دووفاقی کورد و ڕێگریی لە درووستکردنی ڕای گشتی بەرامبەر تورکیا و ئێران
نەجیبە مەحمود - ڕۆژنامەنووس
ئەگەر دووفاقی کورد و کاریگەرییە نەرێنیەکانی لە مامەڵەکردن دژ بە هێرشی موشەک و فرۆکە بێفرۆکەوانەکانی ئێران و تورکیا نەبووایە، دەکرا کاریگەری جۆراوجۆری لەسەر ڕای گشتی هەبێت.
ئەم کاریگەرییانە ڕەنگە پەیوەست بێت بە هەلومەرج و شێوازی پەیوەندی میدیا و ڕۆڵی سیاسەت و بزووتنەوە سیاسییەکانی کورد کە بەهۆی دووفاقی لە هەڵوێستی سیاسی و ململانێ سیاسیە نێوخۆییەکانیان و پەرتەوازەیی نێوماڵی کورد نەتواندراوە بکرێنە کارتێکی فشار لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی لە درووستکردنی ڕای گشتیی لە جیهاندا.
هەربۆیە بوونی یەکریزیی و یەکهەڵوێستی کورد لە ئێستاد تاکە رێگایە بۆ وەستانەوە بەرامبەر هەرجۆرە هێرش و دەستدرێژییەکی ئەو وڵاتانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیانی.
زیادبوونی نیگەرانییەکان لە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان دەتوانێت نیگەرانی و ترس لە نێو خەڵکی کوردستان و تەنانەت لە نێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشدا درووست بکات. ئەم هێرشانە دەکرێت ببێتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان و بەردەوامبوونی ململانێکان لە ناوچەکەدا.
هەروەها کاریگەری لەسەر پێگەی ڕێخکراوە نێودەوڵەتیەکان لە ناوچەکەدا. هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان لەوانەیە ببێتە هۆی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و ئەم پرسە رەنگە کاریگەری نەرێنی لەسەر پێگەی دەزگا نێودەوڵەتیەکان هەبێت.
بەڵام بەهۆی سیاسەتی دووفاقی کورد و مامەڵەی لەگەڵ موشەکباران و هێشرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، نەیتوانیوە ڕای گشتی درووست بکات بۆ نیشاندانی وێنەیەکی نەرێنی لە ئێران و تورکیا لە چاوی خەڵک و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
ئەم هێرشانە دەکرێت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕەخنەیان لێ بگیرێت و وێنەی ئەو وڵاتانە لە چاوی خەڵک و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لاواز بکات.
هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانان ڕەنگە ببێتە پاڵپشت و پاڵنەر بۆ هەندێک گرووپی دیکەی توندڕەو لە ناوچەکە، هەروەها پەرەسەندنی گرژی و ناکۆکی نێوان وڵاتانی پەیوەندیدار و سێبەرکردنی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە کە دواتر دەبێتە هۆکاری مەترسی بۆ سەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی هەرێم. هەروەها رەنگە کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و هاوکارییە ناوچەییەکان هەبێت.
بە گشتی دووفاقی کورد لە بەرامبەر هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران و تورکیا ڕەنگە نەتوانێت بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە کاریگەری لەسەر بیروڕای گشتی درووست بکات.
وێڕای ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئێران و تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، ڕوحی شەهیدەکان شادبێت و بە هیوای سەلامەتی بۆ بریندارەکان.