شێوازی فڕێدانی خۆڵ و خاشاك و پاراستنی مافی ژینگەپارێزان
هێرۆ کەمال بەرزنجی- نووسەر

لەسەر حكومەتی هەرێم و ئیدارەی پارێزگای هەولێر پێویستە، ئۆتۆمبێلی شارەوانی لەكاتی خۆیدا بێت و جیاوازیی لە نێوان گەڕەكەكاندا نەكات، هاوكات رێگا بە كۆمپانیاكانی پاككەرەوە نەدات مافی كرێكارە بیانییەكان و ژینگەپارێزان بخۆن
وەكو دەڵێن پاكو خاوێنی لە ئیمانەوەیە، یەكێك لە بنەما سەرەكییەكانی پێشكەوتنی هەر كۆمەڵگایەك پاك و خاوێنییە، بەبیرم دێت كاتێك منداڵم بووم لە خوێندنگا مامۆستاكەمان دەیانگوت (ئەوەی لێرە پاك و خاوێن بێت ئەوا لەماڵەوەش پاك و خاوێنە)، بۆیە ماڵ و خێزان دەروازەیەكە بۆ هەر كەسێك تاكو بتوانێت وڵاتەكەی و شارەكەی و گەڕەكەكەی خۆی بە پاك و خاوێنی رابگرێت.
ئێستا بەهۆی خەرجی زۆر و داواكاریی خواردنی دەرەوە و زۆری جۆرەكانی خۆراك، وایكروە خێزانەكان پاشماوەیەكی زۆر فێڕبدەنە ناو سەلەی خۆڵ و چاوەڕوان بكەن تاكو ژینگەپارێزان هەڵی بگرن و فڕێیدەن، تاكو ئێستا كارێكی گونجاوە و یەك دەگرێتەوە لەگەڵ بنەماكانی پاك وخاوێنی ناوماڵ وەك لەسەرەتادا ئاماژەمان پێكرد.
بەڵام ئەوەی پێویستە هەموو خێزانەكان لەبەرچاوی بگرن و پەیڕەوی بكەن، شێوازی فڕێدانی ئەو پاشماوانەیە، چونكە وەك لە چەند شوێنێكی شاری هەولێر بەدیدەكرێت، بەشێك لە خێزانەكان بەشێوەیەكی ناشارستانی و دوور لە رەچاوكردنی پاك و خاوێنی پاشماوەكانیان دەخەنە ناو تەنەكەی خۆڵەوە، تەنانەت هەندێك خێزان سەرجەم جۆرەكانی پاشماوە تێكەڵ بەیەكتر دەكەن و جیای ناكەنەوە، بەمەش جگە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و دیمەنێكی نارێك، هاوكات كاتێكیش ژینگەپارێزان دەیانەوێت فڕێی بدەن، تووشی زەحمەتی زۆر دەبنەوە.
هەروەها لەسەر دایكان و باوكان پێویستە رێنمایی منداڵەكانیان بكەن، دەستكاریی تەنەكەی خۆڵی بەردەم ماڵەكان نەكەن، رێز لە ژینگەپارێزان بگرن، كە بەشێكی زۆریان خەڵكی وڵاتانن و ئەمڕۆ بەناچاری ئەو كارە دەكەن، بەڵام كارێكی پیرۆزە، جگە لەوەی بە ئارەقەی نێوچەوانی خۆیان بژێوی ژیانیان دوور لەكەسوكارەكانیان دابین دەكەن، لە هەمانكاتدا شارەكەمان پاك دەكەنەوە، چونكە هەر دواكەوتنێك لە هاتنی ئۆتۆمبێلی شارەوانی، وادەكات رێژەیەكی زۆر لە پاشماوەكان لەسەر شۆستەی كۆڵانەكان بمێنێتەوە و خەڵكی هەرەسان بكات.
ئەوەی ماوەتەوە لەسەر حكومەتی هەرێم و ئیدارەی پارێزگای هەولێر پێویستە، ئۆتۆمبێلی شارەوانی لەكاتی خۆیدا بێت و جیاوازیی لە نێوان گەڕەكەكاندا نەكات، هاوكات رێگا بە كۆمپانیاكانی پاككەرەوە نەدات مافی كرێكارە بیانییەكان و ژینگەپارێزان بخۆن، چونكە زۆرجار گوێبیستی ئەوە دەبین، لەگەڵ ئەو ماندوبوونەی ژینگەپارێزان دەیكەن، كەچی مووچەكانیان دوا دەكەوێت یان بڕە پارەیەكی كەمیان پێدەدەن.