راگەیاندن لە نێوان ئەركە ئەرێنی و نەرێنییەكاندا

بەناز حەمەرەشید مامۆستای زانكۆ- بەشی راگەیاندن

بەناز حەمەرەشید  مامۆستای زانكۆ- بەشی راگەیاندن

 

 

كاتێك باس لە راگەیاندن دەكرێت لە رێی ئامرازەكانیەوە بەهەموو جۆرەكانی خوێنراو، بیستراو، بینراوەوە بەپێی سەرچاوە زانستیەكان پسپۆران ئاماژەیان بە چەندین ئەرك داوە كە راگەیاندن دەبێت جێبەجێی بكات و لە رێی ئەو ئەركانەوە خزمەت بە تاك و كۆمەڵ بكات كە سەرجەمیان ئەركی ئەرێنین، لاسویل زانای بواری رامیاری بە یەكەمەكان دادەنرێت كە گرنگی داوە بە ئەركی راگەیاندن و ئەركەكانی كردووە بەچەند جۆرێكەوە وەكو ئەركی چاودێریكردنی ژینگە: مەبەست لێی كۆكردنەوەی زانیاری و دابەشكردنێتی لەناو و دەرەوەی كۆمەڵ بەمەبەستی خۆگونجاندنی كۆمەڵ لەگەڵ بارودۆخدا. بەستنەوەی بەشەكانی كۆمەڵ بۆ وەڵامی دەورووبەر: دەبێت راگەیاندن رۆڵی هەبێت لە بەستنەوەی بەشەكانی كۆمەڵ پێكەوە بۆ دروستكردنی رای گشتی لەسەر بابەتە سەرەكیەكان. گواستنەوەی كەلتور لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكیتر. ئەگەر پێشتر ئەم رۆڵە هی دایكان و باوكان بوایە یان لە ئەنجامی تێكەڵبوون بوایە ئەوا ئێستا راگەیاندن ئەم ئەركەی لەسەرە ئەنجامی بدات. هەوروەها (ولبورشرام)یش پێی وایە كە ئەركی راگەیاندن بریتین لە ئەركی چاودێریكردن، راگەیاندن رۆڵی چاودێریكردن دەبینێت بەسەر سیستمی حكومرانی و گەندەڵییەوە، ئەركی سیاسی بۆ بریاردان و دەركردنی یاسا، ئەركی بەكۆمەڵایەتیكردن بۆفێركردنی تاكەكانی كۆمەڵ بەلێهاتووییەكان.

 

ئەركێكی دیكە

(تشارلس رایت)یش ئەركێكی دیكەی بۆ راگەیاندن زیاد كردووە كە ئەویش كات بەسەربردنە، ئەركی كات بەسەربردن: ئەم ئەركە ئەركێكی سەرەكییە بۆ تاك و كۆمەڵ وئەركێكی گرنگە بۆدەزگای راگەیاندن كە لەڕێی ئەم ئەركەوە تاك دەتوانێت لەناو ژیانی جەنجاڵدا هەناسەیەك بدات و لەرووی دەروونییەوە پشووبدات بەمێشكی، لەرێی دراماكان و بەرنامەی هونەری و میوزیك و گۆرانی بەرنامەی تەنز و پێكەنینەوە، لەگەڵ ئەو ئەركانەدا چەند ئەركێكیتر هەن كە پسپۆران ئاماژەیان پێداوە وەك ئەركی ئاراستەكردن: مەبەست لێی ئاراستەكردن و دروستكردنی راوبۆچوونە لەسەر بابەتێك ، هەروەها ئەركی جاڕدان و پروپاگەندە: مەبەست لێی ئەركێكی سەرەكییە بۆ نمایشكردنی كالا و ناساندنی بەجەماوەر، هەروەها ئەركی هەواڵی و زانیاری: مەبەست لێی پێدانی زانیاری و هەواڵە لەسەر سەرجەم لایەنەكانی ژیان و دەورووبەر بە تاك و كۆمەڵ بۆ بەئاگابوون لە رووداوەكانی ژیان لە رێی هەواڵەكان و بەرنامە هەواڵیەكان، هەروەها (لازارسفیلد ومیرتون) ئەركی راگەیاندنیان كردووە بەم جۆرانەوە: ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا، پاڵپشتكردنی پێوەرە كۆمەڵایەتییەكان واتا لەهەموو كۆمەڵێكدا رەفتاری گشتی كۆمەڵ هەیە و لەبەرامبەریشدا رەفتاری تایبەتی لای هەندێ‌ تاك هەیە و كەلێن هەیە لەو نێوانەدا، هەروەها كەلێن لە نێوان وتنەكان و كردارەكاندا هەیە، بۆیە دەكرێت لێبوردەیی لەگەڵ ئەم لادانانەدا هەبێ، دەبێ بەهاو و پێوەرە كۆمەڵایەتیەكان بپارێزرێت ، بێهۆشكردن یان (كەموكورتی لە ئەركدا): پێش ئەمانیش لازویل ئاماژەی بەوە داوە كە دەشێت راگەیاندن هەر رۆڵی نەبێت یان زانیاری بشارێتەوە لەخەڵك، دەكرێت راگەیاندن كەموكورتی لەئەركدا هەبێت و كاریگەری قبوڵنەكراوی لەكۆمەڵداهەبێت كە بە بێهۆشكردن ناویانبردووە، ئەگەرچی ئەم جۆرەی كۆتایی زۆر گرنگە، بەڵام زۆر بەكەمی ئەتوانین بلێین بەشەرمنانە خراوەتەڕوو، لەمسۆنگەیەوە ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێبدەین ئەوەیە كە كاتێك راگەیاندن لەو ئەركە ئەرێنیەی لادەدات و رۆڵی باش نابینێت و رۆڵێكی خراپ دەبینێت ئەوە كەسەكانی پشت ئامرازەكانن ئەو پەیامانە بەنەرێنی دەنێرن بۆ وەرگر جا بەچ مەبەستێك و بۆ هێنانەدی چ ئامانجێكە ئەوە لای نێرەرە واتا كەس و ئایدیای پشت دەزگاكە، بۆیە لێرەدا ئەركەكەی پێچەوانە دەبێتەوە و ئەركێكی خراپی دەبێت وەك:

