سەدەی ٢١ سەدەی ژنە؟
کەژاڵ حەمە ڕەشید- چالاکوان
سەدەی ٢١ سەدەی ژنە؟، بەڵێ ئەمە ڕاستە وەک چۆن لە دوو سەدەی ڕابردوودا کرێکاران کاراکتەری کاریگەری شۆڕشەکان بوون و ئایدۆلۆژی وابەستە بەچینی کرێکارەوە ڕۆحی شۆڕشەکان بوو، ئەم سەدەیەش لە ماوەی نزیک بە ٢٠ ساڵی ڕابردوو ژنان ڕۆڵی سەرەکی و کاریگەریان بینیوە لە سەرهەڵدان و مانگرتن و ناڕەزایەتی شۆڕشەکاندا. نموونەی مانگرتنی مێژووی و سەرکەوتووی چەند ملیۆنی جووتیارانی هیندستان بۆ ماوەی ساڵێک کە ژنان ڕۆڵی سەرەکیان تیابینی، و شۆڕشی ڕۆژئاڤای کوردستان ئەم دوو نموونەیە کە لە ڕاستیدا بوونەتە جێگای تێڕامان و لێکۆڵینەوەی خودی سەرمایەداری و بیرمەندانی جیهانی و ئێستاش سەرهەڵدانی و شۆڕشی ڕۆژهەڵات و ئێران بەتەواوەتی ژنان ڕابەرایەتی دەکەن وە ڕۆحی شۆڕشەکانی ئەم سەردەمە فەلسەفە و ئایدۆلۆژی ژن و ئازادی ژنە.
لە دوای شکستی بلۆکی سۆڤیەت و کۆمۆنیزم، بزووتنەوەی دژی سەرمایەداری و کۆلۆنیالیزم و دژی جەنگیش زۆر بەرەو کزی ڕۆیشت. ئەوەتا لەم سەدەی ژنانەدا ژنان خەریکە ئەو بزووتنەوەیەش زیندوو دەکەنەوە.
IWA-International Women’s Alliance- هاوپەیمانی جیهانی ژنان، لە ساڵی ٢٠١٠وە دامەزراوە، هەر سەرەتای دروستبوونی ١٠٤ ڕێکخراو پێوەی پەیوەست بووە و ئێستاش ١٥٠ ڕێکخراوی لەخۆگرتوە.
ئامانجە سەرەکیەکانی ئەم هاوپەیمانێتیە دژ وەستانەوە بە ڕووی جەنگدا، هەڵوەشانەوەی ناتۆ، وەستانەوە بەدژی بەرهەمهێنانی چەکو، پشتیوانیکردنی سەربەخۆیی گەلانی ژێردەست، پشتیوانی یەکێتی و سەندیکا کرێکارییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی و خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتییەکان و دادپەروەری کۆمەڵایەتییە، بەگشتی بزووتنەوەیەکی دژی سەرمایەداری و کۆلۆنیالیزم و دژی جەنگە.
کۆنفرانسی ئەمساڵ لە زانکۆی مۆنتریال/کەنەدا بەسترا، بەخۆشحاڵیەوە بەشداربووم لەم کۆنفرانسەدا و بابەتەکەشم لەبارەی ڕۆڵی ژنی کورد لە بەرەنگاری جەنگ و چەکداریدا پێشوازیەکی باشی لێکرا.
ئەوەش زۆر گرنگ بوو باسی دەستێوەردان و چەک فرۆشتنی ئەمریکا و کەنەدا بە ووڵاتە هێرشبەر و داگیرکەرەکان کرا، فرسەتێکی باش بوو کە باس لەسەر ئەو بارودۆخەی ئێستای ئێران و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی تورکیا بۆ سەر گەریلا و درێژەدان بەو کەمپینەمان کە ساڵی ڕابردوو بەڕێمانخست بۆ ڕاگرتنی بازرگانی نێوان کەنەدا و تورکیا.
خاڵێکی گرنگی تر، لە ئەنجام و بڕیارەکانی کۆتایی کۆنفرانسەکە بڕیارێکیان تایبەتە بە پشتیوانی کردنی سەربەخۆیی ئەو گەلانەی کە لەژێر هەژموونی داگیرکەراندان وەک کورد و هایتی کە لە ئێستادا لە بارودۆخێکی زۆر خراپدان.
لەم کۆنفرانسەدا نوێنەری چەندین ڕێکخراوی چەپ و ئەنارشست و سەندیکای کرێکاری و ڕێکخراوی پشتگیری پەنابەر و دژی توندوتیژی ژنان و ڕێکخراوی کۆمیونتیە کان بەشداربوون لە هەرێمەکانی کەنەداو ئەمریکاوە.