تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان مرۆڤ بەکاردەهێنن یان بە پێچەوانەوە!

دكتۆر هەتاو حەمەساڵح –مامۆستای زانكۆ

 ئەمڕۆ هیچکەس ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە هاوڕێی بەشێکی باش لە رۆژەکەی، بەڵام هەمیشە هاوڕێیەکی دڵسۆز نیین، هەندێکجار دەگۆڕێت بۆ دزێک، کە بە هێمنی کاتمان دەدزێت. ئالوودەبوون بە سۆشیاڵ میدیا خەریکە دەبێتە نەخۆشی سەردەم و چەندین ماکی خراپی لێدەکەوێتەوە. چەندجار وتووتە «پێنج خولەک» لەسەر فەیسبووک یان ئینستاگرام دەبم، بەڵام دواتر بۆت دەرکەوتووە کە زیاتر لە دوو کاتژمێرت بەفیڕۆ چووە و لەنێوان ڤیدیۆ و وێنەکاندا ون بوویت و لە کۆتایشدا بەدەستی بەتاڵەوە لێی دێیتە دەرەوە.

 

 لە راستیدا تەکنیکی هەموو پلاتفۆڕمەکانی سۆشیاڵ میدیا هێندە زیرەکانە کار دەکەن لە بەکارهێنانی ئەلگۆریتمی زیرەک و رەچاکردنی خولیا و ئارەزووەکانی تۆ، وات لێدەکەن هەمیشە بەوانەوە سەرقاڵ بیت، بەڵام گرنگە بزانین هێندەی کێشەکە لە خوودی بەکارهێنەردایە، هێندە لە خودی پلاتفۆڕمەکەدا نییە.

 

ماکلۆهان دەڵێت: هەر کاتێک تەکنەلۆژیایەکی نوێ دروستدەبێت، هەردوو تایبەتمەندیی ئەرێنی و نەرێنی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت “With the introduction of any new technology, something is gained and something is also lost.”.  کەواتە بە کوردییەکەی خۆمان، ئازا ئەو کەسەیە دەتوانێت سوود لە باشییەکانی وەربگرێت و خۆی دووربخاتەوە لە ماکە خراپەکانی.

 

بەکارهێنەری زیرەک ئەوەیە کات بۆ خۆی دیاری دەکات بەوەی کەی بچێتە ژوورەوە و کەی بێتە دەرەوە و دەیەوێت چی بەدەست بهێنێت. لەبەرئەوە هەوڵبدە لەبری ئەوەی ببیتە قوربانیی ئەلگۆریتمەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وایان لێبکە بۆ بەرژەوەندیی خۆتبەکاریان بهێنیت.

 

ئەگەر دەتەوێت تۆ سۆشیاڵ میدیا بقۆزیتەوە و سوودی لێوەربگریت و بەکاری بهێنیت نەک ئەو تۆ بەکار بهێنێت، ئەوا پێویستە لە یەکێک لەم چوار جۆرە بەکارهێنانەدا خۆت بدۆزیتەوە:

یەكەم– کار و پیشە و بنیاتنانی داهاتووی خۆشبەختانە؛ ئەمڕۆ زۆر دەبینین خەڵکی لە کوردستان سوودیان لەم تایبەتمەندییە وەرگرتووە و بە باشی بەکاریدەهێنن. هەندێک کەس فەیسبووک و ئینستاگرام و تیکتۆکیان کردووەتە نووسینگەی کاری کراوە و بە درێژایی رۆژ لێی سوودمەند دەبن. بازرگانێک بەرهەمەکانی نمایش دەکات، دیزاینەرێک کارەکانی بڵاو دەکاتەوە و خاوەن پیشەیەک بەهەمانشێوە. ئەم جۆرە بەکارهێنانە زیرەکانەیە داهاتت بۆ دروست دەکات و پێگەی پیشەییت بەهێز دەکات. بیرۆکەکە سادەیە: ناوەڕۆکێکی پیشەییانە پێشکەش بکە، کارلێکی راستەقینە لەگەڵ بینەرانت بپارێزە، پەیجەکەت وەک پڕۆژەیەک سەیر بکە نەک تەنها شوێنێکی کات بەسەربردن.

