ڕۆژی جیهانیی ژنان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا
پەرێز عومەر - نووسەر

٨ـی مارس، رۆژی جیهانیی ژنان، واتای پڕبەهای لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەیە و هەموو ساڵێك لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا لەسەر دوو تەوەری هاوتا یادی ئەم رۆژە دەكرێتەوە، تەوەرێكیان بۆ چڕكردنەوەی خەباتە لەپێناو ژیانێكی باشتر و رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەكانی بەردەم یەكسانیی و دادپەروەریی رەگەزیی، وەك ئەوەی ساڵی ٢٠١٨ بینیمان لە وڵاتی ئیسپانیا مانگرتنی گشتی بۆماوەی ٢٤ سەعات بە بەشداری زیاتر لە ٥ ملیۆن كەس راگەیەندرا، بۆ داواكردنی مافەكانی ژنان، هەروەها دەبینین ساڵانە لە سەرجەم شارەكانی باكووری كوردستاندا بە بەشداریی هەزاران ژن خۆپیشاندان و چالاكی جۆراوجۆر بۆ داواكردنی مافەكانی ژنان بەڕێوە دەچێت.
تەوەرەكەی تریان ئاهەنگگێڕان و دەربڕینی دڵخۆشی ژنانە بە بۆنەی دەستكەوتە كۆمەڵایەتیی، ئابووریی، سیاسیی، رۆشنبیریی و زانستییەكانی خەباتی چەندەها ساڵە لەسەر ئاستی جیهان و كۆمەڵگەكان.
لە رووی مێژووییەوە جێی بیرهێنانەوەیە لە ٨ـی مارسی ١٩٠٨ لە شاری نیوۆرك خۆپیشاندانێكی گەورە بە بەشداری هەزارەها ژنی بەخۆوە بینی، كە داوای كەمكردنەوەی سەعاتەكانی كار، باشكردنی كرێی كار و مافی دەنگدانیان دەكرد.
رۆژی نیشتمانیی ژنان
پاش ساڵێك حزبی سۆشیالیستی ئەمریكی رۆژی ٢٨ـی شوباتی وەك رۆژی نیشتمانیی ژنان لە ئەمریكا دیاریی كرد و تا ١٩١٣ ساڵانە ئەمریكا ئەو رۆژەی وەك رۆژی نیشتمانیی ژنان یاد دەكردەوە.
كلارا زەتكین لە ساڵی ١٩١٠، لە كۆنفرانسی جیهانیی ژنانی سۆشیالیست، لە كۆپنهاگن، لەپێناو پاڵپشتیكردنی زیاتری دۆزی ژنان، پێشنیاری كرد رۆژێكی جیهانی بۆ ژنان دیاریی بكرێت بەبێ دەستنیشانكردنی هیچ رێكەوتێك.
لە ٨ـی مارسی ١٩١١ بۆ یەكەمجار بە بەشداریی زیاتر لە یەك ملیۆن ژن لە چەندین وڵاتەوە خۆپیشاندان و گردبوونەوە و چالاكی جۆراوجۆر لەپێناو بەدەستهێنانی مافەكانی ژنان بەڕێوەچوو.
هەر لەهەمان مانگدا و لە ـی٢٥ مارسی ١٩١١ بەرامبەر بە مانگرتنیان لەپێناو مافەكانی ژنان لەكاردا، ١٤٦ كرێكار زۆربەیان ژنبوون لە كارگەیەكی رستن و چنین لە شاری نیوۆركی ئەمریكا سوتان و گیانیان لەدەستدا.
رۆڵی ژنانی روسیا
هاوکات رۆڵی ژنانی روسیا لەبیرنەكراوە لە خەباتی ژنان و نرخاندنی ٨ـی مارس، لە ٨ـی مارسی ١٩١٧ بەتێكڕایی ژنانی روسیا لە رێگەی خۆپیشاندانەوە ناڕەزایەتیان لە بارودۆخی ژیانی ژنان دەربڕی و داوای مافی دەنگدان و باشكردنی ژیان و بژێوی و مافە مەدەنییەكانی ژنانیان كرد.
