ئەگەر لادێیی بم یان شاریی بەتۆ چی؟
کەژاڵ ئەحمەد - هۆنەرو نووسەر

دنیا پێشکەوت و گوندەکانیش بێ کارەبا و ئینتەرنێت و ئامێرە پێشکەوتووەکانی سەردەم نین، کەچی زۆرینەی گوندنشینان لە رەنج و ماندووبوونی تاقەتپڕوکێنی لادێکان خۆیان دەرباز دەکەن و دەکشێن بەرەو شارەکان، یان رێگای مان و نەمان بەرەو هەندەران دەگرنەبەر. یەکێ لە هۆکارە کاریگەرەکانی هەوڵدان بۆ شاریی بوون و دوورکەوتنەوە لە ژیانی گوندنشین و رەوەندەکان بیرێکی باوە کە رژێمی بەعس لە هەشتاکاندا، لە سەروبەندی ئەنفالدا بە چڕی کاری لەسەر کرد و کاریگەریی دەروونیی لەسەر نەوە دوای نەوەی خەڵکی شار و گوندنشینەکان دانا. لە بیرمە ئەو سەردەمە هەمووان کە بیان ویستایە بە یەکێ بڵێن شارەزاییت نییە یان نەزانیت، پێیان دەوت: چەند (لادێیت)، یان دەیانووت: لادێی.
لە کاتێکدا لادێکان دێرینترن لە شارەکان و بە ئێستاشەوە مەڵبەندی زانین و زانیایی و خۆژێنی و نانبدەیی و باوەڕبوون بەخۆ و زمان پاراویی و رەسەنایەتین. برایەکم کە ئێستا لە بەریتانیا دەژی، وەختێ منداڵ بوو، لەو خوێندنگە سەرەتاییەی دەیخوێند بە گریانەوە دەگەڕایەوە و دەیووت: مامۆستاکەمان دەقیژێنێ و پێمان دەڵێت ریفی، ئەگەرچی نەیدەزانی مانای وشەکە چییە، بەڵام دڵنیابوو لەوەی وشەیەکی باش نییە، پێم دەوت مەگری ئەوە پێتان دەڵێت لادێی، بە هاوڕێکانیشت بڵێ، لادێی بوون نەک عەیبە نییە، بەڵکو شانازییە. ئەو سەردەمە ئەوەی جلی کوردیی لەبەردەکرد پێی دەوترا لادێی و ئەوەی قات و بۆینباخی ببەستایە شاریی بوو، نەک هەر چیرۆکی کۆنی خێزانەکەی خۆمان، بەڵکو تائێستاش چیرۆکی لەمجۆرە لەزاری هەندێ لە خوێندکارانی قۆناغە جیاوازەکان و کاسبکارانی ناو بازاڕ و ناوەندە ئەکادیمییەکان و بنەماڵە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و حزبە سیاسییەکانیشەوە دەبیستین. لە کاتێکدا ئەوەی کە پێویستە بکرێت باسکردن و خستنەڕووی هەندێ راستیی میهرەبانیی گوند و گوندنشینەکانە بەرامبەر بە هێزی پێشمەرگە لە کاتی خەباتی شاخدا، هەروەها وا رەوا و راستترە باسی هاوشیانیی و وەک یەکیی شار و گوند بکرێت لە بەخشین و باشییەکاندا بە مەبەستی پێشخستنی وڵات. بە کەس چی من شاریم یان لادێیی، گرنگ ئەوەیە لە توانا و خزمەت و بەخششەکاندا وەک هاووڵاتییەکی بە ئەمەک درێغی نەکەم و کەسێکی بەسوود و بێ مەزەڕڕەتبم بۆ خەڵک و خاکەکەم. هاوڕێیەکم دیمەنێکی جوانی خانمێکی رەوەندی بۆ گێڕامەوە لە کات بەفیڕۆنەداندا و وتی: ژنەکە مەڕ و ماڵاتەکەی پێش خۆیدا بوو لەم گوند دەیبرد بۆ ئەو گوند، بەدەم رۆیشتنیشەوە تەشی دەڕست، بۆئەوەی بیکات بە دەوار و جل و پێداویستی دیکەی ماڵ. ئینجا بۆ ئاگاداریتان ژنان ئەو بەهرەیەیان تێدایە کە لە یەک کاتدا چەند کارێک بکەن، ئەگەر ئەم خانمە نموونەیەک بێت لە رەوەندەکان خۆزگە من لەم سەردەمی بەفیڕۆدانەدا کچە رەوەندێک دەبووم.
ناشزانم دەزانن یان نا، رەوەند ئەو گوندنشینانەن کە گەرمیان و کوێستان دەکەن، بەڵام زەرەر ناکەن وەک من بکەن.