ژنان رابەری بەختەوەریی وڵاتانن

ڕۆزا دڵشاد مەریوانی -نووسەر

لەم ماوەیەدا لیستی بەختەوەرترین وڵاتانی دنیا بۆ ساڵی ٢٠٢٦ بڵاوکرایەوە و تێیدا بۆ نۆیەمین ساڵ لەسەر یەک فنلەندا لە پێشەنگی لیستەکەدا بوو، بەدوایدا ئایسلەندا و دانیمارک، کۆستاریکا، سوید، نەرویج و هۆڵەندا، ئیسرائیل، لوکسمبورگ، سویسرا دێت، ئەوەی جێی باسە هەڵبژاردنی وڵاتێک بەوەی دانیشتوانەکەی بەختەوەرترینن قسە و لێکدانەوەی زۆر هەڵدەگرێت، وەک بوونی چاودێریی تەندروستی تەواو بەخۆڕایی، ئاسایشی کۆمەڵایەتی، چاودێریی دایکانی دووگیان و بوونی مۆڵەتی دایک و باوک بۆ زیاتر لە پێنج مانگ بە مووچەی تەواوەوە، بوونی متمانە و شەفافییەتی حکومەت و چەندانی دیکە کە زۆربەیان لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتتر وڵاتی ئێمە نەک بوونی نییە، بگرە خەونیشی پێوە نابینین، بەڵام فاکتەرێکی گرنگی دیکە هەیە لەو هاوکێشەیەدا، تا وڵاتێک لە پێشەنگی ئەو لیستەدا بێت، ئەوەیە رابەر و سەرۆک و کەسە بەرپرسەکان لە بەڕێوەبردنی حکومەتدا ژن بن، واتا دەتوانین بەجۆرێکی دیکە لێکی بدەینەوە و شیکردنەوەی بۆ بکەین بەوەی بەشداریکردنی بەرفراوانی ژنان لەو وڵاتانەدا لە کایە هەستیارەکانی حکومەت و بەڕێوەبردندا وایکردووە ئاسایشی کۆمەڵایەتی و گرنگیدان بە پێداویستییەکانی مرۆڤ وابکات هاووڵاتیانیان بەختەوەرتر بن، بەڵام پەراوێزخستنی بەردەوامی ژنان و رێگریی لێکردنیان لەم وڵاتانەدا و نەدانی متمانە بە ژنێک سەرۆک بێت یان هیچ نەبێت دەسەڵات و توانای بڕیاردانی هەبێت لە کایە هەستیار و کاریگەرەکانی پەیوەندی راستەوخۆیان بە ژیانی هاوڵاتییانەوە هەیە، وایکردووە لە وڵاتە بەدبەخەتەکاندا لە پێشەوە بین.


جێی باسە ئەوەی وایکردووە ئەو وڵاتانە هاووڵاتیانیان بەختەوەر بن، ئەوەیە زۆربەیان لە ئێستا یان لە رابردوودا ژنان تێیاندا سەرۆکی وڵات و سەرۆک وەزیران بوون یان هیچ نەبێت لە بەشێکی زۆری ئیدارەی دەوڵەتدا ژن لەو پۆستانەدان، بۆیە دەبینین لەو وڵاتانە بەهای بەرزی مرۆڤ لەبەرچاو گیراوە، بۆ نموونە تێیدا جەخت لە تۆڕی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و راگرتنی باڵانس لەنێوان ژیانی تایبەتی و کار و وەزیفەدا کراوە، چاودێری تەندروستی بەرزی دایکانی دووگیان هەیە، یەکسانیی و بچووککردنەوەی بۆشایی جێندەریی..هتد، هاوکات توێژینەوەکانی لەو بوارەدا کراون سەلماندوویانە ژنان لە مامەڵەکردنیاندا لەگەڵ هاوڵاتیانیاندا لە پیاوان بەسۆزترن و خۆشگوزەرانیی گەل لەبەرچاو دەگرن و زیاتر هەست بە ئازار و پێداویستییەکانی مرۆڤ دەکەن، بۆیە زۆرێک لەو وڵاتانەی لە بەختەوەرترین وڵاتەکانن، تێیدا ژنان بەشێکی زۆری دەسەڵاتی دروستکردنی بڕیار پێکدەهێنن.


بۆ گەشەسەندنی وڵات و دابینکردنی خۆشگوزەرانیی و ئاسایشی ئابووری و کۆمەڵایەتی، دەبێت ژن مافی بەشداریکردنی یەکسانی لەگەڵ پیاودا بۆ بەڕێوەبردنی وڵات پێبدرێت، چونکە هەرگیز بەختەوەریی وڵاتێک دوور لە بەشدارییکردنی ژنان بەدی نایەت، وەک وڵاتی ئێمە کە هێشتا ژنان تێیدا بە پلە دوو تەماشا دەکرێن و زۆرجار بەداخەوە تەنیا وەک نموونەیەکی جوانکاری یان پڕکردنەوەی بۆشاییەک ژن بەکاردەهێنرێت، دواجار ئەم وڵاتانە بەگشتی و وڵاتی ئێمە بە تایبەتی هەرگیز بەختەوەریی تێدا بەدی نایەت و تەنانەت بە چارەکێکی وڵاتە بەختەوەرەکانیش ناگەین، ئەگەر پەراوێزخستنی ژنان بەردەوام بێت.