مێژووی كلتوری سیاسیمان له ڕۆژی ئه‌مڕۆدا زۆر زیندووه
نه‌جیبه عومه‌ر - چالاكوانی ژنان
سەرچاوە: گۆڤاری تروسکە
پێشینان گووتویانه "دار كرمی له خۆی نه‌بێت هه‌زار ساڵ ده‌ژی". ئەگەرچی ئه‌م په‌نده هه‌زاران ساڵ پێش ئێستا گوتراوە، به‌ڵام له ڕۆژی ئه‌مڕۆشدا زۆر زیندووه. ئێستا گرنگه بڵێین هۆكاری دروستبوونی كرم چییه؟ له واتا سیاسییه‌كه‌یه‌وه نۆكه‌رایه‌تی و سیخووڕی و خیانه‌ت چۆن پێش ده‌كه‌وێت. سیسته‌مه ده‌سه‌ڵاتداره داگیركه‌ره‌كان به درێژایی مێژوو سوودیان له‌م په‌نده وه‌رگرتووه، به دروستكردنی سیخووڕ و نۆكه‌ر كاریان له‌سه‌ر گه‌لانی ژێرده‌سته كردووه. به پێچه‌وانه‌شه‌وه كه‌سانی شۆڕشگێڕ و دایكانی نیشتمانپه‌روه‌ر، بۆئه‌وه‌ی نه‌وه‌كانیان نه‌بێت به سیخووڕ، به‌رده‌وام ئه‌م په‌نده‌یان گوتووه. ئه‌گه‌ر ته‌ماشای هه‌موو شۆڕش و تێكۆشانه‌كانی سه‌رتاسه‌ری جیهان بكه‌ین، ده‌بینین كه سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتدار و داگیركه‌ر چه‌نده له ڕووی ته‌كنیكه‌وه به‌هێز بووبێت، به‌ڵام ئیراده‌ی گه‌لانی به‌رخۆدێر و شۆڕشگێڕ توانیویه‌تی له به‌رامبه‌ر زوڵمكاران و داگیركه‌ران سه‌ربكه‌وێت، واتا مێژوو ئه‌و ڕاستییه‌ی سه‌لماندووه كه ئیراده‌ی مرۆڤ ده‌توانێت سه‌ربكه‌وێت نه‌ك هێز و ته‌كنیك و چه‌كی زه‌به‌لاح، ئیراده‌ی مرۆڤی ئازاد به‌هێزترین چه‌كی جیهانه. ئه‌و كه‌سایه‌تییه شۆڕشگێڕانه‌ی كه پێشه‌نگایه‌تییان كردووه به‌رده‌وام نه‌توانراوه به ئاسانی له‌ناوببرێن، هه‌میشه بۆ كه‌سانی به‌هێز گه‌وره‌ترین پیلانگێڕی سازكراوه و چه‌په‌ڵترین كه‌سی سیخووڕ ئاماده‌كراوه بۆ لێدانی.
لێره‌دا ده‌بێت بپرسین؛ كه‌سایه‌تی سیخووڕ چۆن دروست ده‌بێت؟ ئه‌و سیسته‌مانه‌ی داگیركاری به‌ڕێوه ده‌به‌ن كار له‌سه‌ر كۆیله‌كردنی گه‌ل ده‌كه‌ن، كۆیلهكردنیش له‌سه‌ر عه‌قڵ به‌ڕێوه ده‌به‌ن، كاتێك چه‌واشه‌كاری و نه‌زانی بڵاوده‌كرێته‌وه بێگومان كه‌سانی نه‌زان و كه‌سایه‌تی لاواز به‌رهه‌م دێت، كه‌سایه‌تییه‌ك كه زیهنی ڕاده‌وه‌ستێت و به‌رده‌وام له فكری تێركردنی سك و ڕهمهكیدایه، نموونەی ئه‌م كه‌سایه‌تییه لاواز و كورتبینانه ده‌بێت ئاماده‌بێت بۆ شۆربایه‌ك نرخی هه‌رە گرنگی گه‌ل و كۆمه‌ڵگا بفرۆشێت. ڕاستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره کە بهسیخووڕكردن و پارچه‌كردنی كۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر بنه‌مای كه‌سایه‌تی به‌رخودێر و خیانه‌تكار، نه‌ك ته‌نها پیشه‌ی هه‌موو زوڵمكار و ده‌سه‌ڵاتدارانه، به‌ڵكو بووەتە سیاسه‌تی ستراتیژییانه‌یان له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا و له هه‌وڵی ئهوەدان کە ئه‌م كلتووره سیاسییه بكه‌نه كلتوورێكی كۆمه‌ڵایه‌تی. له كاتی كۆمه‌ڵكوژی سه‌ر یه‌هودییه‌كاندا ئه‌م ڕاستییانه زیاتر ده‌بینین.
