆکارەکان بۆ دروستبوونی توندوتیژی دژی ژنان، چونکە کاریگەری لەسەر کایە جیاوازەکانی ژیان دروستدەکات، ڕێخۆشکەرە بۆ دروستبوونی توندوتیژی، لەو بارەیەوە شە‌هێن محەمەد، ئاماژەی بەوەدا لە جیهاندا سیستمێکی توندوتیژ جیهان بەڕێوەدەبات.

 

شنیاربایز

سلێمانی-  تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی ژنان ڕووبەڕووی گوشار، فشار، توندوتیژی و دەستگیرکردن و کوشتن دەبنەوە، داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیاش بە سیستمە فاشیزمییەکەی خۆیەوە لە کوردستاندا لە زیادبووندایە، کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر دۆخی ژنان، بەتایبەت لەسەر باشوری کوردستان دوو هێندە مەترسی هەیە و زیادبوونی توندوتیژی دژ بە ژنان لێکەوتەکانیەتی.

 

شەهێن محەمەد، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی هەرێمی سلێمانی لە تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان و چالاکوانی مافی ژنان تایبەت بۆ نوژنها دوا.

 

"داگیرکاری بەشێکە لە ڕەهەندەکانی توندوتیژی"

شەهێن محەمەد باسی لەوەکرد لە چوارچێوەی ئەقڵیەتی توندوتیژییەوە داگیرکاری سەرچاوە دەگرێت، چونکە توندوتیژی بنەمایەکی بەرفراوانی هەیە، داگیرکاریش لە چوارچێوەی ئەقڵیەتیکی فاشیزم و توندوتیژەوە سەرچاوە دەگرێت، "لە ئێستادا سیستمێکی توندوتیژی باڵادەست جیهان بەڕێوەدەبات کە باشوری کوردستان بێبەش نییە لەو سیستمە، کۆمەڵگا بە گشتی و ژنان بە تایبەت بەو فکرە ئاڕاستە دەکرێن ئەویش سیستمی ئەقڵیەتی پیاوسالارییە".

 

ئاماژەی بەوەشدا لە هەر جێگەیەک جوڵانەوە و فکری ئازادی هەبێت و هەوڵ بدرێت بە تێکۆشانی ئازاد فکری فاشیزم و داگیرکاری لەناو ببرێت لەو جێگەیە داگیرکاری سەرهەڵدەدات.

 

"گەلی کورد هەمیشە خاوەن هەڵوێست بووە دژی داگیرکاری"

بەهۆی ئەوەی گەلی کورد هەمیشە خاوەن هەڵوێست و تێکۆشانێکی مەزن بووە و دژی چەوسانەوەی ژن و کۆمەڵگا بووە، بەمەش بووەتە جێگای سەرنجی داگیرکەران، نەک تەنها دەوڵەتی تورکیا بەڵکو پلانی هەموو جیهانی دژی کوردستان بە گشتی و باشوری کوردستانە بە تایبەت.

 

شەهێن محەمەد هۆکاری ئەمە دەگەڕێنێتەوە بۆ دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان کە ڕێگە خۆشدەکەن لە ڕووی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کلتوریەوە داگیرکاری بکەن، ئەمەش کاریگەری سەرەکی هەیە بۆسەر ژنان و زیادبوونی توندوتیژی.

 

"ژنان چینێکی چەوساوەی ناو سیستمی فاشیزم و داگیرکارین"

شەهێن وتی: توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بووەتە دیاردەیەکی فراوان کە ڕۆژانە بە چەندین شێوازی جۆراوجۆر توندوتیژی دەبیسترێت، هەواڵی کوشتن و دەستدرێژی بۆسەر ژنان زیادیکردوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ژنان هەوڵ دەدەن ئازادانە بە ڕووی کۆمەڵگا و سیستمی پیاوسالاری بووەستنەوە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ بوونی ژمارەیەکی زۆر لە ڕێکخراوەکانی ژنان بەڵام کەموکورتی بەدی دەکرێت لە ڕێکخستنی چالاکییەکانی ژنان، هەورەها گرنگی بە پڕۆژەی چارەسەری نەدراوە کە ژنان لەڕووی سیاسیی و کۆمەڵایەتی، کلتوری ببنە وەڵام و چارەسەرکردنی ئەم سیستمە.

