چالاکوانێکی مەغریبی لە دژی توندوتیژی و جیاکاری داوای هاوپشتی ژنان دەکات
خەدیجە زەغنینی، چالاکوانی مافی مرۆڤ، سێیەمین ساڵڕؤژی کوشتنی ژینا ئەمینی بە تەنها ساتێک بۆ بیرکردنەوە لە کارەساتێکی تاکەکەسی نەزانی، بەڵکو بە دەرفەتێک بۆ دووبارە لێکۆڵینەوە لە پرسیارەکان سەبارەت بە پێگەی ژنان لە کۆمەڵگە دەزانێت.

حەنان حارت
مەغریب- سێیەمین ساڵڕۆژی کوشتنی ژینا ئەمینی، ژنی گەنجی کورد کە لە ساڵی ٢٠٢٢ لە لایەن "پۆلیسی ئەخلاق" لە تارانی پایتەختی ئێران کوژرا، بەهۆی پابەند نەبوونی بە باڵاپۆشییەوە وەک پێویست دەستبەسەر کرا، سێهەمین ساڵڕۆژی کوشتنی ئەو ژنە گەنجە تێدەپەڕێت، وە ئەم کوشتنە شۆڕشێکی بێ وێنەی ژنانی لێکەوتەوە کە لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵات دەنگی دایەوە و بوو بە هێمایەکی جیهانی بۆ داواکاری ئازادی ژنان و مافی چارەی خۆنووسین.
دوای سێ ساڵ، دۆسیەکە وەک ڕەنگدانەوەی ئەو فۆرمانەی سەرپەرشتیکردن دەمێنێتەوە کە تا ئێستاش دژی ژنان لە ناوچەکەدا پراکتیزە دەکرێن، خەدیجە زەغنینی چالاکوانی مافی مرۆڤی مەغریبی، وتی: کوشتنی ژینا ئەمینی شۆکێکی مرۆی و مافی مرۆڤ بووە، چونکە لەسەر یەک ژنی گەنچ نەبووە، بەڵکو ڕووداوێکی دووبارەبووەوەیە بە شێوەی جۆراوجۆر لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا، کە ژنان دەخرێنە ژێر سەرپەرشتیکردن بەسەر جەستە و بڕیار و هەڵبژاردنی ژیانیان.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئەو پرسیارەی ئەمڕۆ دەبێت بیکەین ئەوەیە: بۆچی جەستە و هەڵبژاردنی کەسیی ژنان، وەک جل و بەرگ، شێوازی ژیان، یان تەنانەت ڕواڵەت، وەک بابەتی گفتوگۆ لە کۆمەڵگەکانی ئێمەدا دەمێنێتەوە؟ و چۆن ئەم هەڵبژاردنە تاکەکەسیانە دەتوانن ببنە بابەتێک کە کەوتۆتە ژێر کۆنترۆڵی کۆمەڵگە و دەستێوەردانی زۆرەملێ؟
ئاماژەی بەوەشکردووە، کە زۆربەی کۆمەڵگە عەرەبییەکان جەستەی ژن وەک موڵکی خۆیان سەیر ناکەن، بەڵکو بە بەرپرسیارێتی هاوبەشی نێوان خێزان و کۆمەڵگە و تەنانەت دەسەڵاتی ئەخلاقیش دەزانن، کە لە هەندێک وڵاتدا سنووردارکردنی توند بەسەر ژناندا دەسەپێندرێت، لەگەڵ دیاریکردنی چۆنیەتی دەرکەوتنیان لەبەردەم خەڵکدا، ئەم سنووردارکردنانە بە گفتوگۆی ئایینی یان ئەخلاقی یان بە ناوی بەرژەوەندی گشتی ڕەوا دەبینرێن، کە بە بۆچوونی من ئەمە دژایەتی ڕاستی و لۆژیک و مافە بنەڕەتییەکانی ژنان دەکات، هەروەها ساڵڕۆژیشۆڕش دەرفەتێکە بۆ بەهێزکردنی هاوپشتی ژنانی نێودەوڵەتی.
