بەشداری ژنان لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا
بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەبێت ٪٢٥ ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژن بێت، لەو ڕێژەیەش کە ئێستا بڵاوکراوەتەوە ٪٢٦ ژنان پاڵێوراون بۆ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە هەرێمی کوردستانیش ٪٣٣ کاندیدەکان ژنن.
تەرزە تەها
ناوەندی هەواڵ- هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیارە لە ڕۆژی ١٠ مانگی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ ئەنجام بدرێت، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش بڵاویکردووەتەوە، ٢٥ ملیۆن و ١٣٩ هەزار و ٣٧٥ هاوڵاتی عێراقی مافی دەنگدانیان هەیە.
بۆ ئەم هەڵبژاردنە کێبڕکی لە نێوان ٢٦٧ حزبی سیاسیی و ٤٢ هاوپەیمانی بۆ ٣٢٩ کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام دەدرێت.
٣٥٢٣ کاندید دەستنیشانکراون بۆ کێبڕکێی هەڵبژاردن
کۆی گشتی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سێ هەزار و ٥٢٣ کاندیدە، کە ٨٨٦ کاندید سەربەخۆن، ١٦٤٣ کاندیدی حزبن، ١٠٠٢ کاندیدی هاوپەیمانان، لە کۆی گشتی ئەو کاندیدانەش دوو هەزار و ٥٦٠یان پیاون، ٩٢٣ کاندید ژنن، لە هەرێمی کوردستانیش ١٤٦ کاندید هەیە، کە ٥٣ لە هەولێر، ٦٥ لە سلێمانی و ٢٨ لە دهۆکە.
ئەم هەڵبژاردنە جیاوازە لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨، لەو هەڵبژاردندا بازنەکانی هەڵبژاردن کرابوونەتە ١٨ بازنەی گەورە، بەڵام لە هەڵبژاردنی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بازنەکان بچووکراونەتەوە و کراونەتە ٨٣ بازنە، کە ئەمەش ڕێگەخۆشکەرە تا کاندیدانی سەربەخۆ ئاسانتر بتوانن دەنگ کۆبنەوە.
تەنها بازنەکان گۆڕانیان بەسەردا نەهاتووە، بەڵکو لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا ژمارەی ئەو کەسانەی خۆیان بۆ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی تۆمارکردبوو زیاتر لە ٩ هەزار کاندید بوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا تا کۆتا ڕۆژی ناو تۆمارکردن بۆ هەڵبژاردنەکان سێ هەزار و ٥٢٣ کەس خۆیان کاندید کردووە.
ڕێژەی ژنان بەپێی یاسا
بەپێی ماددەی ١٦ لە یاسای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی ساڵی ٢٠١٩ پێویستە بەشداری ژنان لە ئەنجومەنی نوێنەراندا ٪٢٥ کەمتر نەبێت، هەروەها لە نوێنەرانی هەر پارێزگایەکدا ٪٢٥ کەمتر نەبێت، هەروەها ڕێژەی کۆتا بۆ ژنان لە هەر پارێزگایەکدا دیاریدەکرێت.
بەپێی ژمارەی ئەو کاندیدانەی کە خۆیان بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کاندید کردووە، ڕێژەی ژنان ئێستا ٪٢٦ ژنە، بەپێی یاساکەش بێت دەبێت لەو ٣٢٩ کورسییە ٨٤ کورسی بۆ ژنان بێت، بەڵام دیار نییە، چەند لەو ژنانە دەچنە ئەنجومەنی نوێنەران کە خۆیان کاندید کردووە.
هەرێمی کوردستان پێکدێت لە سێ پارێزگا، لە کۆی ١٤٦ کاندید ٤٧ ژنە، لە هەولێر لە ٥٣ کاندید ١٨ ژنە، لە سلێمانی لە ٦٥ کاندید ٢٤ ژنە، لە دهۆک لە ٢٨ کاندید ٧ ژنە.
بەپێی ئەم ئامارەش ٪٣٣ کاندیدەکان ژنن، لە هەولێر ڕێژەی ٪٣٣، لە سلێمانی ڕێژەکەی٪٣٧، لە دهۆکیش ڕێژەکەی ٪٢٥.
هەرێمی کوردستان بەسەر هەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆکدا دابەشکراوە، بۆ هەولێر ١٥ کورسی بۆ ٤ بازنە دانراوە، بۆ سلێمانیش ١٨ کورسی بۆ ٥ بازنە، لە دهۆکیش ١١ کورسی بۆ ٣ بازنە دانراوە.
بەپێی ئەو ڕێکەوتنانەی تا ئێستا ئەنجام دراوە، هەریەک لە گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هاوپەیمانن، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەری کوردستان بەجیا بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن.
ت.پ