سروشتی کوردستان لەنێوان جوانیی و بەرپرسیارێتیدا
دێرین جەمال- نووسەر
ئەمساڵ زەویوزاری کوردستان بەهۆی رێژەی زۆری بارانبارینەوە، بەرگێکی سەوزی دڵڕفێنی پۆشیوە کە چاو تێر ناکات، دەشت و دەرەکان بوونەتە مەڵبەندی ئارامی بۆ هاووڵاتیان، بەڵام ئەم دیمەنە ناوازەیە تەنها جوانیی نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی گەورەی هۆشیاریی ئێمەیە بەرامبەر بە ژینگە، جێی داخە زۆرجار دەبینین دوای گەشت و سەیرانەکان، ئەو شوێنە جوانانە دەبنە شوێنی کۆبوونەوەی پاشماوە و پلاستیک، ئەمەش ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ تێكچوونی هاوسەنگیی سروشت لە ناوچەکەماندا، بۆ ئەوەی بتوانین ئەم ژینگە جوانە بپارێزین، پێویستە گەشتیار هۆشیار بکرێتەوە کە سەیران تەنها گۆشت برژاندن و کاتبەسەربردن نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی رێزگرتنە لەگەڵ سروشت.
دەکرێت لە رێگەی بڵاوکراوەی زۆرتر و رێنمایی وردەوە لە بازگەکان و ناوچە گەشتیارییەکان، ئەم کەلتورە بچەسپێنین، چونکە پاراستنی ژینگە پێویستی بەوەیە هەر تاکێک بەرپرسیار بێت لەو پاشماوەیەی دروستی دەکات، بردنەوەی زەرفی خۆڵ و پاککردنەوەی شوێنەکە پێش بەجێهێشتنی، سادەترین ئەرکی نیشتمانییە، لەلایەکی ترەوە گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاریی پێویستی بە داهات و بودجە هەیە، دەکرێت حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان سیستمێکی وا رێکبخەن کە داهاتی گەشتیاری (وەک رەسمی چوونە ناو سەیرانگە یان سزای ژینگەیی) کۆبکرێتەوە و راستەوخۆ لە خزمەتگوزارییەکاندا خەرج بکرێتەوە، گرنگترین خزمەتگوزاریش چاککردنی رێگاوبانەکانە کە دەبێتە هۆی ئەوەی گەشتیار بە دڵنیایی و ئاسوودەیی زیاترەوە روو لە دەشتە سەوزەکان بکات.
کاتێک هاووڵاتی دەبینێت ئەو پارەیەی دەیدات دەبێتە قیر و ئاوەدانی بۆ رێگەی سەیرانگەکە، بە دڵنیاییەوە بە خۆشحاڵی و هاوکارییەوە بەشدار دەبێت، یەکێکی تر لە مەترسییە گەورەکان کە ساڵانە کارەساتی دڵتەزێن دروست دەکەن، مەلەکردنە لە چەم و دەریاچەکاندا، زۆربەی گەشتیاران بۆ خۆشی دەچنە کەنار ئاوەکان، بەڵام بەهۆی نەبوونی هۆشیارییەوە دەچنە ناو ئاو بۆ مەلەکردن، کە زۆربەیان مەترسیدارن و بۆ مەلەکردن دەست نادەن، پێویستە رێنماییەکان لە نزیک دەریاچەکان توندتر بکرێن و بە تابلۆی گەورە و هۆشیاریی میدیایی بە خەڵک بوترێت، بۆ گەشت و بینینی جوانیی ئاوەکە وەرە، نەک بۆ مەلەکردن و گیانلەدەستدان، دواجار کوردستان نیشتمانی هەموومانە و جوانییەکەی شکۆی ئێمەیە، پاراستنی ژینگە، رێکخستنی داهاتی گەشتیاری، پابەندبوون بە رێنماییەکان، سێ کۆڵەکەی سەرەکین بۆ ئەوەی بتوانین هەم لە سروشتەکەی بەردەوام بین و هەم کوردستان بکەینە ناوەندێکی گەشتیاریی سەردەمیانە، کە تێیدا مرۆڤ و ژینگە بە ئاشتی پێکەوە بژین.