له كاتی كۆمه‌ڵكوژی له‌سه‌ر ئه‌رمه‌نییه‌كان، كاتێك هه‌ندێك كورد هاوكاری داگیركه‌ران ده‌كه‌ن، ئه‌رمه‌نییه‌كان وه‌ها به كوردان ده‌ڵین "ئه‌گه‌ر ئێمه بۆ توركیای داگیركه‌ر خواردنی به‌یانی بین، ئێوه‌ش ده‌بنه خواردنی نیوەڕۆ." ئه‌م گووتنه زۆر به‌كاریگه‌ره، كه به‌رده‌وام ئه‌وانه‌ی له یه‌ك نه‌ته‌وه یان دوو نه‌ته‌وه‌ی جیاوازبن، ئه‌وانه‌ی به‌رخودانی ده‌كه‌ن له‌وانه‌یه نانی به‌یانی بن، به‌ڵام خیانەتکارانیش ده‌بنه نانی نیوه‌رۆ. به درێژای مێژوو ده‌وڵه‌تانی داگیركه‌ری كوردستان له ڕێگه‌ی پارچه‌كردن و دروستكردنی دووبه‌ره‌كی و كاركردن له‌سه‌ر خاڵه لاوازه‌كانی تاكی كورد توانیویانه زۆرترین سه‌رهه‌ڵدان و ڕاپه‌ڕینه‌كان شكست پێبهێنن. له سەردەمی میرنشینی كورداندا ئه‌مه زۆر به ئاشكرا ده‌بینرێت؛ فه‌ڕه‌نسا و به‌ریتانیا به عوسمانییه‌كان ده‌ڵێن كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی میری كوردان بهێنن ئه‌وان به‌ڵان بۆ ئیمپڕاتۆریەتهكهتان، به میری كوردانیش ده‌ڵێن له دژی عوسمانییه‌كان ڕابپه‌ڕن. سیاسه‌تی په‌رتكه و زاڵببه به‌ڕێوه ده‌به‌ن، یان سیاسه‌تی كه‌روێشك ڕابكه و تانجی بیگره، هه‌ردوولاش گوێڕایه‌ڵ ده‌بن. كاتێك (میر به‌درخان) سه‌رپه‌رشتی میرنشینی بۆتان ده‌كات، هه‌تا هه‌رێمی بادینانیش به‌رفراوان ده‌بێت، عوسمانییه‌كان بۆئه‌وه‌ی كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی به‌درخان بهێنن بانگی (یه‌زدان شێر)ی برازای میر به‌درخان ده‌كه‌ن و پێی ده‌ڵێن کە ده‌بێت به‌ره‌نگاری مامی ببێته‌وه هەتا ئەو بكه‌نه میری بۆتان، ئه‌ویش فه‌رمانی عوسمانییه‌كان پێك ده‌هێنێت. ئاشكرایه میرنشینی كوردان سه‌ره‌ڕای ئەو ڕهخنهیەی كه لەسەر شێوازی به‌ڕێوه‌بردنیاندا هه‌یه و لاسایی ده‌وڵه‌تی عوسمانی ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام گه‌لێك ده‌ستكه‌وتیان به‌ده‌ست هێناوه وه‌ك به‌رفراوانكردنی هێزی پاراستن و زۆرترین پڕۆژه‌ی كشتوكاڵی، دروستكردنی به هه‌زاران كه‌شتی و دروستكردنی پاره‌ی كوردی.
له دوای له‌ده‌ستدانی هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌كانی میرنشین پاشان یه‌زدان شێر په‌شیمان ده‌بێته‌وه و ده‌ست به تێكۆشان ده‌كات، به‌ڵام دواجار عوسمانییه‌كان ئه‌ویش له‌ناوده‌به‌ن. له سلێمانیدا و له كاتی میرنشینی بابان‌دا؛ والی به‌غداد كه ئه‌ویش هه‌ر سه‌ر به عوسمانییه‌كانه داوا له (خالید)ی برای (سلێمان پاشای بابان) ده‌كات كه دژی سلێمان ڕابوه‌ستێت بۆئه‌وه‌ی ئه‌و له جێگه‌ی سلێمان دایبنێن، ئه‌ویش هانی هه‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارێتی ده‌دات، بێگومان خالیدیش فه‌رمانی ئه‌فه‌ندی خۆی پێك ده‌هێنێت و ناكۆكییه‌كانیان ده‌بێـته هۆكارێك بۆ كۆتایهاتنی میرنشینی بابان، کە ئه‌م میرنشینه زۆرترین به‌رهه‌می ڕۆشنبیری پێشخستووه له كاتی خۆیدا. (میر محه‌مه‌دی ڕه‌واندوز)یش به هه‌مان شێوه میرنشینه‌كه‌ی فراوان ده‌كات و به باشووره‌وه ڕاناوه‌ستێت و ده‌یه‌وێت ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیش گرێ بدات به میرنشینی سۆرانه‌وه، له كاتی هێرشی عوسمانییه‌كاندا و به‌فه‌رمانی عوسمانییه‌كان ئێزدییه‌كان كۆمه‌ڵكوژ ده‌كات له شه‌نگال، له كاتی هێرشی دژواری عوسمانییه‌كان بۆ سه‌ر میری سۆران "مه‌لای كۆره" بانگه‌وازی له خه‌ڵك ده‌كات ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی له به‌رامبه‌ر عوسمانییه‌كان شه‌ڕ بكات ته‌ڵاقی ده‌كه‌وێت، چونكه عوسمانییه‌كان موسوڵمانن. ئه‌و ڕاستیه‌ش ڕوونه كه عوسمانییه‌كان ٤٠٠ ساڵ حوكمیان كردووه، به درێژای ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان ئیسلامیان په‌یڕه‌و نه‌كردووه، به‌ناو ئیسلام و له جه‌وهه‌ردا قووڵـترین و دیكتاتۆرترین داگیركهربوون، به‌ڵام مه‌لای كۆره‌ش مه‌لایه‌كی ناپاكی كوردانه و له سایه‌ی ئه‌م فتوایه‌وه میرنشینی سۆران كۆتایی پێدێت و میر محه‌مه‌دی ره‌واندوزیش به ده‌ستی عوسمانییه‌كان له سێداره ده‌درێت.