 

دووەم– سەکۆیەک بۆ گفتوگۆ و رۆشنبیریی، بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا لای رۆشنبیران و سیاسییەکان و خاوەن قەڵەمەکان بۆ هاوبەشی بیروڕای سیاسی و ئاڵوگۆڕی دیدگای رۆشنبیری و هونەری و ئەدەبی. هەریەک لەمان پلاتفۆرمەکان وەک مینبەرێک بۆ دیالۆگی فیکری، سیاسی و رۆشنبیری بەکاردەهێنن. لە ئێستادا کۆمەڵێکی باش سوود لە تایبەتمەندیی ریکلام و ریلەکان دەبینن و هۆشیاریی و رۆشبنبیریی باش بڵاو دەکەنەوە، بۆ نموونە مامۆستایان و وتاربێژەکان توانیویانە باشترین سوود وەربگرن هەم بۆ خۆیان ناسراون و هەم خەڵکی دیکەش لە زانستەکەیان سوودمەند بووە. زۆر پەیج دەبینین وتار بڵاو دەکەنەوە، کتێبەکان کورت دەکەنەوە، یان گفتوگۆی کێشەکانی کۆمەڵگا دەکەن. هەندێکیان ڤیدیۆی کورت یان پەخشی راستەوخۆ بەکاردەهێنن بۆ راکێشانی فانەکانیان و زیادکردنی فۆڵەوەرەکانیان. ئەم جۆرە بەکارهێنانە هۆشیاریی گشتی بەرز دەکاتەوە، دەرگای گفتوگۆ بۆ بابەتە گرنگەکان واڵادەکات کە رەنگە لە میدیای نەریتی و فەرمییدا شوێنی پێویستیان نەبێت.

 

سێیەم– دەزگایەک بۆ فێربوون، هیچکات ئەوەندەی ئێستا مرۆڤ نەیتوانیوە سوود لە میدیای نوێ و سۆشیاڵ میدیا وەربگرێت، ئەمڕۆ تەکنۆلۆژیای نوێ دەتوانێت کاری دەیان مامۆستای تایبەتت بۆ بکات. هەر خولیایەکت هەیە میدیای نوێ دەتوانێت بۆت ئاسان بکات و هاوکارت بێت لە بەدیهێنانی، بۆ نموونە لە خولیای فێربوونی زمان، تێگەیشتن لە ژیان، لە ئایینەکان، لە وردەکاری فیقهـ و شەریعە، لە ئەدەب و نووسین، لەبەرکردنی قورئان و فەرموودە، لە زانیاریی و توێژینەوە، تەنانەت لە پرۆگرام و مەنهەجی خوێندن. هیچ شتێک نەماوە کە زیرەکیی دەستکرد (Artificial Intelligence) و ئەپلیکەشنەکانی میدیای تازە بۆتی ئاسان نەکردبێت، کەواتە زۆر گرنگە بتوانیت سوودمەند بیت لەو هەموو ئۆفەرەی تەکنۆلۆژیای نوێ پێشکەشت دەکات.

 

چوارەم– شوێنێک بۆ دروستکردنی ناوبانگ، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وایکردووە بەدیهێنانی ئەو خەونە لە هەر کاتێکی تر ئاسانتر بێت. خەونەکانیش هەمە جۆرن، هەندێک وەک ڤلۆگەر دەردەکەون و وردەکاریی ژیانی رۆژانەیان بڵاو دەکەنەوە بۆ راکێشانی شوێنکەوتووان و بە ئەنقەست مشتومڕ دروست دەکەن. هەندێک مەرامی سیاسییان هەیە و لە رێگەی پلاتفۆرمەکانیانەوە دەیانەوێت دەربکەون و باشتر بناسرێن و دەنگی باشیان هەبێت.

 

 بێگومان لە چەند شوێنێکی دیکەدا باسمان کردووە، بەناوبانگ بوون باشە و بۆ ئەمەش تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاوکارێکی باشن، بەڵام ئەگەر لەسەر حسابی ئایین و ئەخلاق و بەهاکانی کۆمەڵگە نەبێت، کەواتە ئێمە دەڵێین تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئامرازێکی بەهێزن، بەڵام لە کۆتاییدا «ئامرازە» و ژیانێکی تەواو نییە.

 

بۆیە بە خێرایی ئامانجەکانت دیاری بکە، کاتێکی دیاریکراو بۆ بەکارهێنانی دابنێ، بەوردی و داناییەوە پۆست بڵاوبکەرەوە. لەبیرت بێت کە یەک پۆست دەتوانێت هانی خەڵک بدات بۆ توندوتیژیی و کاری نەشیاو و قەیران دروست بکات. لەوانەیە پۆستێک، نامەیەک یان چاتێک ژیانت بخاتە مەترسییەوە، یان ئاسەوارەکەی بۆ چەندین ساڵ بەدواتەوە بێت. کەواتە لە کۆتاییدا خۆت بڕیار دەدەیت: ئایا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەیتە پەیژەیەک و پێیدا سەردەکەویت، یان چاڵێک کە تێی دەکەویت؟ هەڵبژاردنەکە بە دەست خۆتە، زیرەکیی ئەوەیە ئەو رێگایە هەڵبژێریت کە خزمەتت دەکات، نەک ماندووت دەکات.