شلێر مەحمودی: ئێران و تورکیا سەروەری خاکی هەرێم و عێراق دەبەزێنن

شلێر مەحمودی چالاکوانی مافی ژنان باسی لەوەکرد، وڵاتانی دراوسێ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا دەکەن، بە تایبەت دەوڵەتی تورکیا، کە دەیەوێت سنووری دەسەڵاتەکەی فراوان بکات لەسەر حیسابی کورد و خاکی کوردستان.

ناوەندی هەواڵ

 

هێرش و داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان بەردەوامی هەیە و جگە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، دەوڵەتی تورکیا لە ڕێگەی سیاسییەوە بە هاوکاری حزبی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەستوەردان لە کاروبار و یاسا و سەروەری هەرێمی کوردستاندا دەکات، جگە لەوەی ڕژێمی ئێران بە دانانی زیاتری سوپاکەی لەسەر سنوور و ئاگربەردان لە دارستانە سنوورییەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە زیان بە هەرێم دەگەیەنێت، لە ڕێگەی سیاسییشەوە دەستوەردان لە هەرێمی کوردستاندا دەکەن، شلێر مەحمودی ،پارێزەر و چالاکوانی مافی ژنان، کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە شاری شاری کۆیە نیشتەجێیە، باس لە دەستوەردانی وڵاتانی دراوسێ لە کاروباری ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکات، بە تایبەت تورکیا، کە دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی لەسەر حیسابی کورد و خاکی پیرۆزی کوردستان فراوان بکات.

 

شلێر مەحمودی دەڵێت: ئەگەر باس لە کوردستان بکەم، کوردستان خاکێکی پیرۆزە بۆ کوردەکان، هەمیشە کوردەکان خاکی خۆیان پاراستووە، خاکەکەش بە پیت و بەرکەت و دەوڵەمەندە، سەرچاوەی ژێر زەمینی زۆری هەیە، بۆیە هەمووکات چاوی داگیرکارانی لەسەر بووە، زۆر ناچمە ناو مێژوو، بەڵام ئەگەر مێژووی کورد بخوێنینەوە دەبینیت کوردستان چەندین جار داگیر کراوە و دابەش کراوە لەلایەن وڵاتانی دراوسێوە، بەتایبەت تورکیاو ئێران زۆر دەستوەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

 

وتیشی: لەم چەند ساڵانەی دوایدا وای لێهاتوە سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستان پێشێل دەکەن، ئەویش بە مووشەک باران تۆپباران یان بە ئامانجکردنی خەڵکی مەدەنی، ئەگەر باس لە ئێران بکەم لە ٢٠١٨وە بە بەهێزترین چەکەکانی خۆی کوردستان دەکاتە ئامانج، خەڵک دەکوژن و شەهید دەکەن بە بیانووی پەنابەری سیاسی و پێشمەرگە بوون، ئەگەر بگەڕێینەوە سەر یاسا دەبینین پێشێلکردنی سەروەری یەم وڵاتەیە و دژی یاسای مافی مرۆڤیشە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو چالاکوانە ئاماژەی بەوەشدا: تورکیا زۆر دڕندانەتر هەڵدەکوتێتە سەر هەرێمی کوردستان، هەر بەوە نەوەستاوە، بە موشەک و چەکی قورس و جۆرەها بۆمب بەکاردەهێنێت بە بیانووی بوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان، جگە لەوەش بە فرۆکەی بێ فرۆکەوان ئەم ماوەیە چەندین خەڵکی سڤیل و بێتاوان دەکاتە قوربانی لەسەر شەقام و لەناو ماڵاندا، کە پێشێلکردنی سەروەری هەرێمی کورستانە و خەڵک دەکاتە قوربانی، من خۆم کە لە کۆیە دادەنیشم  شایەدحاڵی ئەوم کە درۆنەکانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکیان کردە ئامانج و ٤ کەسی کردە قوربانی، هەروەها کە بۆکریسکانی قەندیل ئۆتۆمبێلی هاوڵاتی کردە ئامانج و خەڵک بوون بە قوربانی.

 

لە کۆتایدا شلێر مەحمودی وتی: سەرەڕای ئەم هەموو کارانەی وڵاتانی دراوسێ کە دەسەڵاتی تەواویان هەیە بەسەر هەرێمی کوردستاندا، حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتداران تەنها بە ئیدانەکردنی کارەکە وازدێنن و هیچ کاردانەوەیەک و هەڵوێستێکی جددیان نییە، بۆیە پێویستە هەموو هاوڵاتییەکی کوردستان بێ جیاوازی ئاین و ڕەگەز و جیاوازیەکانی تر، هەموومان یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بین لە بەرامبەر هێرش و پەلاماری تورکی دڕندە و کۆماری ئیسلامی ئێران، پێویستە پارێزگاری لە ناسنامە و شوناس و کولتووری خۆمان بکەین و یەکڕیزی کورد بپارێزین، جا بە ڕێگای خۆپیشاندان و گردبوونەوە یان هەر ڕێگایەکی تر، کە کاریگەری دەبێت لەسەریان.