زیانەکانی ژینگە و خۆراك لە ناوچە جەنگییەکاندا

شۆخان هیدایت حەمەڕەشید- مامۆستا لە كۆلێژی زانستە ئەندازییارییە کشتوکاڵییەکانی زانکۆی سلێمانی

شەڕ کاریگەرییەکی زۆر خراپی هەیە لەسەر تەندروستی مرۆڤ و مافە بنەڕەتییەکان و ژینگە. ئەم کاریگەرییانە بە دوو جۆر دەردەکەون: ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ.کاریگەرییە ڕاستەوخۆکان بە شێوەیەکی سەرەکی لە ئەنجامی چەکی تەقەمەنی و بۆردومانەوە ڕوودەدەن، کە دەبنە هۆی برینداربوون و لەناوچوون. بەڵام کاریگەرییە ناڕاستەوخۆکان زۆرجار قورسترن، چونکە بەهۆی وێرانبوونی ژێرخانی مەدەنی و ئاوارەبوونی دانیشتووانەوە دروست دەبن. ئەمانەش بریتین لە بەدخۆراکی، بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گواستراوەکان، زیادبوونی نەخۆشییە نەگوازراوەکان، تێکچوونی تەندروستی دایکان و منداڵان، و کێشە دەروونی و ڕەفتارییەکان. لە زۆرێک لە شەڕەکاندا، مافەکانی مرۆڤ و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی فراوان پێشێل دەکرێن، بەتایبەتی لە پاراستنی دانیشتووانی سڤیلدا.

 

لە لایەنی ژینگەوە، شەڕ هەوا و ئاو و زەوی پیس دەکات. تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە ماددە کیمیاییە زیانبەخشەکان و گەردیلەکان بڵاودەکەنەوە، کە دەبنە هۆی کێشەکانی هەناسەدان و وێرانکردنی دارستانەکان. هێزە سەربازییەکانیش سووتەمەنی و گازەکان بڵاودەکەنەوە، کە بەشداری لە گۆڕانی کەشوهەوادا دەکەن. هەروەها، ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی بە ماددە ژەهراوی و توێنەرە ئۆرگانیکەکان پیس دەبن، و زەویش بە ماددە کیمیاییەکان و تەقەمەنی نەتەقیوەکان تێکدەچێت. ئەمە دەبێتە هۆی زیادبوونی نەخۆشییە مەترسیدارەکان و تەنانەت دروستبوونی شوێنی گەشەکردنی ئەو زیندەوەرە ورددانەی نەخۆشی دەگوازنەوە.

 

مینە دژەمرۆیی و تەقەمەنییە نەتەقیوەکان هێشتا لە زۆر وڵاتدا هەن و مەترسییەکی گەورە دروست دەکەن، بەتایبەتی بۆ منداڵان. لە جیهاندا هەر مانگێک هەزاران کەس بەهۆی ئەمانەوە لەناودەچن یان پەککەوتە دەبن. هەرچەندە لە دوای جێبەجێکردنی پەیمانی قەدەغەکردنی مین لە ساڵی ١٩٩٩ەوە، ٥٥ ملیۆن مینیان لەناو کۆگاکانیاندا لەناوبردووە تێچووی بەرهەمهێنانی مینێکی چێندراو بە نزیکەیی ٣ دۆلارە، بەڵام لانیکەم ٣٠٠ دۆلار بۆ لابردنی مینێك.

 

شەڕ هەروەها کاریگەری خراپی لەسەر ئابووری و کشتوکاڵ هەیە، چونکە ڕێگاکانی بازرگانی دەخاتە سەر مەترسی و خەڵک ئاوارە دەکات و گرانی دروستدەکات و ژێرخانی وڵات وێران دەکات. ئەمە دەبێتە هۆی برسێتی و بەدخۆراکی، کە دەتوانێت بەردەوام بێت تەنانەت دوای کۆتایی هاتنی شەڕبە چەندین ساڵ.دانیشتوانی ئەو ناوچانەی جەنگییان تێدابووە تووشی چەندین لێکەوتەی تەندروستی نەرێنی دەبن.لەبەرئەوەی بۆمب و تەقەمەنیەکانی تر مادەی ژەهراوی لەخۆدەگرن، لەوانە کانزا قورسەکان، فسفۆری سپی، یۆرانیۆم و دیۆکسین، کە جگە لەوەی برینێکی ترسناکیان لێدەکەوێتەوە، لە دوای شەڕکردن خاک و ئاو و ڕووەک پیس دەکەن. چەکی تەقینەوە بیناکان وێران دەکات و پاشماوە دروست دەکات و ماددە مەترسیدارەکان و ماددە کیمیاییە پیشەسازییەکان و سووتەمەنی بڵاودەکاتەوە. هەروەها تەقەمەنیەکان ئاو و دامەزراوەکانی پاکوخاوێنی لەناو دەبەن، ئەمەش دەبێتە هۆی پیسبوون. لە ناوچە گوندنشینەکاندا کوالیتی خاک کەمدەکاتەوە و کشتوکاڵ لاوازدەکات.لە کۆتاییدا، پێویستە هەموومان (تاک و دامەزراوەکان) ڕۆڵی خۆمان بگێڕین بۆ کەمکردنەوەی ئەم کاریگەرییانە، پاراستنی دانیشتووانی سڤیل، و کارکردن بۆ بنیاتنانی ئاشتییەکی بەردەوام. هۆشیارکردنەوە و داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ هەنگاوێکی گرنگن بۆ داهاتوویەکی باشتر.