ژیان بە لاتی

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد

 

نیگەرانی و ناڕەزایی دراوسێکانمان بەرامبەر بەنمایشکردنی پولێک لەکاتی سەردانی پاپا فرانسیس بۆ هەرێم لەفڕۆکەخانەی هەولێر، شتێک نییەتووشی شۆکمان بکات و نوێ بێت، ئێمەی کورد دەمێکە لەگەڵ عەقڵییەتی ئینکاری و ڕەتکردنەوە دەست و پەنجە نەرم دەکەین و ڕاهاتووین، قسەکانی کابرای باخچەلیش هیچ ئیعتبارێکی نییە و پێموایە زیاتر لەژێر کاریگەری ئەو سەماد و پەینەدایە کە لەباخچەکانیدا بەکاری هێناوە نەک بیرکردنەوەیەکی عەقڵانی ..

گرنگ نییەناحەزانمان چی ئەلێن، گرنگ ئەوەیە خۆمان چی ئەڵێین

ـ پێویست نەبوو حکومەتی هەرێم ڕوونکردنەوە بەهیچ ووڵاتێک بدات لەسەر دروستکردنی ئەو پولە، چ جای ئەوەی ڕوونکردنەوەیەکی لاواز و ترسنۆکانە و شەرمنانەی وەک ئەوەی کە ووتەبێژەکەی حکومەت دای !!

ـ دروستکردن و چاپکردنی پول هیچ کاتێک پێویستی بەڕەزامەندی دەرودراوسێ نەبووە و نییە، چ دراوسێیەکیش!!

ـ نەدەبوو ئەوانەی بۆ بەدەستهێنانی سۆز و دەنگی خەڵک بەدروشم داوای سەربەخۆییان دەکرد، بەنیگەرانی و هەڕەشەی فاشیستەکان لەسەر دروستکردنی پولێکی کوردی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ ببن و هەروا ئاسان پاشگەزببنەوە، خۆ قەرار بوو ئەوانە دەوڵەتی کوردی دروست بکەن ..!!

ـ زۆرجار گوێمان لێ دەبێت کە دەوترێ تورکیا بۆیە هەرێمی کوردستان بۆردومان دەکات، چونکە پەکەکە هاتووەتە هەرێمی کوردستان و بیانووی هێرشکردن دەداتە تورکیا، ئەی ئێستا چی دەڵێن کە تورکیا دروستکردنی پولێکی بەنەخشەی کوردستانەوە لەشاری هەولێر و لەلایەن وەزیرێکی حکومەتی هەرێمەوە قبوڵ نییەو هەڕەشەی سەپاندنی قورسترین سزا بەسەر هەرێمدا دەکات ..! ئێ خۆ نە پاپا پەکەکەیە و نە دیزاینەری پولەکە جەمیل بایکە و نە وەزیری گواستنەوە و گەیاندنیش لەپشکی پەکەکەیە ...؟!

ـ بڕوبیانوو مەهێننەوە و هەوڵمەدەن بەسود وەرگرتن لەکات و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانتان، چاپکردنی ئەو پولە وەک هەڵەیەک بخەنە ئەستۆی (کەسێک) و بەبیانووی پاراستنی پەیوەندییەکان و ڕاگرتنی هاوسەنگی پولەکە ڕەتبکەنەوە، چونکە (خۆ گیڤ کردنەوە و بەهەڵە لەقەڵەمدانی چاپ کردنی ئەو پولە لەلایەن کۆمەڵێک سیاسی و سەرۆکایەتی کۆماری ووڵاتێکەوەیە کە ڕاست و هەڵە لێک جیاناکەنەوە ) و بەزاندی سنوری ووڵاتانی دراوسێ و بۆردومانکردن و دەستدرێژی بۆ سەر خەڵک و خاکەکەمان و قەتڵ و عام و ئیبادەکردنی نەتەوەیەکیان پێ ڕاست و ڕەوایە ...!!

لەکۆتایدا با ئەم چەند دێڕەی باوکم لە (یادگار و هیوا) وەڵامێک بێت بۆ هەڵوێستی ئەوانەی نەیانتوانی پارێزگاری لەپولێکی کوردی و بەرگری لەنەخشەی کوردستانی گەورە و پیرۆزییەکانی نەتەوەیەک بکەن ...

ژیان بە لاتی و بێ دەسەڵاتی

هیچ درۆی نەبێ، سەد مەرگە ساتی

مرۆڤ بەدیلی بژی خۆشە، یان

بمرێ بۆ بەرزی خۆی و ووڵاتی