ژنانی خانەقین، لە رێکخستنەکانەوە بۆ ناوەندەکانی بڕیاردان

زەینەب ئەرکەوازی -چالاکوان و راگەیاندنکار

ژنی خانەقینی لە مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتیی شارەکەدا تەنیا بینەر نەبووە، لە قۆناغە جیاوازەکاندا ژنان لە رێکخستن و چالاکیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هەڵبژاردن و دامەزراوە جۆراوجۆرەکاندا ئامادە بوون.


ئەم بەشدارییە مێژوویەکی هەیە کە تەنیا بە ژمارەی کاندیدەکان یان ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ناپێورێت، بەڵکو ناوی ژنانی زۆر لە قۆناغە جیاوازەکانی کاری سیاسی و رێکخراوەیی و بەرپرسیارێتییە گشتییەکاندا تۆمار کراوە.


یەکێک لە نموونە دیارەکانی ئەم مێژووە وەسفیە بەنی وەیسە، وەک ژنێکی خانەقینی کە ساڵانێکی زۆر لە بوارە رێکخراوەیی و سیاسییەکاندا چالاک بوو.

 

بەرپرسیارێتییە جیاوازەکان
وەسفیە بەنی وەیس لە خانەقین لەدایکبووە و لە ساڵانی حەفتاکانەوە لە چالاکییە رێکخراوەیی و سیاسییەکاندا بەشداریی کرد، دواتر لە ناو رێکخستنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و یەکێتیی ژنانی کوردستاندا بەرپرسیارێتییە جیاوازەکانی بەڕێوەدەبرد، لە ساڵی ٢٠٠٣ بوو بە جێگری بەرپرسی ناوەندی رێکخستنەکانی خانەقین و لە ساڵی ٢٠١٠یش وەک ئەندامی ئەنجوومەنی رێبەری یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان هەڵبژێردرا.


وەسفیە بەنی وەیس، ساڵی ٢٠١٦ کۆچی دوایی کرد، یەکێک بوو لەو ژنانەی کە بەشداریی سیاسی بۆی تەنیا بەشداری لە هەڵبژاردن نەبوو، بەڵکو لە رێکخستن و کارکردن لەنێو دامەزراوە سیاسییەکاندا بەردەوام بوو.


لە قۆناغەکانی دواتردا ژنانی دیکەی خانەقینیش گەیشتنە شوێنە هەڵبژێردراوەکان، لەوانە: سۆزان مەنسور کە یەکێکە لە نموونە دیارەکانی ئەم قۆناغە، لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢١ لە بازنەی خانەقین سەرکەوت و بوو بە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، لەسەر لیستی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، لە دواتریشدا وەک نوێنەرێکی خانەقین لە پەرلەمان بەردەوام بووە.


سۆزان مەنسور لە چوارچێوەی کاری پەرلەمانیی خۆیدا چەندینجار باسی بابەتە پەیوەندیدارەکانی بە خانەقین و ناوچەکانی دەوروبەری کردووە.


هاوکات نەسرین بەهجەت-یش یەکێکە لە نموونەکانی بەشداریکردنی ژنی خانەقینی لە ئاستی دەسەڵاتی ناوخۆییدا. ئەو لە ماوەی ئەندامێتیی خۆیدا لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، لەسەر بابەتەکانی پەیوەندیدار بە خانەقین و بەرپرسیارییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا کاری کردووە.


هەروەها میدیا جەمال عەلیخانی-یش لە نموونەکانی بەشداریکردنی ژنی کوردە لە پەرلەمانی عیراق، ناوی ئەو لە لیستی ئەندامانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە پەرلەماندا هاتووە و لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٤دا لە دیالە وەک کاندیدی یەکێتیی نیشتیمانی سەرکەوتوو بوو.


ئەم نموونانە پیشانی دەدەن کە بەشداریکردنی ژنی خانەقینی لە سیاستدا، تەنیا بە قۆناغێکی دیاریکراوەوە سنووردار نییە، بەڵکو ژنان لە رێکخستن و کاری سیاسییەوە دەستیان پێکردووە و دواتر هەندێکیان گەیشتوونەتە پەرلەمان و ئەنجوومەنە ناوخۆییەکان.