 

1- دەستكاریكردن و بەلاڕێدابردن رەواج پێدان بۆ شتێك بكەی و جێی متمانە نەبێت لای وەرگر یان دەستكاری زانیارییەك بكەیت.

 

2- شاردنەوە و بێبەشكردن: شاردنەوەی زانیارییەك كە بڵاوكردنەوەی ببێتەهۆی گرانی یان قورسی لە هێنانەدی ئەو ئامانجانەی كە سود ببینێت لەو شاردنەوەیە .

 

3- گەورەكردن: واتا دروستكردنی وێنەیەكی جۆری بۆ خۆی و دەرخستنی خۆی وەك هێزێكی لەرادەبەدەر (بەنمونە راگەیاندنی رێكخراوی داعش چۆن كاری دەكرد بۆ دەرخستنی توانای خۆی).

 

4- ترساندن : واتا بڵاوكردنەوەی زانیاری و هەواڵ بەشێوەی ترساندن و تۆقاندن وەك یەكێك لە رێگاكانی قەناعەتپێكردنی پەیام لای جەماوەر كە ترساندنە واتا (استمالە التخویف) لەڕێی ئەمەوە وەرگر ئەكەوێتە ژێربارییەوە وەكو هەندێكجار وەرگر هەندێك لەو پەیامانەی بڵاودەكرانەوە لەسەرنەخۆشی پەتای كۆرۆنا بەم شێوەیە ناودەبرا .

 

-5 درۆكردن و تێكدان: كاتێك دەزگایەكی راگەیاندن ناتوانێت ئەوەی مەبەستێتی بیهێنێتەدی لەدروستكردنی رای گشتی پەنا دەباتە بەر بڵاوكردنەوەی زانیاری درۆ و هەواڵی ناڕاست.

 

6-وروژاندن: واتا بەكارهێنانی وروژاندن لەهەواڵ و زانیاریدا كە ئەمەش ئەچێتە ناو وروژاندنی سۆزوەوە .

 

7-بڵاوكردنەوەی وەهم (خەون و خەیاڵ): واتا راگەیاندن كار لەسەر دروستكردنی خەون وخەیاڵ دەكات لەڕێی دەربرینی زمانەوانیەوە كەمانای زۆر بدات بەوەرگر خەیاڵی بۆ شتی ناڕاست بڕوات ، وەخۆی بەڕاست نیشان بدات و وادەریدەخات زانیارییەكانی لەسەرچاوەی ڕەسەنەوە وەرگرتوە .