خەدیجە زەغنینی ئاماژەی بەوەدا، کە نابێت ئەم یادە تەنها لە پێناو هاوسۆزیدا یاد بکرێتەوە، بەڵکو وەک دەرفەتێک بۆ بەهێزکردنی هاودەنگی ژنانی نێودەوڵەتی، هەروەها ئەوەی بەسەر ژینا ئەمینیدا هاتووە، دەبێت پەیامێک بێت بۆ هەموومان، کە هاودەنگی لەنێوان ئێمەدا وەک ژن تەنها سنووردار نییە بە سنوورە جوگرافییەکان، بەڵکو ئێمە لە مەغریب بەشێکین لە ناوچەکە و ئەو جیاکاری و توندوتیژی و نکۆڵی چارەی خۆنووسین کە ژنان لێرە و لەوێ ئەزمونی دەکەن، ڕەنگدانەوەی ڕاستیەکی هاوبەشە.
پێیوایە کە هاودەنگی لەگەڵ کەیسی ژینا ئەمینی لە ساتێکی هێمای تێدەپەڕێت بۆ ونیادنانی بزووتنەوەیەکی ژنانی بەردەوام، وتی: ئەرکی ئێمەیە دووپاتی بکەینەوە کە ئازادیی ژن بۆ هەڵبژاردنی جلوبەرگ یان شێوازی ژیانی نابێت ملکەچی سانسۆر یان سەرپەرشتی بێت، ژنان بە تەواوی مافی خۆیانە، کۆمەڵگەش بەبێ ئەو مافانە ناتوانێ پێشبکەوێت، بۆیە شەڕی بنەڕەتیمان دژی سەرپەرشتیکردنە و دژی هەموو جۆرە سنووردارکردنێکە کە بەسەر ژنان لە هەرێمەکەماندا سەپێنراوە.
ئاماژەی بەوەکرد، ئەم مەرجانە تیشک دەخەنە سەر پێویستی بەپەلە بۆ بەهێزکردنی هاودەنگی ژنان، هەروەها دەبێت گرنگی بە بەهێزکردنی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ژنان بدرێت، پێویستمان بە یاساگەلێک هەیە کە مافەکانی ژنان و دەرفەتی پەروەردە و پێویستی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و هەڵاواردن و هەروەها گۆڕینی ئەو چەشنە کۆنەپەرستانەیە کە هێشتا ڕەگ و ڕیشەی قووڵیان لە کولتوورەکەماندا هەیە.
جەختی لەوە کردەوە، کە هاودەنگی تەواو نییە بەبێ دروستکردنی هاوبەشی کاریگەر و هاوبەشکردنی ئەزمونەکان، دەتوانین پلاتفۆرمی دیجیتاڵی هاوبەش و شوێنی پەیوەندیکردن دروست بکەین، و وۆرکشۆپی بەردەوام ڕێکبخەین کە هانی ژنان دەدەن بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و زانیاری، هەروەها گرنگە پشتگیری لە دەستپێشخەرییەکانی پەروەردایەتی و ڕێنماییکردن بکرێت لە نێوان ژنانی بە ئەزمون و ژنانی گەنج، لە هەمان کاتدا پشتگیری دارایی و تەکنیکی پێشکەش بەم تۆڕانە بکرێت.
جەختی لەوە کردەوە، کە گۆڕانکاری تەنها لە ڕێگەی بەشداریکردنی پیاوان و گەنجانەوە ڕوودەدات، وتیشی: نابێت پرسی ژنان تەنها لە ژناندا سنووردار بمێنێتەوە، کاتێک پیاوان لەم خەباتەدا تێوەگلاون، پشتیوانی بەهێزتر دەبێت و دەرفەتەکانی گۆڕانکاری گەورەتر دەبن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەرچەندە ئیرادەمان زیاتر بێت و هەوڵی هاوبەشمان لەسەر ئاستی هەرێم زیاتر بێت، زیاتر دەتوانین ئەنجامی بەرجەستە بەدەستبهێنین، هەروەها لەسەر پێویستی دابینکردنی دەرفەتی زیاتر بۆ ژنان بۆ چوونە ناو بازاڕی کار، لەگەڵ پێویستی بونیادنانی هاوبەشی کاریگەر و کارکردن بۆ گۆڕینی چەشنە کۆنەپەرستییە باوەکانە، لەگەڵ گرنگی هۆشیارکردنەوە لە ڕۆڵی ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیان، بەوپێیەی ژنان نیوەی کۆمەڵگە پێکدەهێنن و بەبێ بەشداری ژنانیش کۆمەڵگە بە بێ توانایی بەدیهێنانی ڕێنێسانس و گەشەپێدانی بەردەوام دەمێنێتەوە.