کەزی وەک گرێی ئیسلامیی

ئەفسانە موستەفا - نووسەر

بڕینی پرچی ژنێک بەدەستی عەرەبێکی تیرۆریست ئازاری بەهەمووان بەخشی، بەڵام وەک چۆن کوشتنی ژینا لە ڕۆژهەڵات ناڕەزای سەرتاسەری تا ئاستی ڕوخاندنی ڕژێم لێ کەوتەوە، ئێستەش هەر جوڵەیەک لەو جوگرافیایە ڕووبدات ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە قۆناغی ژیناوە هەیە و دروشمەکانی ئەوکات دەوترێنەوە. بڕینی پرچی ژنە کوردێکیش لە ڕۆژئاڤا، غەمێکی کۆگەلی دروستکرد کە ژیانی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتبوو و وەک شوناسی نەتەوەیەک مامەڵەی لەگەڵدا کرا.


ئەمە ئەوەمان پێ دەڵێت کە کاتێک تۆ(تۆی دوژمن) ژنی کورد دەکەیتە ئامراز بۆ مەرامی توندوتیژی، ڕاستەوخۆ مەرگی خۆتت ڕاگەیاندووە و کۆمەڵگەیەک بەگژتدا دەچێتەوە.

 

بڕینی پرچی ژنێک وەکوو کردە یان ئاکت، لە زۆر ڕەهەندەوە دەتوانین خوێندنەوەی بۆ بکەین، لە ڕەهەندی سایکۆلۆجی، ئیسلامیی و کولتووری، رەهەندی سیاسیی. من لە گۆشەنیگای تایبەتی خۆمەوە کە هێڵێکی دیاریکراوم هەیە، دەتوانم بە کورتی ئەمە بڵێم: 

کردەکە ڕەگێکی قوڵی لەناو مێژوودا هەیە بەڵام ئەگەر پانۆرامای مێژوویەکی زۆر نزیک بهێنینە پێش چاوی خۆمان، ئەم توندوتیژییانە بەرانبەر بە ژن لەوکاتەوە زێدەتر پەرەیسەند و بوو بە جۆرێ لە جیهاد(بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی؛ هەموو کردەیەکی ئیسلامیی وەک ئایدۆلۆژیا، جیهادە) کە ئیخوانیزم گەرای خۆی لە کوردستان هەڵڕشت. لەناو پرۆژەی ئیخوانیزمدا کە لە میسڕەوە هاوردەکرا، بە ئامانجگرتنی کوردستان بوو، لە هەولێر مزگەوتیان بەناوی یەکێ لە ئیخوانییەکان کردەوە، لە هەڵەبجە مانیفێستی جوڵانەوەی خۆیانکرد، لە سلێمانی نەشوی نمای کرد و بەگژ هەموو جوڵەیەکی مەعریفی و فکریدا دەچوونەوە، لە شارەکەدا. تاکی توندڕەویان خستە نێو کۆمەڵگە کە تێزابیان بە ژنانی سفوردا دەکرد. لێکەوتەکانی ئەم ڕەوتە ئیخوانییە لە فیستیڤاڵی حیجابدا خۆی بینییەوە و لەچکیان بە تاج ناودەبرد. ئایا جێی پرسیار نییە کە تاجی ژنی کورد کەزییە یان حیجاب؟  


بۆ ئەم وەڵامە دەبێ لە تێڕوانینە کولتوورییەکە سەبارەت بە جۆرێ لە ژن یان پیاو تێبگەین. ئەگەر لەو گۆشەنیگایەوە تەماشا بکەین کە حەقیقەتی پیاو ژنە، ئەوا کولتووریی عەرەبی نایەوێ باوەڕ بەمە بکات و دۆخی توندڕەوی دەسەپێنێ بەسەر پیاوبووندا. لێرە دەتوانین بڵێین ئایدۆلۆژیاکە دژە ژن نییە بەتەنها بگرە دژە مرۆڤە، بەومانایەی پیاو دەکاتە دڕندە و بۆئەوەی دڕەندەبوونی خۆی بەیان بکات پێویستی بە بابەتێکە کە ژنە. خیانەتی هۆزە عەرەبییەکان لە ڕۆژئاڤا بەرانبەر بە کورد، لەو دۆخە زۆر سایکۆلۆجییەوە دێت ناتوانێت خۆی بگونجێنێت لەگەڵ ژیانێکدا لەگەڵ جڤاتێکدا کە ژن و پیاو وەک یەک ماف و ئەرکیان هەبێت. 

کولتووریی عەرەبی دابڕانێکی گەورەی لەنێوان ئەم دوو ڕەگەزەدا دروستکردووە رەنگە بەهەزاران ساڵی بوێ بۆ چارەسەرکردنی ئەم کەلێنە، هەزاران ساڵ لە دیسپلین و جۆرێ لە پەروەردەی مەعریفی دەوێت تاکوو پەیوەندی نێوان ژن و پیاو نۆرمالیزە بکرێتەوە. 


کەزی گرێیەکی ئیسلامییانەیە تەنانەت بابەتی ژن جەدەلێکی مێژووییە و گفتوگۆی زۆر هەڵدەگرێ.


 هەموو مێژووی عەرەب نەیتوانی ژنێک وەکوو ژنە کوردێک پێشکەشی کۆمەڵگە بکات، بۆیە ئەم ژنە کوردە نامۆیە بە ئەوان بە کولتوورە عەرەبییەکە. 


بڕینی پرچی ژن بەدەستی تیرۆریستێکی عەرەب پەرچەکردارە و لەو نەستەوە دێت کە ناتوانێت ژن وەک حەقیقەت قبوڵ بکات. بڕینی پرچی ژنە کوردێک دژبوونە لەتەک دروشمی “ژن،ژیان،ئازادی” کە بەجیهانی بووە و کۆمەڵگەی عەرەبی بەهۆی بەربەستی ئایدۆلۆژییەوە ناتوانێت تێگەیشتنی هەبێت بۆی و پەسەندی بکات.