سۆشیال میدیا، کاریگەریی لەسەر گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و کەلتورییەکان

د.هەرمن شێرکۆ نەسرەدین - مامۆستای زانکۆو پەیمانگە

گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی، گۆڕانکارییەکە لە پێکهاتەی کۆمەڵگەدا روودەدات کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر شێوازەکانی کارلێکی کۆمەڵایەتی هەبێت لە شتێکدا کە دەتوانێت کارەکتەری مرۆڤ بەرەو پرۆسەیەکی باشتر یان بە پێچەوانەوە گەشە بکات. گۆڕانی کۆمەڵایەتی، لە کۆمەڵناسیدا، گۆڕینی میکانیزمەکانی ناو پێکهاتەی کۆمەڵایەتییە، کە بە گۆڕانکاری لە هێما کەلتورییەکان، یاساکانی رەفتار، رێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان، یان سیستمی بەهادا تایبەتمەندە، هەروەها کۆمەڵناسەکان گۆڕانی کۆمەڵایەتی بە گۆڕینی کەلتور و دامەزراوە و ئەرکەکان پێناسە دەکەن. 


بەڵام زۆربەی گۆڕانکارییەکان چرکەساتی نین، بەڵکو لەناو کۆمەڵگەدا زۆرجار گۆڕانکاری زۆر خاو دەبێتەوە. چونکە هەندێک هێزی جۆراوجۆر لە کۆمەڵگەدان، کە بەرەنگاری تێکدانی دۆخی ئێستا دەبنەوە، هەربۆیە هەموو کۆمەڵگاکان لە خاڵێکدا بەم جۆرە گۆڕانکاریانەدا تێدەپەڕن.


گۆڕانی کۆمەڵایەتی-فەرهەنگی لە دوو روانگەی جیاوازەوە سەرچاوە دەگرێت. یەکەمیان لە چەمکی کۆمەڵناسیەوە دەبینرێت و دووەمیان لە چەمکی ئەنترۆپۆلۆژییەوە دەبینرێت، بەڵام دەتوانرێت گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە-فەرهەنگییەکان وەک گۆڕانکارییەک سەیر بکرێت کە بە کردەوە هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی-فەرهەنگی کۆمەڵگەیەک یان دانیشتووانێک لەخۆدەگرێت. لە بنەڕەتدا ئەم سیستمە زیاتر قبوڵکردنی گۆڕانکارییەکانی سیستمی نوێیە کە لەلایەن کۆمەڵگەوە ئەنجام دەدرێت کە بۆ باشترکردنی کوالیتی ژیان و ئاستی ژیان داڕێژراوە.


لەگەڵ بوونی سۆشیال میدیا وەک تەکنۆلۆژیایەکی نوێ، بێگومان کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ژیانی خەڵک هەبووە لە ڕەهەندە جیاوازەکانی، وەک بواری سیاسی، توخمە کۆمەڵایەتی و ئابووری و کەلتورییەکان. تەنانەت لە هەندێک لە گۆڕانکارییەکان کە بریتین لە بەرزبوونەوەی کاریگەری و کارایی مرۆڤ لە کۆکردنەوە و  بڵاوکردنەوەی زانیاری، لەهەمان کاتدا دەتوانێت بە خێرایی و لە هەر ساتێکدا زانیاری نوێ بڵاوبکاتەوە، بەبێ ئەوەی کات و شوێن بەربەستیان بۆ دروست بکات.


هەربۆیە دەستڕاگەیشتن بە سۆشیال میدیا لە هەر کاتێکدا بووەتە پێویستییەکی نوێی مرۆڤ بۆ هەمیشە نوێکردنەوەی زانیارییەکان لەبەرئەوەی سۆشیال میدیا بووەتە سەرچاوەیەکی راستەقینەتر بۆ زانیاری بە بەراورد بە میدیای تەقلیدی. 
بەکارهێنانی سۆشیال میدیا بەشێکی گرنگی هەیە لە سیستمی گۆڕانی کۆمەڵایەتی-فەرهەنگی لە کۆمەڵگەدا، واتە سۆشیال میدیا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی-فەرهەنگیدا. لە سۆشیال میدیادا سنوورە کەلتورییەکان سڕاونەتەوە، واتە لە بەکارهێنانی سۆشیال میدیادا، مرۆڤەکان چیتر جیاوازییان لە نێوان کەلتورەکاندا نییە.


