ستراتیژی بەگژدا چوونەوەی توندوتیژی خێزان
دڵسۆز ڕەسوڵ
- شێوەکار و چالاکوانی ژنان
توندوتیژی خێزانی بە گشتی و توندوتیژی بەرانبەر ژنان بەتایبەتی یەکێکن لەو بابەتانەی پێویستیان بەکاری هاوبەش و هاوکاری و کاری پێکەوەیی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت کەمبکرێنەوە و دواجاریش بنەبڕ بکرێن.
لە هەرێمی کوردستان توندوتیژی دژی ژنان وبە قوربانیبوونی ژنان لە حاڵەت دەرچووە و بووە بە دیاردە، سەرەڕای داڕشتنی یاسای تایبەت و دامەزراندنی دەزگای پۆلیس و دامەزراوەی تایبەت بەو بابەتە، بەڵام دیاردەکە بەشێوەی زەقتر وتوندوتیژانەتر خۆی دەنوێنێت ولێرە ولەوێ بەشێوەی مەترسیدار دووبارە دەبێتەوە، ئەوەیشی زیاتر وایکردوە دیاردەکە بنەبڕ نەبێت وبگرە مەترسیداتر پەرەبسێنێت ئەوەیە کاردانەوەکانی کۆمەڵگە وڕێکخراوەکان لەبەرامبەریدا تەنها شتێکی کاتین ودوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژێک بەسە هەر تاوانێکی ژن کوشتن وتوندوتیژیدا ئیتر لە بیردەچێتەوە وهەوڵەکانیش سارد دەبنەوە، هەتا ئەوکاتەی دیسان تاوانێکی تر ڕوودەدات ویژدانی هەمووان دەهەژێنێتەوە!
لێرەدا پێویستە سەرنج بخەینە سەر ئەوەی کە دەزگاکان وڕێکخراوەکان وچالاکوان ولایەنە پەیوەندیدارەکان بە ڕوانگەیەکی ستراتیژی تەماشای بابەتی توندوتیژی بەرامبەر ژنان ناکەن، واتا بەرنامەیەکی گشتگیری کارکردن بوونی نییە کە بە درێژایی ساڵ و بەپێی قۆناغ کاری لەسەر بکرێت، بەڵکو هەوڵەکان تەنها کاردانەوەی پڕ کەفوکوڵن ودوای ماوەیەک لەبیردەچنەوە یان لەبیر دەکرێن.
بێگومان ئەم کەمتەرخەمی ونەبوونی ستراتیژە سەرەڕای ئەوەی بابەتەکە لای کۆمەڵگە ئاسایی دەکاتەوە و وایلێدێت وەك تاوان تەماشای نەکات، لە هەمان کاتدا بووە بەهۆی ئەوەی ڕەوتی یاسایی سزادانی تاوانکارەکانی توندوتیژیش وەک پێویست بەرەوپێشەوە نەچن و زۆر جار کەیسەکان دیزەبەدەرخۆنە دەکرێن ولە ژێر بیانوی جۆراوجۆردا دۆسیەکان دادەخرێن و قوربانیەکان ناگەن بە مافی خۆیان و تاوانکارانیش سزای خۆیان وەرناگرن وقوتار دەبن!
لێرەوە و لە بەرەنجامی ئەو ڕاستیانەی سەرەوەدا دەتوانین بڵێین پێویستە ڕوبەڕووبوونەوەی توندوتیژی بەرانبەر ژنان بکرێتە ئامانجێکی ستراتیژی و کاری بەردەوامی لەسەر بکرێت، بۆنە و یادەکان بکرێنە ڕۆژی خستنە ڕووی ئاماری چالاکی و کارەکان نەک تەنها لەو بۆنانەدا کار وچالاکیەکان بکرێن، گرنگیشە ئەو بۆنە جیهانیانە بکرێنە وێستگەی کارکردنی هاوبەشی ڕێکخراوەکانی ژنان وداڕشتنی بەرنامەی گشتگیری هاوبەش لە پێناو یەکخستنی هەوڵەکان بەشێوەیەکی بەردەوام بۆ لەبێخەوە هەڵکێشانی هۆکارەکانی توندوتیژی و کەمکردنەوەی توندوتیژی بە شێوەی قۆناغ بە قۆناغ هەتا دەگەینە بنەبڕکردنی دیاردەکە بەتەواوەتی، چونکە ئەوە ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە کە توندوتیژی بەرامبەر ژنان و بە قوربانیکردنیان بووە بە هەڕەشەیەکی ترسناک بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتیمان.