بە بەرنامەی هەمەچەشن... ئامادەبوونی سەرنجڕاکێشی ژنان لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی جەزائیر

لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی جەزائیر، زیاتر لە ١٩ هەزار کاندیدی ژن بەشداری دەکەن و بە بەرنامەی ئابووری و کۆمەڵایەتی، هەوڵی بەدەستهێنانی متمانە و سەلماندنی شایستەیی خۆیان دوور لە سیستەمی کۆتا دەدەن.

ڕابیعە خورەیس

 

جەزائیر ـ لەگەڵ دەستپێکردنی هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان لە جەزائیر کە بڕیارە لە ٢٨ی تشرینی دووەم بەڕێوەچێت، ژنانی کاندید بە هێزەوە خۆیان بەسەر دیمەنی سیاسیدا سەپاند لە ڕێگەی کۆبوونەوەی گەلی چڕ و ئامادەبوونی دیجیتاڵی بەرچاوەوە، بە ئامانجی بەدەستهێنانی متمانەی دەنگدەران بە ڕێگەی بەرنامە گەشەپێدانەکانەوە، لە ناو ئەم جووڵە چالاکەی ژناندا پرسیارە بنەڕەتییەکە سەرهەڵدەدات: ئایا ئەم دینامیکییەتە سەرکەوتوو دەبێت لە شکاندنی بەربەستە نەریتییەکان و بەرزکردنەوەی ڕێژەی نوێنەرایەتیی ژنان لە ئەنجومەنە خۆجێییەکاندا؟

 

لەگەڵ دەستپێکردنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان بە بەشداریی زیاتر لە ١٦٢ هەزار کاندید بۆ ئەندامێتی لە ئەنجومەنە گەلییە شارەوانی و پارێزگاییەکان، کۆمەڵێکی بەهێزی ژنان لە پاشخانی ئەکادیمی و زانیاریی جیاوازەوە دەرکەوتن، کە هەڵگری بەرنامەی هەڵبژاردنن و ئامانجیان بەهێزکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی گشتگیرە، لە ڕێگەی خستنەڕووی پڕۆژەی کردەیی بۆ پشتگیریکردنی "ژنانی ماڵەوە" و تێکەڵکردنیان بە باوەشی وەبەرهێنان، هەروەها هاوڕێیەتیكردنی داینگاکان

و دامەزراوە ستارتئاپەکان کە لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێن و دروستکردنی بۆشایی تایبەت بە پەرەپێدانی پیشەسازییە نەریتییەکان و دەستڕەنگینییەکان بە مەبەستی بەهێزکردنی داهاتی خێزانەکان و شارەوانییەکانیش بەیەکەوە.

 

زیاتر لە ١٩ هەزار ژن لە پێشبڕکێکەدا بەشدارن

 

بەپێی ئەو ژمارە وردانەی کە دەسەڵاتی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی جەزائیر پێشکەشی کردووە، لەم هەڵبژاردنانەدا ١٤١ هەزار و ٣٨٨ کاندید بۆ ئەندامێتی لە ئەنجومەنە گەلییە شارەوانییەکان و ٢١ هەزار و ٤٧٦ کاندید بۆ ئەندامێتی لە ئەنجومەنە گەلییە پارێزگاییەکان کێبڕکێ دەکەن، ئەم داتا ئامارییانە ئامادەبوونێکی دیاری ڕەگەزی ژنان نیشان دەدەن بەجۆرێک کە ژمارەی ژنانی کاندیدە گەیشتووەتە ١٩ هەزار و ٣٢٧ کاندید لە کۆی گشتیی کێبڕکێکاران.

 

لە خوێندنەوەیەکدا، بۆ پێکهاتەی لیستەکانی هەڵبژاردن، نزیکبوونەوەیەکی ڕوون لە نوێنەرایەتیی ژناندا لای ٢٥ پێکهاتە سیاسییە جیاوازەکەی بەشداربوو لەم هەڵبژاردنەدا دەردەکەوێت، لە پێش هەموویانەوە بەرەی ڕزگاریی نیشتمانی، کۆبوونەوەی نیشتمانیی دیموکراتی، بزووتنەوەی کۆمەڵگەی ئاشتی، پارتی کرێکاران و بەرەی هێزە سۆسیالیستەکان، کە ژنانی کاندید لەم لیستانەدا بە ڕێژەیەک دابەشبوون کە لە نێوان یەک ژن تا هەشت ژنە لە هەر لیستێکدا، تێیدا لێهاتووییە زانکۆییەکان زاڵن بەسەر ئەم کاندیدبوونانەدا، وەک ئاماژەیەکی ڕوون کە پێداگریی ژنی جەزائیری دەردەخات لەسەر سەپاندنی ئامادەبوونێکی جۆری و کارا لە بەڕێوەبردنی کاروباری خۆجێییدا.