بەرلەوەی باس لە کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی سۆشیال میدیا بکەین لەسەر گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان لەکۆمەڵگەدا، پێویستە بزانین ئەو هۆکارانە چین کە گۆرانکاری کۆمەڵایەتی دروست دەکات لەکۆمەڵگەدا؟ هەڵبەتە هیچ کۆمەڵگەیەک بۆ هەمیشە وەک خۆی نامێنێتەوە، بەڵام چەند هۆکارێکی دیاریکراو دەیباتە پێشەوە و گۆڕانی کۆمەڵایەتی تیایدا دروست دەکات:

یەکەم: ناکۆکی و ململانێ
بە چاوخشاندنێک و گەڕانەوە بۆ مێژوو،  روونە کە ناکۆکی و ململانێ  و نایەکسانی لەسەر بنەمای چینایەتی،  رەگەز، ئایین و زۆر شتی تر، ناڕەزایی و توڕەیی پەروەردە دەکات. بۆ چارەسەرکردنی ئەم بارودۆخ و ناکۆکیانە، چەندین گروپ و لایەن کۆدەبنەوە بۆ گۆڕانکاری، هەندێک جار گۆڕانکاری بە خێرایی روودەدات، بەڵام زۆرجار بە تێپەڕبوونی کات بە قۆناغ گەشە دەکات و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی دروست دەکات.

دووەم: گۆڕانی دیمۆگرافی
کاتێک پێکهاتەی دیمۆگرافیای کۆمەڵگەیەک دەگۆڕێت، گۆڕانی کۆمەڵایەتی حەتمییە. زۆرجار دیمۆگرافیای کۆمەڵگە دەگۆڕێت کاتێک لەدایکبوون زیاد دەکات یان مرۆڤەکان دەست دەکەن بە تەمەنی درێژتر. لەلایەکی ترەوە دانیشتووانێکی گەورەتر و زیادبوونی پەنابەر یان کۆچبەر کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دەبێت و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی دروست دەکات.

 

سێیەم:گۆڕانی کەلتوری
داهێنان و دۆزینەوە نوێیەکان و بڵاوبوونەوەی بیرۆکەکان بەشدارن لە گۆڕانکارییە کەلتورییەکان. لەنێویشیاندا کاریگەری سۆشیال میدیا، نەک تەنها کولتوری تاکە وڵاتەکانی گۆڕیوە بەڵکو هەموو جیهانی گۆڕیوە، تەنانەت چۆنیەتی پەیوەندیکردنمانی گۆڕیوە، لەهەمان کاتدا پێکهاتەی پیشەسازییە بێشومارەکان و دۆزینەوەکان کاریگەرییان لەسەر کولتوری کۆمەڵگەیەک هەیە، بۆیە هەندێک بیرۆکەی نوێ سەبارەت بە رەگەز، ئایین، کار، پەروەردە و هتد دەتوانیت کەلتورێک بگۆڕێت.


کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی سۆشیال میدیا لەسەر گۆرانکارییە کۆمەڵایەتییەکان لەکۆمەڵگەدا:
بۆ کۆمەڵگە بەکارهێنانی سۆشیال میدیا کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی هەیە، کاریگەری ئەرێنی بەکارهێنانی سۆشیال میدیا بۆ کۆمەڵگە بە روونی زۆرێک لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی-فەرهەنگییەکانی بەرەو ژیانێکی باشتر راکێشاوە، لە کاتێکدا کاریگەرییە نەرێنییەکانی بەکارهێنانی سۆشیال میدیا بۆ کۆمەڵگە زیاتر بە وازهێنان لەو کەلتور وداب و نەریت و ئەخلاقانەی کە تا ئێستا هەبوون، گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی-فەرهەنگی بەدوای خۆیدا هێناوە.


