ئینسکلۆپیدیای ژنانی هەولێر، نموونەیەک بۆ ژنانی کوردستان
تابان گەرمیانی - نووسەر و سیاسەتمەدار

ئێستا لە هەموو دنیادا کار لەسەر داتا و زانیاری دەکرێت بۆ هەموو بوارەکانی ژیان، دواتریش ئەرشیفکردنی و پاراستنی وەك بەڵگەی مێژوویی و وەك سەرچاوهی زانیارییش، کە سوودی بۆ نەوە لە دوای نەوە هەبێت، بۆ رای گشتی ئەو راستییە روون بێت کە ژنان لە سەردەمە جیاوازەکاندا چ رۆڵ و پێگەیەکیان هەبووە.
دیارە له پڕۆژەی ئەرشیفکردن و تۆمارکردنی هەموو ئەو رووداوە سیاسییانەی لە مێژووی کورددا روویانداوە، دەردەکەوێت ئەم مێژووە پڕە لە خۆڕاگری و هەزاران قوربانی و شکست و سەرکەوتن و هەڵچوون و داچوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی، تەنانەت ئەگەر هەموو ئەوانە بە شێوەیەکی کەم یان پچڕپچریش تۆمار کرابن، کە بەداخەوە بەهۆی دۆخی ناسەقامگیری کورد و ماڵوێرانییەوە بەشێکیان هەر لەناوچوون و نەمانتوانیوە لە چنگی دوژمن و ناحەزەکانمان بیانپارێزین گەرچی کەمیش بووبن.
کەمترین گرنگییان پێدراوە
بێگومان لەناو کۆی ئەو بزاڤە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەدا کە روویانداوە، ژن له نووسین و ئهدهبیاتدا کەمترین بایەخ و گرنگیی پێدراوە، یان لە هەندێ مێژوودا هەر باسی رۆڵ و پێگەی ژنانی کورد نەکراوه و زۆرجار وەک پاشکۆی پیاو و رووداوهكان باسیان لێوه کراوە، بۆ ئەمەش رەنگە هەندێك بیانوو هەبن، خودی ژن خۆیان لە مێژوودا نەیانتوانیوه خۆیان فەرامۆش نهکەن لە نووسینەکانیاندا، یان ئهوه بە هۆی کەمیی قەڵەمی ژن یان نەبوونی مێژوونووسی ژنهوه بووه، بەڵام ئێستا ژنان وەك لایەنە مرۆییەکە دهبینین ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی قەڵەم بە دەست و ئەکادیمی و راگەیاندکار و نووسەری جۆراوجۆریان تێدا ههڵكهوتووه، جگە لەوه ئامێری پێشکەتوویش هەیە بە شێوازێکی نوێ و سەردەمییانە دهرفهتمان پێدهدات ئێمەی ژنان بتوانین مێژووی خۆمان بنووسینەوە و تۆمار بکەین، وەك چۆن ژنانی هەولێر لە دووتوێ کتێبێکدا قۆناغ بە قۆناغی ژمارەیەك لە ژنانیان لە بوارە جیاجیاکاندا بەسەر کردووەتەوە كه هەریەکهیان بۆ سەردەمی خۆی رۆڵ و کاریگەریی هەبووە، ههر لێرەشهوه دەناسرێن و تێدەگەین، ژنانی ئەو شار و پارێزگایه بە چ قۆناغێکدا تێپەڕیوون، بۆیە دەکرێت لە داهاتوودا وەك سەرچاوە چەندان توێژینەوەی زانستیی لەسەر بکرێت، دەشتوانرێت سوود لە شێوازی ئامادهكردنی ئەو کتێبە وەربگیرێت و ئهمه ببێتە دەستپێکێکی باش و نموویەکی سەرەتایی تا ژنانی سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان بە جیا دەست بە نووسینەوەی مێژووی خۆیان بکەن و چیتر نەهڵێن لە ناو رووداوە مێژووییەکاندا ون بن و بخنکێن.
بەگشتی کتێبێکی بهنرخه و تێیدا ٣٥٠ خاتوون لە بوارە جیاجیاکاندا بەسەرکراونەتەوە، ئەمە بۆ ژنی کورد بەگشتی و باشووری کوردستان و هەولێر بەتایبەتی، زۆر پێویستە كه رۆڵ و پێگەی ژنانی تێدا کۆکراوەتەوە و بۆ مێژوو تۆمارکراون. هەندێك لە ژنانی ناو ئەم پەرتووکە دەکرێت چەندین توێژینەوەیان لە بارەوە بکرێت، بهتایبهتی چونکە لە بزاڤی سیاسی و شۆڕش و گۆڕانكاریی کۆمەڵایەتی و زانستیی و پەروەردەییدا و..هتد، کۆمەڵگەی کوردەوارییدا ژنانی ناسراو و دیارن، لەگەڵ ئەوەشدا بێگومان ئینسكلۆپیدیاكه، لە دیدی ئێمەوە وەك خوێنەر و چاودێر بەسەر دۆسێی ژنانی کوردەوە، پڕۆژەیەکی بێ کەموکوڕیی نییە، بەڵام وەك ئاماژەی پێکراوە ئەمە بەرگی "١"ی ئەم پەرتووکەیە، رەنگە ئەو کەموکوڕییانە، یان هەندێک لایەنی فەرامۆشکراو کە ئێمە لێرەدا لەسەر پەرتووکەکە هەمانە، لە بەرگهكانی داهاتوودا تۆماربکرێن و لەبەرچاو بگیرێن، بۆیە ئەو سەرنج و تێبینییانەی ئێمە لە گرنگیی کتێبەکە کەم ناکاتەوە و جێگەی دەستخۆشیكردنه له ئامادەکارانی، وەك پڕۆژەیش خاوەندارێتییهكهی دهگهڕێتهوه بۆ رێکخراوی رێباز فاوەندەیشن، دواجار ئەوەی مەبەستم بوو لێرەدا بیڵیم ئهوهیه: دەکرێت ئەم پڕۆژەیە، هەموو ژنانی شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان بگرێتەوە و هاوشێوەی ژنانی هەولێر لە چهشنی ئهم پەرتووکە مێژووییە بێبەش نەکرێن و پێگە و مێژووی ئەوانیش یاداشت و تۆمار بکرێت.