خەباتی ژنان بێوچان و بەقوربانیدانێكی زۆرەوە بەردەوام بوو تا نەتەوەیەكگرتووەكان ساڵی ١٩٧٥ـی وەك «ساڵی جیهانیی بۆ ژنان» دیاریکرد، هەربۆیە چەند چالاكییەكی جیهانیی لەو ساڵەدا لەژێر چاودێری نەتەوەیەكگرتووەكان لەم بوارەدا بەڕێوەچوون، لەوانە: یەكەم كۆنفرانسی نێودەوڵەتی لە شاری مەكسیكۆ بە بەشداری زیاتر لە هەزار کەس لە ١٩/٦ تا ٢/٧ـی هەمان ساڵ بەسترا و لەكۆتاییدا «راگەیاندراوی مەكسیكۆ» دەرچوو كە تێیدا جەخت لەسەر یەكسانیی و بەشداریی ژنان لە گەشەپێدان و ئاشتیدا كرایەوە، لەگەڵ دانانی «نەخشەرێی كاری جیهانی» كە تێیدا ئامانجەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ باشكردنی دۆخی ژنان لە جیهاندا دیاریی كرد، هەروەها بڕیاری دامەزراندنی چەند دامەزراوەیەكی تایبەتی بۆ پشتیوانیی ژنان دەركرد، پاشان و لەساڵی ١٩٧٧ نەتەوەیەكگرتووەكان رۆژی 8ی مارسی وەك رۆژی جیهانیی ژنان ناساند.
لە کوردستان
لە كوردستان چالاكییەكانی ٨ـی مارس مێژووەكەیان نزیكە و ساڵانە خۆی لە كۆمەڵێك چالاكیی جۆراوجۆری وەك هەڵمەتی هۆشیاریی و كۆمەڵێك وۆركشۆپدا دەبینێتەوە، بەڵام بزوتنەوەی رزگاریخوازی ژنان لەپاڵ بزوتنەوەی نەتەوەیی و نیشتمانیی سەریهەڵداوە و خۆی بردۆتە پێشەوە و هەمیشە ژنانی كورد مەشخەڵی مافەكانیان وەك ژن، لەپاڵ پەیامی ئازادیی نەتەوەییدا بەزركردووەتەوە و هاوشانی خەباتی نەتەوەیی گەشەیان بە بزووتنەوەكانی ژنانیش داوە، لەم رووەوە مێژووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش مێژوویەكی درەوشاوەی پڕ لەشانازییە، یەكێتی هەر لەسەرەتای دروستبوونییەوە بە سەرۆكایەتی مامی گەورە ئاسانكاری و زەمینەسازیی تەواوی بۆ بەشداریی ژنان لە شۆڕش و خەبات و پاشانیش سیاسەت و بەڕێوەبردندا كردووە.
هەروەك دەبینین دانانی كۆتا لەپێناو رێگەخۆشكردن بۆ بەشداریی ژنان و دەستپێشخەریی قەدەغەكردنی كوشتنی ژنان و هەوڵدان بۆ بنەبڕكردنی دیاردە دزێوەكانی وەك گەورە بە بچووك و شیربایی و دەیان پێشێلكاریی تر، دەستكەوتی خودی مامی مەزن و ژنە قارەمانەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هێرۆ خانە بۆ ژنانی باشووری كوردستان.
دەبێت سوپاسی یەك بە یەكی ژنانی كوردی دەست لە چەك بكەین كە بەشێوەیەك پارێزەری ماف و ئازادییەكانی ژنانن ئەمڕۆ جیهان قەرزارباریانە، ناشبێت بیرمان بچێت كە گەورەترین قوربانیی ژنبوون لە مێژووی نوێی مرۆڤایەتیشدا دیسان ژنانی كوردن كە بەدەستی تیرۆریستان و تاوانكارانی مرۆڤایەتی بە سەبایە كران و تا ئێستاش بەشێكی زۆریان ئازاد نەكراون و كڕین و فرۆشتنیان پێوە دەكرێت. ژنانی ئێزیدی هەرچەندە بوونەتە سیمبولی خۆڕاگریی و بەرەنگاربوونەوەی عەقڵی دواكەوتووی جەهالەت، بەڵام پێویستە لەبیرنەكرێن و خەمی یەكە بە یەكەمان بن و كاری زیاتر بۆ دۆزینەوە و ئازادكرنیان بكرێت.
بەشداریی كارا و زیاتری ژنان لە دامەزراوەكانی حكومەت و حزبەكاندا لە ئامانجە هەرە دیارەكانی ژنانی باشوور بن. برسیكردن و بەرتەسككردنەوەی ئازادییە مەدەنییەكان ئاستەنگی گەورەی بەردەم خەباتی ژنانن و نابێت ژنان تا گەیشتن بە تەواوی مافەكان كۆڵ بدەن، دیارە ژنانی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان ئازادییەكانی خۆیان لەپاڵ ئازادییە نەتەوەییەكانیاندا لەبیرنەكردووە و هاوتەریب خەباتی بۆ دەكەین.