 

"٢٥ تشرینی دووەم، تێکۆشانێکە بەرامبەر سیستمێکی داگیرکاری"

ئەو چالاکوانە باسی لەوەشکرد، کۆمەڵگا بە گشتی و ژنان بە تایبەت پێویستە مێژووی ٢٥ی تشرینی دووەم بە باشی بزانن و تێبگەن لەوەی ئەو ڕۆژە لە دەرەنجامی هەبوونی داگیرکاریەوە سەریهەڵداوە و ژنان تێکۆشانیان کردووە و بە ڕووی داگیرکاری و توندوتیژی وەستاونەتەوە، چونکە فکری داگیرکاری و پیاوسالاری هۆیەکە بۆ دروستبوونی توندوتیژی.

 

باسی لەوەشکرد، "توندوتیژی هاوشێوەیە چ لەلایەن باوک و کەسی ناو خێزانەوە بکرێت یاخود پەلبهاوێت بۆ داگیرکاری، داگیرکارانیش بە چەندین شێواز و لە ڕێگای پەروەردە، میدیا و سیاسەتەوە توندوتیژی جەستەیی، دەروونی ئەنجام دەدەن دواجار هەوڵی داگیرکاریکردن دەدەن، لەموە بۆمان ڕووندەبێتەوە داگیرکاری بەس بە چەک ناکرێت بەڵکو لە ڕێی فکرو کلتورەوە دەوڵەتی تورکیا داگیرکاری ئەنجام دەدات".

 

جەختیشیکردەوە کە خراپبوونی باری ئابوریش ڕەهەندێکی دیکەیە بۆ دروستبوونی توندوتیژی ناو خێزان، لە کاتێکدا داگیرکاری هەبێت کار دەکاتە سەر هەموو کایەکانی ژیان لایەنی ئابووریش بەشێکە لە ژیان بۆیە دواجار دەبێتەوە هۆی زیادبوونی توندوتیژی.

 

"ژنان لە باشووری کوردستان سەربەخۆ نین"

وەک چالاکوانێکی ژن، شەهێن محەمەد وتی "ژنان لە باشوری کوردستان سەربەخۆ نین و بوونەتە دوو بەشەوە، لەلایەک هەندێک ژن لە ماڵەکانی خۆیاندا خۆیان قەتیس کردووە و خۆیان بەرپرسیار نابینن لە ئاست هیچ شتێکدا یاخود دەخوێنن و دەچنە دەرەوە هەروەها تێکەڵی کۆمەڵگاش دەبن بەڵام گوێ بەو ڕووداوانە نادەن کە ڕوودەدن لە باشوری کوردستان".

 

ئاماژەی بەوەشدا چەندین ژن هەن لە ڕێکخراوەکانی چالاکی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کە سەربەخۆ نین، بەڵکو لەلایەن هێزێکی سیاسی سەرپەرشتی دەکرێن و هێز و توانایان سنوردار دەکرێت بۆ ئەوەی تەنها کاری ڕۆژانە جێبەجێبکات و ئەرکێکی جیاواز ئەنجام نەدات.

 

بۆیە وەک چارەسەری ڕایگەیاند: پێویستە ژنان بە دروستی بیربکەنەوە و واز بێنن لەوەی هەوڵی کام لایەنە چارەسەری کێشەی ژنان دەکات، چونکە هەموو هێزە سیاسییەکان بە ئۆپۆزسیۆنەوە ناتوانن ببنە وەڵامدەرەوەیەک لە بەرامبەر کێشەکانی باشووری کوردستان و لە نێویاندا پرسی ژنان، پێویستە ژنان بێ جیاوازی یەک دەنگ و هەڵوێست بن، هەوڵی دەرخستنی پڕۆژەیەکی هاوبەش بدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ژنان و ڕۆڵیان لە پێشەنگایەتی کۆمەڵگەدا.

 

لە کۆتایدا وتیشی "باوەڕمان هەیە ژنان ئەگەر ڕێکخستنێکیان هەبێت دەتوانن ڕۆڵێکی سەرەکی ببینن لە چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە پرسی ژنان و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا".  

 

ت.پ