بڵێسە جەبار فەرمان: خراپی دۆخی ئابوری هۆکارە بۆ زیادبوونی توندوتیژی

یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان، خراپی دۆخی ئابورییە، کە خەڵکی باشووری کوردستان پێوەی دەناڵێنێت و بووتە هۆکارێک بۆ زیادبوونی کۆچکردن و زیادبوونی توندوتیژی.

 

شنیار بایز

سلێمانی- بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لەبارەی خراپی دۆخی ئابوری و هەبوونی کاریگەری بۆ زیادبوونی توندوتیژی، بۆ نوژنها دوا و وتی: "پێویستە دەستەی خانمان کاربکەن و لێکۆڵینەوە لەسەر پرسی خراپی دۆخی ئابوری و کۆچی هاوڵاتیان بە تایبەت پیاوان کە تا چەند کاریگەری هەیە بۆ زیادبوونی توندوتیژی دژی ژنان، بکەن".

 

"پێویستە ساڵانە گرنگی زیاتر بە ٢٥ی تشرینی دووەم بدرێت"

بڵێسە جەبار لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، هەندێک پێیان وایە ٢٥ی تشرینی دووەم یادێکی دووبارەیەوە ساڵانە دووبارە دەکرێتەوە، بەڵام پێویستە کۆمەڵگا بە گشتی و ژنان بە تایبەت لە گرنگی ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی تێبگەن، بۆ ئەو مەبەستەش چالاکی جۆراوجۆر و کۆڕ و سیمیناری تایبەت ئەنجامبدەن تا هۆشیاری زیاتر بڵاوببێتەوە و ژنان زیاتر ئاگاداری ڕۆژێک ببن کە تایبەتە بە ئەوان و بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیانە.

 

وتیشی "ڕاستە هەبوونی وتار و کۆڕ و سیمینار گرنگی خۆی هەیە، بەڵام پێویستە چالاکییەکان تەنها لەو چوارچێوەیەدا قەتیس نەدرێت، بەڵکو پێویستە ڕێکخراوەکان بە کرداری یەکسانی جێندەری بڵاوبکەنەوە، هەوڵی نەهێشتنی توندوتیژی بدەن".

 

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەنەکە یەکێک لە هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژی بۆ خراپی دۆخی ئابوریی گەڕاندەکە، کە بەشی زۆری هاوڵاتیان بەدەست خراپی دۆخی ئابوری و نەبوونیەوە دەناڵێنن بووەتە هۆی زیادبوونی کێشە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان، هەربۆیە هاوڵاتیان و زیاترینی پیاوان کۆچدەکەن بەرەو ئەوروپا و دۆخی خێزانەکان خراپ دەبێت و بەسەر ژناندا دەکەوێت کە هۆکارە بۆ زیادبوونی توندوتیژی.

 

"سەربەخۆی ئابوری واتە سەربەخۆی ژن"

بڵێسە ئاماژەی بەوەشدا، کاتێک ژنێک لە ڕووی ئابوریەوە سەربەخۆیە، ئەوا لە ژیانی ڕۆژانەشیدا سەربەخۆیە، لە گفتوگۆ و بڕیاردانی ژیانیدا سەربەخۆ و ئازادە، بۆیە ئابوری سەربەخۆ یەکەم هەنگاوە بۆ کەمبوونەوەی توندوتیژی و ئازادبوونی ژن، "زۆرینەی ئەو ژنانەی توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت ئەو ژنانەن سەربەخۆی ئابورییان نییە".

 

بۆچی کۆچکردن و خراپی دۆخی ئابوری هۆکارە بۆ زیادبوونی توندوتیژی؟

لە وەڵامدا بڵێسە جەبار فەرمان ڕوونیکردەوە، لەوکاتەی خراپی باری ئابوری تەنگ بە خێزانێک هەڵدەچنێ، کێشەکانیان زیاد دەکات تا لە کۆتایدا دەبێتە هۆی دروستبوونی توندوتیژی پیاو بەرامبەر بە ژن و منداڵەکانی، "هەندێک کات کۆچکردن بە ڕێگە چارەسەرێک دەزانن بەڵام لە ڕاستیدا، کۆچکردن بە خێزانی یاخود تەنها پیاوان توندوتیژی زیاد دەکات، چونکە لەوکاتەی خێزانێک کۆچ دەکات ئەگەری ڕووبەڕووبونەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان زیاد دەکات، دەکرێت بە چەندین شێوازی جیاواز توندوتیژی و سوکایەتی بەرامبەر بە ژنەکان بکرێت، ونکە بەرەو چارەنوسێکی نادێر دەڕۆن."

 

باسی لەوەشکرد کاتێک تەواوی موڵک و ماڵی خێزانەکە لەلایەن پیاوەوە دەفرۆشێت کە مافی ژنەکەشی پێوەیە، خێزانەکەی بەجێدەهێڵێت و دەچێتە وڵاتێکی دیکە بێگوێدانە ژنەکەی و منداڵەکانی کە ڕەنگە لە پاش ئەو ڕووبەڕووی ناڕەحەتی ببنەوە یاخود خەڵکی پەنجەیان بۆ درێژبکات و ڕۆژانە توندوتیژیان بەرامبەر بکرێت لەلایەن کەسە نزیکەکانیانەوە.

 

"پێویستە هۆکاری کۆچی خێزان و گەنجان بدۆزرێتەوە"

سەبارەت بە هۆکاری کۆچی گەنجان و خێزانەکان لە ئێستادا بڵێسە وتی "پێویستە لایەنی پەیوەندیدار و حکومەت هەڵوێستیان هەبێت، لێکۆڵینەوە بکەن لە هۆکاری ئەم کۆچە بە لێشاوەی میلەتی کورد".

 

ت.پ