چرۆ شوانی: ژنان لە سەرەتای جەنگەوە تا کۆتای زیان بەرکەوتووی جەنگ و داگیرکارییەکانن

چرۆ شوانی، ئەندامی تەڤگەری ئازادی ئاماژەی بەوەدا، هاتنی دەوڵەتی تورکیا بۆ خاکی هەرێمی کوردستان لێدان لە هێزە سەربازییەکان نییە، بەڵکو ئامانجی لاوازکردنی لایەنی ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراقیشە.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- ئۆپەڕاسیۆنەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە ١٥ی حوزەیرانی ئەمساڵەوە بە هێرشکردنە سەر باشووری کوردستان دەستی پێ کردووە، لەشکرکێشی لە چیاکانەوە دەستی پێکرد و پاشان بەرەو گوند و شارۆچکەکان پەرەی سەندووە، داگیرکارییەکان لە دوای سەردانیکردنی تورکیا بۆ عێراق و ڕێکەوتنی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ تورکیادا چڕتر بووەوە، بەڕای چاودێران ئامانج و داگیرکارییەکانی تورکیا گەڕانەوەی ناوچەکانی سەردەمی عوسمانییە، نەک هەبوونی هێزێکی سیاسیی سەربازی لە ناوچەکەدا.

 

"عێراق پاش ڕێگەدانی بە هاتنە ناوەوەی درک بە زیانەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکات "

چرۆ شوانی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵی کوردستان، باس لەوەدەکات، داگیرکارییەکان لە دوای سەردانکردنی تورکیا بۆ عێراق و ڕێکەوتنی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ تورکیادا سەریهەڵداوە، دەڵێت: عێراق پاش ڕێگەدانی بە هاتنە ناوەوەی تورکیا درک بە زیانەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکات، دەوڵەتی تورکیا بۆ دژایەتی کردنی هێزێکی سەربازی نەهاتووە، ئامانجی لێدانە لە ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە ئێستادا لە ڕێگەی بەیان نامە و ئاگادار کردنەکانەوە زیانەکانی دەوڵەتی تورکیا هاوڵاتیان ئاگادار دەکەنەوە، بەڵام دەوڵەتی داگیرکەر بچێتە هەر خاکێکەوە بە ئاسانی لەو خاکە جودا ناکرێتەوە.

 

چرۆ شوانی وتیشی: سەرەتای هاتنی دەوڵەتی داگیرکەر بێ هەڵوێستی زۆر بەدی دەکرا، لەدوای هۆشیاربوونەوەی کۆمەڵگە بەشێکی زۆر لە چالاکوانان و سیاسەتمەدار و هاوڵاتیانی سەر شەقام دژایەتی ئەو داگیرکاریە دەکەن بۆسەر خاکەکەیان، بەڵام پێویستە هەڵوێستەکان زیاتر چڕ بکرێتەوە دژی ئەو پێشڕەویەیی لەلایەن سیاسەتمەداران لە باشووری کوردستان ئەنجام دەدرێت.

 

"منداڵ و ژنان زیان بەرکەوتووی جەنگن"

چرۆ شوانی، لە درێژەی قسەکاندا جەختی لەوەکردەوە، "لە سووریادا کۆمەڵێک لایەن لەژێر ئەمریی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیادا کاریان دەکرد، بەڵام کاتێک تورکیا ڕێکەوتنەکانی لەگەڵ هەڵوەشاندنەوە منداڵەکانیان بەر ئەشکەنجەی تورکەکان گیانیان دەدا، ئەوە ئەنجامی دەسەڵاتی تورکیایە لە دەرەوەی وڵاتەکەی خۆی، هەرکات تورکیا ئیشی بە وڵاتێک نەما یەکەم وڵات دەبێت بەر لێشاوی زەبر و داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا دەبێتەوە، مەترسییەکان بەردەوام ڕوو لە زیادبونە هەرێمی کوردستان و هاوڵاتیانی باجی ئەو داگیرکاریانە دەبنەوە.

 

لە کۆتاییدا وتی: ژنان یەکەم زیان بەرکەوتووی جەنگن، پێویستە ژنان یەک دەنگ و یەک هەڵوێستبن بۆ بەرگری کردن لە خۆیان، ژنانی باشوور دەتوانن هاوشێوەی ژنانی ڕۆژئاوا بەرخۆدان ئەنجام بدەین، ژنانی ڕۆژئاوا نمونەی ژنانی کوردن و ژنانی دیکە پێویستە بۆپ کار و خەباتیان هاوشێوەی ژنانی ڕۆژئاوا خۆیان بەڕێکخستن بکەن.