پەروەردە لە نێوان دوو بەرداشدا

شلێر غەفور ژاژڵەیی - ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان

10 ساڵ زیاتر تێدەپەڕێت و بەرداشی قەیرانە یەک لەدوای یەکەکان لە هەرێمی کوردستان، ژیانی زۆرێک لە چین و توێژەکان دەهاڕێت، زیاتر لە دەیەیەکە قەیرانی دارایی هۆکاری رووخانی زۆر شتی جوانە، کە مێژووییەک بوو بونیاتنرا بوو، ئەو قەیرانانە لەپێش هەموو شتێکی ترەوە کەوتنە هاڕینی رۆحی پەروەردە.

 

ئەگەر پەروەردە وێنا بکەین بە کەسایەتییەکی مەعنەوی، کە لە توانایدایە کۆی کێشەکانی کۆمەڵگەی پێ چارەسەر بکرێت لە رێگەی پەروەردەکردن و بەرهەمهێنانی تاکی دەروون دروست و ئازاد و بوێر و رۆشنبیر و بەرپرسیارەوە، ئەوا لە 10 ساڵی رابردوودا، نەک سوود لە پەروەردە نەبینراوە، بەڵکو لە نێوان دوو بەرداشی حکومەت و مامۆستایاندا، زەبری کوشندەی بەرکەوتووە.
 

لە ماوەی زیاتر لە 10ساڵی رابردوودا، بێباکی حکومەت لە بەرامبەر مافی هاووڵاتییان و خزمەتکردنیان بەتایبەت چینی پەروەردەکاران و مامۆستایان، کە گرنگترین پایەی پەروەردەن، بارودۆخێکی قورس و ژیانێکی کولەمەرگییان بەسەربردووە.

 

ئەو بارودۆخە قورسەی، لە ئەنجامی بڕیاری سیاسیی نادروست و حوکمڕانییەکی شێواوەوە هاتۆتەدی، هەروەها خەمساردی لە ئاست چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانەی، کە بەشێک لە دەسەڵاتدارانی سیاسیی و حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتییەکانیان دەکەوێتە ئەستۆ، مامۆستایان و پەروەردەکارانیان ناچار بە دۆخێکی نەخوازراو کرد، کە هەموو مامۆستایەکی دڵسۆز بەداخە بۆ ئەو دۆخەی پەروەردە تێیکەوتووە. لەلایەکی تریشەوە بۆ چەندین ساڵ بەردەوامیدان بە بایکۆتکردنی دەوام لە قوتابخانەکان و بەکارهێنانی وەک کارتی گوشارکردن لە حکومەت، هەڵوێستێکی ناچاری بوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی بایکۆت، سەرتاسەری نەبوو، تەنها لە سنوورێکی دیاریکراودا بوو، نەتوانرا بکرێتە گوشار لەسەر دەسەڵات و حکومەت، کە هەڵوێستێکی باشتر بنوێنن و باروودۆخەکە بگۆڕن بەرەو چارەسەری قەیرانەکان.


لەنێوانی ئەو دوو بەرداشەدا، بەداخەوە کەسایەتییە مەعنەوییەکەی پەروەردە، زیانی زۆری بەرکەوت، ئەو کەسایەتییەی لەگەڵ خۆیدا زیانی گەیاند بە زیاتر لە 10 نەوەی یەک لە دوای یەکی گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستاندا.

 

لە 10 ساڵی رابردوودا، نەک سوود لە پەروەردە نەبینراوە، بەڵکو لە نێوان دوو بەرداشی حکومەت و مامۆستایاندا، زەبری کوشندەی بەرکەوتووە

لێکەوتەکانی بایکۆتی مامۆستایان لەسەر ئاستی زانستی و  کەسایەتی و دەروونی منداڵەکانمان هەرگیز قەرەبوو ناکرێتەوە، چارەسەرکردنی ئەو برینانەی بەهۆی پرۆسەیەکی پەروەردە و خوێندنەوە، کە سەرتاپای پەلەکردن  و سترێس و نیگەرانی و دەرخکردنی زانیارییەکان و زۆر شتی نەرێنی تریشی سەپاند بەسەر خوێندکاراندا، ساڕێژبوونیان زۆر ئەستەم دەبێ و کاتێک دەرئەنجامەکانی ئەم شێوازە لە بە رێکردن و تێپەڕاندن و تەرککردن و پشتگوێخستن و چاوپۆشیکردندا دەبینینەوە، کە ئەم نەوانە گەورە دەبن بەبێ ئەوەی لە قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن، دەرفەتی وەرگرتنی پەروەردەیەکی جێگیر و دروست و ئارامیان هەبووبێت.

 

ئەو منداڵانەی لە کەشێکی وادا گەورە بوون، کە کۆی کۆمەڵگە نابەرپرسیارانە مامەڵەیان لەگەڵ دۆخەکەدا کردووە، گونجاو نییە پرەنسیپەکانی کامڵ بوون و هەستی بەرزی بەرپرسیارییەتیان لێ چاوەڕوان بکرێت. 

 

لەپێناو داهاتوویەکی باشتر لە ئەمڕۆ، با چیتر پرۆسەی پەروەردە و خوێندنی منداڵە بێ ناز و بێ تاوانەکان نەکرێنە ئامرازی گوشار لەسەر حکومەت،  با پەپوولەکانی نیشتمان باجی هەڵەی کەسانی تر نەدەن، مامۆستایان و پەروەردەکاران مافی خۆیانە داوای هەقی خۆیان و کۆمەڵگە بکەن و پێشڕەوییکردن ئەرکی خۆیانە، بەڵام با چیتر پەروەردەی منداڵ و نەوەکان نەکرێنە قوربانی، بەڵکو بیر لە شێوازی سەردەمیانە و دیموکراسی و سیاسەتی نەرم بکرێتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی دارایی و کۆی قەیرانەکانی تریش لە کۆمەڵگەدا.