چالاکوانێکی هەڵەبجە: ئەوانەی ناتوانن قسەبکەن و بجەنگن، تکایە بایکۆتی کاڵای تورکی بکەن
هێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا لەبەرامبەر هاوڵاتی سڤیل و خەڵکی بێتاوانی کوردستان نیگەرانی لای هاوڵاتیان و چالاکوانانی مەدەنی دروست کردووە، چالاکوانێکیش دەڵێت ئەگەر هاوڵاتیان ناتوانن شەڕ بکەن، با بایکۆتی کاڵای تورکی بکەن.
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ٢٣ی نیسانەوە بەردەوامە بۆ سەر باشوری کوردستان، چالاکوانانیش بە گرنگی دەزانن کە هەڵوێست دژ بە داگیرکارییەکان دەرببڕێت، دەشڵێت ئەگەر ناتوانن بجەنگن، بایکۆتی کاڵای تورکی بکەن.
نەوەک هەر تورکیا هەرکەسێ داگیرکاری بکات ئێمە دژی ئەوەستینەوە
سۆما حەمە سەعید، چالاکوانی مەدەنی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی ژنها وتی: ئێمە دژی هەرکەس و وڵاتێک دەوەستینەوە کە داگیرکاریمان بەرامبەر بکات، دەوڵەتی تورکیا بەوەوە نەوەستاوە کە خاکەکەمان داگیردەکات، دارستانەکانیش دەبڕێتەوە، هاتووە شەڕی براکوژی و کورد بە کورد لەنێوان ڕۆڵەکانی کورد بەرپا بکات، ئەمەش کارەساتێکی گەورەیە پێویستە بەرامبەر هەر ناهەقییەک بوەستینەوە کە بەرامبەر خاکەکەمان بکرێت، دەست لەناودەست بکەین چونکە تورکیا چ مادی یان مەعنەوی زیانمان پێ دەگەیەنێت.
پێویستە ڕێکخراوەکانی ناوخۆی و جیهانی بێنە سەر خەت و هەڵوێست وەربگرن
ئەو چالاکوانە مەدەنییە باسی لەوەشکرد کە پێویستە چالاکوانان و هاوڵاتی و ڕێکخراوی مەدەنی و ڕێکخراوی جیهانی هەموویان بوێرانە و دوور لە بیرکردنەوەی تاکەکەسی و بەرژەوەندی خۆیان فژ بەو داگیرکارییە بووەستنەوە، دەشڵێت: پێویستە ڕاگەیاندنەکان و چالاکوانەکان لەئاستی خۆیان قسە بکەن و دژی تورکیا بوەستن.
سۆما حەمە سەعید داوایەک ئاڕاستەی هاوڵاتیان دەکات و دەڵێت: بۆ ئەوەی تورکیا هەستبکات کە کورد خەمی میلەتەکەی خۆیانە، پێویستە لە ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیاوە قسەی دڵی خۆیان بگەیەنن، وە ئەو کەسانەش کە توانای دەربڕینیان نییە لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ڕاگەیاندنەکانەوە، پێویستە بایکۆتی کاڵای تورکی بکەن و کەلوپەلی تورکی بەکارنەهێنن لە پێداویستی ڕۆژانەیاندا.
لە دوای هێرشەکانی تورکیا و بۆردومانکردنی هاوڵاتی سیڤیل، چالاکوانانی مەدەنی و هاوڵاتیان بەردەوامن لە دەربڕینی ناڕەزایەتی و هەوڵدەدەن فشار دروستبکەن تا هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ڕابگیرێت.
ت.پ