 

هیوا و گرەوەکان هاجەر ڕەبیحی، کاندید تەمون ٤٠ ساڵ، بە نموونەیەکی زیندووی ئەم فرەچەشنییە پیشەیی و ئەکادیمییە دادەنرێت کە لیستەکانی هەڵبژاردن جیادەکاتەوە، چونکە لە ڕێڕەوی کارکردنیدا ڕاهێنانی تەکنیکی و ئەزموونی دارایی وەک چاودێر لە کەرتی باجدا کۆدەکاتەوە، سەرەڕای خولیا میدیاییەکەی کە بە بڕوانامەیەک لە تەکنیکەکانی نووسینی ڕۆژنامەوانی و هونەری لە پەیمانگایەکی پسپۆڕەوە سەرکەوتووە.

 

هاجەر ڕەبیحی ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەم هەنگاوە یەکەم دەستپێکی ئەو دەنوێنێت و وتی: پێشتر هەرگیز بەشداریم لە هەڵبژاردنەکاندا نەکردووە، ئەمە یەکەمجارە دەچمە ناو مەیدانی سیاسییەوە.

 

لە نێوان گرەوی گەشەپێدانی خۆجێیی و نزیکبوونەوە لە خەمەکانی دانیشتووان، پاڵنەرەکانی خۆکاندیدکردنی دەردەکەون، چونکە هیواخوازە شارۆچکەکەی پەرەبسەنێت، وتی: بە پێی کارەکەم وەک فەرمانبەر لە بواری باجدا و بەرکەوتنی ڕۆژانەم لەگەڵ هاوڵاتییان، ئەوە هانیدام بۆ ئەوەی بچمە ناو گێژاوی ئەم کێبڕکێیەوە لە ژێر ئاڵای پارتی بزووتنەوەی کۆمەڵگەی ئاشتیدا.

 

سەبارەت بە دیارترین تەوەرەکانی بەرنامەی هەڵبژاردنی، هاجەر ڕەبیحی خەمەکانی دانیشتووان دەخاتە پێشینەی پابەندبوونەکانییەوە وتی: ئەگەر هەڵمەتەکەمان بە سەرکەوتن بوو، ئەوا کاری لەپێشینەمان هاوڵاتیی سادە دەبێت، لەگەڵ باشترکردنی بارودۆخی بژێویی دانیشتووانی شارۆچکەکە، سەرەڕای لێکۆڵینەوە لە پڕۆژە پەککەوتووەکان و جێبەجێکردنیان لە زووترین کاتدا.

 

قسەکانی تەنها لە سنووری بەرنامە خۆجێییەکەیدا نەوەستا، بەڵکو باسی لە دەستنیشانکردنی ڕاستی بەشداریی سیاسیی ژنی جەزائیریش کرد لەم هەڵبژاردنانەی ئێستادا، گەشبینیی خۆی بەو گوڕوتینە نوێیە دەربڕی کە مەیدانی هەڵبژاردن بەخۆیەوە دەبینێت.

 

هاجەر ڕەبیحی وتی: دیارترین شت کە لەم وێستگەی هەڵبژاردنەدا سەرنج ڕادەکێشێت، ئامادەبوونی بەهێزی ژنانە لە هەڵبژاردنە شارەوانییەکاندا، بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، سەرەڕای کۆمەڵێک ئاستەنگ و بەربەست کە هێشتا بەهۆی عەقڵییەتی پیاوسالارییەوە دێنە سەر ڕێگای، ئەمڕۆ ژن هەوڵێکی ناوازە لە کاری سیاسیی مەیدانیدا دەدات، بەهۆی لێهاتوویی و پێداگرییەکەیەوە سەرکەوتوو بووە لە سەلماندنی خۆی بە هێزەوە وەک لایەنێکی کارا و ژمارەیەکی قورس لە هاوکێشەی هەڵبژاردندا.

 

ئەم جارە چاوەکان ئاراستەی پشکی ژنانن لە ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەکاندا، لە سایەی میکانیزمی نوێی دەنگدان کە پشت بە "سڕینەوە" دەبەستێت لە ناو لیستە داخراوەکاندا، پاشەکشەی ناچارکردنی توندی سیستەمی پشکەکان (کۆتا)، چونکە دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا کورسییەکان بەهۆی یاسای کوتاوە مسۆگەر بوون، ئەمڕۆ ژنانی کاندید لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەلی ڕاستەوخۆدان کە پێویستی بە ڕازیکردنی دەنگدەر هەیە بە لێهاتووییەکانیان بۆ خۆبەدوورگرتن لە سڕینەوەی ناوەکانیان، ئەمەش وا دەکات ڕۆژی دەنگدان ببێتە پێوەرێکی ڕاستەقینە بۆ ئاستی قبوڵکردنی سەرکردایەتیی خۆجێیی ژنان لەلایەن شەقامەوە.