له ساڵی(١٩١٤)دا عوسمانییه‌كان ده‌یانه‌وێت هێز ببەنه چیای به‌رزان و ئه‌و چیایه داگیربكه‌ن، ئه‌وكاته( شێخ عه‌بدول سه‌لام به‌رزانی)؛ كه لەو كاتەدا هه‌م شێخی دینی نه‌قشبەندی و هه‌میش سه‌رۆكی عه‌شیره‌تی بهرزانییهكانه و له دژی عوسمانییه‌كان ڕاده‌وه‌ستێت، ئه‌مه قبووڵ ناكات. به هۆكاری هێرشی دژواری عوسمانییه‌كان شێخ سه‌لام هه‌ڵدێت و ده‌چێت به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، به‌ڵام عوسمانییه‌كان چه‌ند كه‌س ڕاده‌سپێرن و ده‌ڵێن با شێخ سه‌لام بێته به‌غداد لێی ده‌بورین و ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ین، شێخ سه‌لامیش زوو باوەڕ ده‌كات و دێت، ئه‌وانیش له ساڵی (١٩١٥) له به‌غداد له سێداره‌ی دەدەن. له سه‌رهه‌ڵدانی (شێخ سه‌عیدی پیران)دا كه‌سێك به ناوی (قاسم) خیانه‌ت له شێخ سه‌عید ده‌كات و ده‌بێته هۆكاری ده‌ستگیركردنی، پاشان شێخ سه‌عید و ٤٦ كه‌س له هاوڕێیانی له (٢٩-٦-١٩٢٥)دا له سێداره ده‌درێن.
له سه‌رهه‌ڵدانی دێرسیمدا (سه‌ید ڕه‌زا) پێشه‌نگی تێكۆشان و سهرههڵدانهكهیه، به‌ڵام (عه‌لی شێر و زه‌ریفه) دوو هاوژین، دوو فه‌رماندارن کە ئه‌وان شه‌ڕ به‌ڕێوه ده‌به‌ن. ده‌وڵه‌تی توركیا داوا له مامی عه‌لی شێر ده‌كات كه ناوی (ڕێبه‌ر)ه، ده‌ڵێت بڕۆ كه‌لله‌سه‌ری ئه‌و دوو فهرماندارهم بۆ بهێنه، ئه‌ویش فه‌رمانی دوژمن پێك ده‌هێنێت، كاتێك ڕێبه‌ری خیانەتکار كه‌لله‌سه‌ری هه‌ردووكیان ده‌هێنێت دوژمن لە هه‌مان ڕۆژدا سه‌ری ڕێبه‌ریش ده‌په‌ڕێنێت. ئه‌و چیرۆكه خوێناویه وه‌ها باس ده‌كرێت كه گوایه دوژمنیش سه‌رسام ماوه له خیانه‌تی به‌م جۆره و و بۆیه ده‌ڵێت خیانه‌ت به‌و ئاسته‌ش نابێت! ئه‌م خیانه‌تانه ده‌بنه هۆكاری شكستی زۆربه‌ی زۆری تێكۆشانه‌كان. كه‌سایه‌تی (ئه‌حمه‌د تۆفیق) سه‌رۆكی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و كوشتنی (سلێمان موعینی) و (مه‌لا ئاواره) له "كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان" (ئه‌م ڕێكخستنه تایبه‌ته به ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان)، ئه‌م سێ كه‌سایه‌تییه شۆڕشگێرهش به ده‌ستی پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراق شه‌هیدكران. (دكتۆر شڤان) و (دكتۆر سه‌عید ئه‌لچی) كه هه‌ردووكیان سه‌ركرده و پێشه‌نگی پارتی دیموكراتی كوردستانی توركیا بوون، له ساڵی (١٩٧١) و (١٩٧٢)دا له بادینان به ده‌ستی پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراق شه‌هیدكران. بكه‌ری نادیار و شه‌هیدكردنی (مامه ڕیشه) و (شاسوار جه‌لال) و (صادق عومه‌ر) و (دكتۆر رؤوف ئاكره‌ی) و (دكتۆر سیروان) و شه‌هید (به‌كر ههڵهبجەیی) و (دیار غه‌ریب) و (عه‌باس ئیبراهیم) و (ئه‌بوبه‌كر تۆفیق)... و ده‌یان شۆڕشگێری پاك له باشووری كوردستاندا؛ ئه‌مانه هه‌مووی له‌سه‌ر داخوازی دوژمنان و به ده‌ستی سیخووڕان شه‌هیدكران. به‌ڵێ، ته‌واوی شه‌ڕی ناوخۆیی له نێوان هێزه كوردییه‌كاندا له ده‌ره‌وه‌ی وڵات و له‌سه‌ر مێزی به‌ناو دیبلۆماسی، كه له بنه‌مادا مێزی پیلانگێڕییه و له‌و دانیشتنانه‌دا بڕیار له‌سه‌ر شه‌ڕی ناوخۆ گیراوه. له‌و شه‌ڕانه‌دا جگه له قووڵكردنه‌وه‌ی كلتووری سیاسه‌تی خۆخۆری و سیخووڕی، تێكدانی كلتووری كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگا و ماڵوێرانكردنی ژیان و سایكۆلۆژی تاكی كورد هیچ سوودێكی نه‌بووه. ده‌توانین بڵین ئه‌م مێژووه زۆر دوور نییه، به‌ڵام مێژوو له ڕۆژی ئه‌مڕۆشدا زۆر زیندووه و هەرگیز كۆن نه‌بووه.