سەرهەڵدانی سۆشیال میدیا بووەتە هۆی گۆڕانکاری لە خووی ژیانی مرۆڤدا. ئەم گۆڕانکاریانە دەتوانن بوونی مرۆڤ باشتر بکەن، بۆ نموونە ئەگەر لە روانگەی ئابوورییەوە سەیری بکەین، دەبینین کە خەڵکێکی زۆر لە سۆشیال میدیا قازانج دەکەن، بە تایبەتی لە رێگەی بازرگانییەوە، بەم شێوەیە کۆمەڵگە ئێستا پشت بە سۆشیال میدیا دەبەستێت. ئەمەش لە ئەنجامی کاریگەری ژیانی ئاسایی مرۆڤەکان روودەدات. ئێستا خەڵکی رۆژانە زیاتر لە سێ کاتژمێر سۆشیال میدیا بەکاردەهێنن دەتوانرێت بانگەشەی ئەوە بکرێت کە سۆشیال میدیا خەریکە پێویستییەکی نوێی مرۆیی دادەمەزرێنێت.


بەکارهێنانی سۆشیال میدیا گۆڕانکاری جۆراوجۆری لە ژیانی رۆشنبیری خەڵکدا دروست کردووە. شێوازی ژیانی مرۆڤەکان پێشکەوتووتر دەبێت لە ئەنجامی بەکارهێنانی سۆشیال میدیا، ئەمەش دەبێتە هۆی وابەستەیی، مرۆڤەکان ئیتر ئاڵۆز نین لە کاتی پەیوەندیکردن لەگەڵ کەسانی تردا چونکە چیتر بەهۆی بەربەستەکانی وەک کات، شوێن، تێچوون، یان دوورییەوە سنووردار نین، بەڵام سۆشیال میدیا کاریگەری پێچەوانەی هەیە کە وادەکات مرۆڤەکان لە ژیانی خۆیان داببڕێت. ئەمەش کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و کەلتورییەکانی کۆمەڵگە هەیە، بۆ نموونە سۆشیال میدیا وا لە خەڵک دەکات پەیوەندیکردن بە شێوەیەکی مەجازی هەڵبژێرن نەک رووبەڕوو.


جگە لەو کاریگەرییە ئەرێنییانە، سۆشیال میدیا کاریگەریی نەرێنی لە سەر کۆمەڵگە هەیە،  بۆ نموونە لە سۆشیال میدیادا خەڵک بەردەوام لەگەڵ یەکتردا لەسەنگەردان یان لە پێکداداندان. زۆرجار کۆمەڵگەکان سۆشیال میدیا وەک چەکێک بۆ دابەشکردنی یەکڕیزی بەکاردەهێنن، بەتایبەتی لە رێگەی پڕوپاگەندەکردن و دروستکردنی هەواڵی ساختەوە، بەبێ ئەوەی بزانن سۆشیال میدیا  چەندە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر گۆڕانکارییەکانی ئەو سیستمە هەبووە کە تا ئێستا لە کۆمەڵگەدا هەبووە. 


کاریگەری میدیا گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بەرەو گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی-فەرهەنگی بەرهەم دێنێت چونکە مرۆڤەکان لەرێگەی سۆشیال میدیاوە زۆر بە ئاسانی کارلێک لەگەڵ یەکتر دەکەن، لە ئەنجامدا واقیعی کارلێکی کۆمەڵایەتی کەم دەبێتەوە و خەڵک هەڵدەبژێرن لە رێگەی سۆشیال میدیاوە لەپرسە جیاوازەکاندا بەشداری بکەن، بەشێوەیەک مرۆڤ چیتر پێویست ناکات رووبەڕوو لەگەڵ مرۆڤەکانی تر کۆببێتەوە بۆ ئەوەی کارلێک بکات، هەربۆیە پەرەسەندنی خێرای سەردەم و لەگەڵ بوونی سۆشیال میدیا و بەکارهێنانی، بە خێرایی گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا دروست دەکات، بەتایبەتی گۆڕانکاری لە کەلتوردا، گۆڕانکاری لە شێوازی ژیاندا و گۆڕانکارییەکانی دیکەی تری پەیوەست بەژیانی مرۆڤەکان. بەم شێوەیە کاردانەوە و کاریگەری ئەرێنی و نەرێنی لە خودی سۆشیال میدیاوە دەبێت و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی لەکۆمەڵگەدا دروست دەکات.