چالاکوانێکی هەڵەبجە: جگە لە تورکیا، ئێرانیش هەنگاوی داگیرکاری دەنێن
چالاکوانێک باس لە پلانەکانی دەوڵەتانی ئێران و تورکیا دەکات، کە دەیانەوێت وەک دابەشکردنی کوردستان لە پەیماننامەی لۆزاندا، ئێستاش کوردستان دابەشبکەنەوە و بۆ سەفەوی و عوسمانییەکانی بگەڕێننەوە.
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- لە هەفتە بازاری کشتوکاڵی لە پارێزگای هەڵەبجە کە هەموو کۆتاییەکی هەفتە لە ڕۆژانی پێنج شەممە و هەینی بەڕێوەدەچێت، هاوڵاتیان بە جۆش و خرۆشەوە ڕوو لە بەکارهێنانی بەرووبوومە خۆماڵییەکان دەکەن، لە هەفتە بازارەکەشدا چەندان بەروبومى خۆماڵی نمایش دەکرێن.
کەلسوم حسێن، چالاکوانی مەدەنی و بەشداربووی هەفتە بازارەکە، سەبارەت بە داگیرکارییەکانى دەوڵەتى تورکیا و وڵاتی ئیران بۆ ژنها دواو وتی: ئێمە تەنها دەوڵەتى تورکیا داگیری نەکردووین، بەڵکو ئێرانیش لەسەر هەرێمى کوردستان ساڵانێکە هەنگاو بە هەنگاو هاتووە، لە کاتى پەیمانى لۆزانیشدا کاتێک ویلایەتى موسڵ لە باشوری کوردستانەوە خرایە سەر حکومەتى عێراق دژایەتیەکان سەریان هەڵدا.
وڵاتان پلانی سەد ساڵەیان جێبەجێ دەکەن
کەلسوم حسێن زۆر بە وردی دەچیتە ناو ناوەڕۆکی بابەتى داگیرکاری و باس لەوە دەکات: دەوڵەتى سەفەوی و عوسمانى و وڵاتانى زلهێز هەموو سەد ساڵ جارێک پلانێکیان هەیە، پلاننامە بۆ خۆیان دەدەنێن، یەکێک لە پلانە ستراتیجییەکەیان ئەوەیە ویلایەتى موسڵ کە هەموو باشوری کوردستان دەکات بە کەرکوک و دەورووبەرییەوە بگەڕێننەوە ژیردەستت دەوڵەتى توکیا، بۆیە ئێستا ئێران و تورکیا دەیانەویت کوردستان بگەڕێتەوە ژێردەستى سەفەوی و عوسمانى وەک پلانی پێشوو تریان و هەنگاو بۆ پلانەکانیان دەنێن دژی کورد.
وڵات لە بەرهەم هێنەرەوە بووە بە بەکارهێنەر
ئەم چالاکوانە تیشک دەخاتە سەر پلانەکانى دەوڵەتی تورکیا و ئێران و باس لەوە دەکات، کە کەرتى کشتوکاڵی بە شادەماری ژیان دادەنرێت کە داگیرکەران داگیریان کردووە، چونکە کەرتى کشتوکاڵ سەرچاوەی قوتى خەڵکییە و هەموو وڵات و جیهان بەبێ کەرتى کشتوکاڵی ناچێتە پێشەوە، کاتێک ئەم کەرتە نەما، دەستى کار نامینێت مرۆڤ بێ ئیرادە دەبێت و وڵات لە بەرهەم هێنەرەوە دەبێتە بەکارهێنەر، ستراتیژێکی تر کە سەرمایەى خۆیانى پێ پڕ دەکەن، ئەویش چەک و دەرمانە
کەلسوم وتیشی: شەڕ هەڵدەگیرسێنن تا چەک سەرف ببێ و نەخۆشی دروست دەکەن بۆ ئەوەى دەرمانەکانیان ساغبکەنەوە، ئەویش لە ڕێگەى خۆراکى بەسەرچووەوە کە لە بازاڕەکانماندا ساغدەکرێنەوە، جگە لەوەى ئەو خۆراکانەى لە سنورەکان دەستیان بەسەردا گیراوە.
کەناڵەکانى ڕاگەیاندن بێ سنور بووە و کلتوری تورکیمان پێدەفرۆشنەوە
نیگەرانییەکانى خەڵکی سنوری تیپەڕاندووە لە ئاست نمایشی درامای تورکی و بیانى، ئەو چالاکوانە ئاماژە بەوە دەدات کە نەبوونى سنور و فلتەر لە کەناڵەکاندا بۆ نمایشکردنى دراما و بەلارێدابردنى عەقڵی تاکی کورد یەکێک بووە لە پلانەکانی دەوڵەتانی داگیرکەر، ئەنجامەکەشى دەرکەوتووە کە ئێستا ئەم تاکە بێ ئیرادانەى دروست کردوە و ناتوانیت هەڵوێست وەربگرێت.
راگەیاندن لە پێش مزگەوتەکانەوە پەیامەکان دەگەیەنن
کەلسوم، چالاکوان و راگەیاندنکار، ئەزموون و کاری خۆی کرد بەنمونە و باس لەوە دەکات کە لەگەڵ مامۆستایەکى ئاینى قسەی کردووە مامۆستاکە ئاماژەى بەوە داوە کە مناڵ پێش ئەوەى بچێتە مزگەوت و فێری شتی ئاینیی ببن، وتیشی: بە شەش مانگی لەبەردەم تیڤییەژابدا بەجێدەهێڵرێن و مۆبایل و تەکنەلۆجیای زیاتر بەدەست مناڵانەوەیە ، بۆیە دیار نییە چ تاکێکی لێدەردەچێت.
لەکۆتایی قسەکانیدا کەلسوم حسێن وتى: هیشتا ئومێد ماوە و هیواخوازین بەهەڵوێست بین و یەک دەنگ بین بۆ هەر داگیرکارییەک ڕوو لە باشوری کوردستان بکات.
ت.پ