 

8- تەمومژاوی و تێكەڵكردنی زانیارییەكان: لەگرنگترین رێگرییەكانی بڕیارداندا دروستكردنی بارودۆخێكی تەمومژاوی و تێكەڵكردنی شتەكانە بەسەریەكاداو زانیارییەكانیش دژیەك دەبن لەیەك كاتدا.

 

9- ژەهری ناو هەنگوین: ئەمە ترسناكترین شێوازە راگەیاندن دەیگرێتە بەر بۆ بەلاڕێدابردن، وەرگر لێرەدا راگەیاندن هەواڵەكە بەرێگایەكی راست دادەرێژێت و بەشێكی زۆری راستە بەڵام رێژەیەكی كەمی ناڕاست تێكەڵ دەكات وەك بڵێیت ژەهر دەكاتە ناو هەنگوینەوە.

 

10- دووبارەبوونەوە: دووبارەبوونەوەی بابەت و زانیاری نەرێنی بەخراپ دەشكێتەوە بەسەر وەرگردا وەك چۆن بۆ زانیاری ئەرێنیش بە دووبارەبوونەوە زانیارییەكان چەسپ دەبێت، كە ئەمە رەگەزێكە بۆ دروستبونی رای گشتی .

 

11- بچوككردنەوەو كەمكردنەوە: كار لەسەر كەمكردنەوەی شتە مەترسیدارەكان دەكات بەوەی كە جێی ترس نین و زیانی پێ ناگەێنن واتا بابەتە گرنگەكان بچوك دەكەنەوە .

 

12- دەرخستنی راستیەكان: بەگرتنەبەری رێگاكانی بەلاڕێدابردنی وەرگر و بەپێی تێپەربونی كات دەبێتە هۆی لەدەستدانی متمانە و وەرگر بۆیە پێویستی بەوەیە كە جارجار زانیارییەكان وەك خۆیان دەرخات، بۆیە ئەم شێوازانە پاڵپشتی سیاسەتی راگەیاندن بۆ شەوكوێركردنی وەرگرە .

 

13- بەرنامەی زمانی عەسەبی (اللغە العصبیە): ئەمە ئەكەوێتە سەر كەسی بەرامبەر چۆن لێی تێدەگات وەك چۆن بەیەكێ‌ بلێیت (ئەدائت جوانە هەقی رێزلێنانە ) یان (ئەدائت ناشرینە هەقی سەرزەنشت كردنە ) كەسی بەرامبەر تا چەند ئەمە كاری تێدەكات و متمانەی بەخۆیەتی .

 

14- سەرنجراكێشان: لەكاتی رووداودا ئەمە بەكاردەهێنرێت بۆ گۆڕینی رێڕەوی بابەتەكە، تیشك دەخاتە سەر شتێك زانیارییەكانی رەسەن نین، واتا لە سەرچاوەی ئەسڵیەوە وەرنەگیراون (كە ئەمە لەڕاگەیاندنی كوردیدا زۆرە ناوی سەرچاوە ناهێنرێت یان لەسەرچاوەی لاوەكییەوە یان لە سەرچاوەی دووەم و سێیەمەوە وەرەگێرێت).

 

15-گیلی و بیئاگایی: هەندێك وەرگر هەیە كە هۆشیارە و وردبیننە لە موتابەعەكردنی پەیامی راگەیاندندا رووبەرووی دیعایەی ئاراستەكراو ئەبنەوە و دواتر بۆیان دەرەكەوێت كە ئەو زانیارییەیان دەست ناكەوێت كە پشتی پێ ببەستن لەشیكردنەوە بۆ هەڵوێستوەرگرتن، ئەم جۆرە لە وەرگر كەمن لەبەرامبەر زۆرینە كە زانیاری وەرەگرن بەبێ‌ تەركیز و وردبینییەوە كە ئەو پەیامە ئەشێت هەڵگری وشەی دژبەیەك یان شاراوە بێت .

 

16- خۆگێلكردن: هەندێك هەواڵ یان زانیاری هەن ئەگەر بڵاوبكرێتەوە ئامانج دەپێكێت بەڵام راگەیاندن بڵاوی ناكاتەوە وەك رێگرتن لەهێنانەدی ئەو ئامانجە

 

17- دروستكردنی خەیاڵپلاو لای وەرگر: بەوەی بە بەكارهێنانی زاراوەو دەربرین لای وەرگر و وانیشانیان دەدات كە لەسەرچاوەی ئەسڵیەوە هێناوێتی بۆیان.