کاندیدانی ژنی کورد
جێی باسە لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢١دا، لە بازنەی خانەقین سێ کاندیدی ژنی کورد بەشدارییان کرد و سۆزان مەنسور کەرەم لەلایەن یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانەوە کاندید بوو. لە کۆتاییدا ئەو توانی یەکێک لە کورسییەکانی بازنەکە بەدەست بهێنێت.
لە هەمان قۆناغدا، ژمارەی کاندیدە ژنەکان لە دیالە و ناوچەکانی دیکە، نیشانی دەدات کە ژنان بەشێک بوون لە پێشبڕکێی سیاسی و هەڵبژاردن، چونکە لە هەڵبژاردنەکانی دواتریشدا ئەم بەشدارییە بەردەوام بووە و ناوی ژنان لە لیستەکاندا دیار بووە.


وەک لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنەکانی پارێزگا لە ساڵی ٢٠٢٣دریا خێرەڵڵا ئەركەوازی توانی کورسییەک لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بەدەست بهێنێت، ئەمەش نموونەیەکی نوێترە لە گەیشتنی ژنی خانەقینی بۆ دامەزراوەیەکی هەڵبژێردراوی ناوخۆیی، بەڵام مێژووی بەشداریی ژنان لە خانەقین تەنیا بە ناوی ئەم ژنانە کۆتایی نایەت، بەڵکو ژنان لە بوارەکانی رێکخستن و رۆشنبیری و میدیا و پەروەردە و کاری کۆمەڵایەتی و مەدەنییشدا جێدەستیان دیار بووە، ئەم بوارانە زۆرجار بوونەتە دەستپێک بۆ ئەو ژنانەی دواتر چوونەتە ناو بوارە سیاسییەکانەوە.


ژنان لە ژیانی سیاسیدا
وەک دەزانرێت بەشداریی سیاسی ژنان تەنیا لە رۆژی هەڵبژاردن دەست پێ ناکات، بەڵکو دەبێت ژنان سەرەتا لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، دامەزراوە رۆشنبیرییەکان، میدیا، کارە کۆمەڵایەتییەکان یان چالاکییە خۆبەخشەکاندا کار بکەن، دواتر ئەزموونی ئەو بوارە بگوێزنەوە بۆ ناوەندکانی بڕیاردان، لە خانەقینیش ئەم پرۆسەیە بە شێوەی جیاواز لە قۆناغە جیاوازەکاندا بەدی دەکرێت، لە وەسفیە بەنی وەیسەوە دەستپێدەکات کە رۆڵی رێکخراوەیی و سیاسیی هەبوو، تا سۆزان مەنسور و نەسرین بەهجەت و میدیا جەمال عەلی خان، کە لە دامەزراوە هەڵبژێردراوەکاندا ئامادە بوون، بۆیە دەکرێت زنجیرەیەکی بەردەوام لە بەشداریی ژنان لە ژیانی سیاسی و گشتیی خانەقین ببینرێت، ئەم بەشدارییە بە مانای ئەوە نییە کە هەموو ژنان هەمان بۆچوونی سیاسییان هەیە، چونکە خانەقین شارێکی جۆراوجۆرە و ژنانی ئەم شارەش وەک هاووڵاتی مافی هەڵبژاردنی بۆچوونی سیاسیی خۆیان هەیە و جیاوازیی بۆچوونیش بەشێکە لە ژیانی گشتی و سیاسی.


بە ئازادی بەشداری بکەن
ئەوەی گرنگە ئەوەیە ژنان بتوانن بە ئازادی بەشداری بکەن و جیاوازیی راوبۆچوونەکان نەبنە هۆی دوورخستنەوەیان لە ژیانی گشتی، دواجار ئەمڕۆ پرسیارەکە تەنیا ئەوە نییە ژنان چەند جار کاندید بوون یان چەند کورسییان بەدەستهێناوە، پرسیاری گرنگ ئەوەیە تا چەند دەرفەت بۆ ژنان رەخساوە لە دانانی بەرنامە و پلان و گفتوگۆی گشتی و بڕیارداندا بەشداریبکەن و ژنی خانەقینیش ئەزموونی ئەم بەشدارییەیان هەیە لە رێکخستن و کاری سیاسی و پەرلەمان و ئەنجوومەنە ناوخۆییەکاندا، قۆناغی داهاتووش دەتوانێت ئەم ئەزموونە فراوانتر بکات و دەرفەتی زیاتر بۆ ژنان بڕەخسێنێت تا لە ناوەندەکانی بڕیارداندا دەنگیان هەبێت و بەشدارییان لە دروستکردنی داهاتووی خانەقیندا بەردەوام بێت.