نێرگس محەمەدی... کاتێک زیندان دەبێتە ڕوویەکی تری مردنی هێواش
حزامی مەحجوب- ڕۆژنامەنووسی تونسی
لە ئێراندا، ڕژێم بۆ کوشتنی نەیارەکانی هەمیشە پێویستی بە لەسێدارەدان نییە. هەندێک جار، خانەیەکی تەنگ و لاوازی جەستە و دواخستنی چارەسەری پزیشکی بە ئەنقەست بەسە، خودی کات دەکاتە ئامرازێکی ئەشکەنجەدان. ئەمە کارەساتی نێرگس محەمەدی، شۆڕشگێڕی ئێرانی و خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیە، کە چیتر چیرۆکەکەی تەنها چیرۆکی زیندانییەکی ویژدان نییە کە ڕووبەڕووی ڕژێمێکی سەرکوتکەر دەبێتەوە، بەڵکو شەڕێکی ڕاستەقینەی ژیان و مردنە.
ئێران کە خووی بە ڕووبەڕووبوونەوەی نەیارانی بە زیندان و دادگاییکردن و تۆمەتی هەڵبەستراوەوە گرتووە، ئێستا خۆی لەبەردەم وێنەیەکدا دەبینێتەوە کە ئەستەمە پاساویان بۆ بهێنێتەوە، تەنانەت بۆ بەرگریکارە سەرسەختەکانیشی: ژنێک کە بەهۆی زیندانەوە ماندوو بووە و بەهۆی نەخۆشییەوە وێران بووە، هۆشدارییەکان زیاد دەبن کە بەردەوامبوون لە ڕەتکردنەوەی چاودێری پزیشکی سەربەخۆی، دەتوانێت بەرەو لێواری مردنی ببات. لێرەدا، پرسەکە ئیتر ناکۆکییەکی سیاسی یان ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئایدیۆلۆژی نییە، بەڵکو پرسیارێکی ڕەوشتی و مرۆیی شەرمەزارکەرە، چۆن دەوڵەتێک نەخۆشی وەک چەک و چارەسەرکردن وەک ئامرازێک سودی لێ وەردەگرێت بۆ سزا؟
ساڵانێکە نێرگس محەمەدی بە قسە و هەڵوێست ڕووبەڕووبوونەوەی ڕژێمی ئێرانی هەڵبژاردووە، ئەو ژنە بەرگری لە ژنان کردووە و دژایەتی سزای لەسێدارەدانی کردووە و ڕەخنەی لەو سنووردارکردنانە گرتووە کە بەناوی ئایین و سیاسەتەوە سەپێنراون. بە چەندین جار دەستگیرکردن و سزای توند باجی ئەمەی داوە. بەڵام دەسەڵاتداران بە داگیرکردنی ئازادییەکەی ڕازی نەبوون، بەڵکو پێدەچوو تا دوا هەناسەی لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە هەوڵی ماندووکردنی بدەن. زیندان لە ئێراندا تەنها بۆ گۆشەگیرکردنی نەیاران بەکارنایەت، بەڵکو بۆ گۆڕینی بە پەیامی تۆقاندن کە ئاراستەی هەر کەسێک دەکرێت کە بیر لە بەرزکردنەوەی دەنگی بکاتەوە. دژایەتیە بە ئازارەکە ئەوەیە کە ژنێک جیهان بە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ڕێزی لێ گرت، خۆی دەبینێتەوە کە تەنانەت ناتوانێت دەستی بە مافێکی سەرەتایی چارەسەریش بگات.
خەڵاتەکە کە بڕیار بوو پارێزگارییەکی ڕەوشتی و نێودەوڵەتی بۆ دابین بکات، ئامێری سەرکوت نەکرد، بەڵکو ئیرادەی ڕژێمی بۆ شکاندنی وێنەی سیمبولی ئەو ژنە زیاد کرد. هەندێک لە دەسەڵاتەکان ئەوەندەی لە ئۆپۆزیسیۆنێکی نەریتی ناترسن، ئەوەندەی لە سیمبولەکان دەترسن کە دەبنە ویژدانێکی جیهانی زیندوو، بەڵام لایەنی دڕندەترینی ئەم چیرۆکە تەنها زیندانیکردن یان نەخۆشییەکە نییە، بەڵکو ئازارە بێدەنگەکانی مرۆڤە، دایکێک کە زیاتر لە ١٠ ساڵە لە بینینی منداڵەکانی بێبەش بووە، دوو منداڵیش لە هەڕەمەکییەوە سەیری دەکەن کە جەستەی دایکیان وردە وردە دەگۆڕێت بۆ زیانبەرکەوتووێک لە زیندان.
لەو ساتەدا، هەموو دروشمە سیاسییەکان دەکەونە خوارەوە و پرسیاری ئازاربەخش هەر دەمێنێتەوە: دەسەڵاتێک کە لە دەنگی ژنێک دەترسێت، تا چەند دەڕوات؟ دۆسیەی نێرگس محەمەدی ئیتر تەنها پرسێکی ئێران نییە، بەڵکو بۆتە ئەزمونێکی ڕەوشتی بۆ هەموو جیهان. کاتێک چارەسەری پزیشکی دەبێتە پێویستیەکی سیاسی، چاودێری تەندروستی دەبێتە ئامرازی فشار، زیندان دەبێتە جۆرێکی دیکەی لەسێدارەدانی خاو. مێژوو پڕە لە ناڕازییەکان کە هەرگیز خانەکانیان بە زیندووی بەجێنەهێشتووە، چونکە جیهان زۆر درەنگ، شەرمەزاریانی کردووە. هەر لەبەر ئەمەشە کە هۆشدارییەکانی ئێستا لە هەموو کاتێک جددیتر دەردەکەون.
ڕەنگە تێپەڕبوونی هەموو ڕۆژێک ئەم چالاکوانە لە چارەنووسێکی تراژیدی نوێ نزیک بکاتەوە کە بۆ تۆمارێکی دوور و درێژی سەرکوتی سیاسی زیاد کراوە. لە کاتێکدا، ڕژێمەکان دەتوانن بۆ ماوەیەک دەنگەکان بێدەنگ بکەن، بەڵام ناتوانن بۆ هەمیشە ڕاستییەکان بشارنەوە. ترس لە ژنێکی نەخۆش لە زیندان، هێزی دەسەڵات دەرناخات، بەڵکو سستی قووڵی دەردەخات. نێرگس محەمەدی داوای پێویستی سیاسی ناکات، نە بە دوای قارەمانێتییەکی نوێدا دەگەڕێت، تەنها ئەوەی ئەمڕۆ داوای دەکات مافێکی سادەیە کە پێویستە بۆ هەموو مرۆڤێک مسۆگەر بکرێت، ئەویش چارەسەرکردن و مانەوەیە لە ژیاندا.