سه‌ره‌ڕای گه‌وره‌بوونی شۆڕش له كوردستاندا و سه‌ره‌ڕای گه‌لێك ئه‌زموونی زۆر به‌هێز و پێشكه‌وتنی ته‌كنیك و ته‌كنه‌لۆژیای زۆر، كه به هه‌موو شێوه‌كانییه‌وه له دژی گه‌لی به‌رخودێر و كه‌سانی شۆڕشگێر به‌كارده‌هێنرێت، به‌ڵام دوژمنان و داگیركه‌ران به هیچ شێوه‌یه‌ك وازیان له ڕێبازی سیخووڕی و بهسیخووڕكردنی تاكی كورد و قووڵكردنه‌وه‌ی كلتووری نۆكه‌ری نه‌هێناوه، چونكه ئه‌م ڕێبازه‌یه تاكه ڕێگه و ڕێبازێکە كه داگیركه‌ران توانیویانه تێیدا سه‌ربكه‌ون. له ڕۆژی ئه‌مڕۆدا و له سه‌ده‌ی بیست و یه‌كه‌مدا هێشتا زۆر زیندووه، ئه‌وه‌تا له هه‌موو به‌شی كوردستاندا تێكۆشانی گه‌له‌كه‌مان گه‌یشتووەته ئاستێكی بڵند و له ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی ده‌وڵه‌تانی زلهێزی جیهانی و ده‌وڵه‌تانی داگیركه‌ری كوردستان كورد خاوه‌نی شۆڕش و پڕۆژه‌ی چاره‌سه‌رییه، نه‌ك ته‌نها بۆ گه‌لی كورد به‌ڵكو بۆ هه‌موو گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی سه‌ده‌مین ساڵیادی (په‌یماننامه‌ی لۆزان) كه به مه‌به‌ستی سڕینه‌وه‌ی ته‌واوی گه‌لی كورد ئه‌نجامدراوە، گه‌لی كورد له‌جیاتی هه‌موو مرۆڤایه‌تی و بە پێشه‌نگایه‌تی ژنی كورد كۆتایی به هێزێكی دڕنده‌ی وه‌ك داعش هێنا، له ڕۆژئاوای كوردستاندا گه‌وره‌ترین شۆڕش به‌رپابوو بۆ هه‌موو گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و هێزی كچان و كوڕانی ئاپۆیی خه‌ڵكی شه‌نگالیان له لێواری مه‌رگ گه‌ڕانده‌وه و به به‌رخودانی بێ وێنه شه‌نگال و خه‌ڵكه‌كه‌یان ئازاد كرد، ئه‌مانه و ئازادكردنی مه‌خمور و پێشه‌نگایه‌تی له پاراستنی كه‌ركووك و خانه‌قین و جه‌له‌ولا، هه‌مووی له مێژوودا بێ وێنه‌ن و هەمووشیان له كاتێدان کە مۆدێلی كوردی نوێ له هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان دروست بووه، كه به شێوه‌یه‌كی دیموكراتییانه تێكۆشانی سیاسی و پاراستنی گه‌ل به‌ڕێوه ده‌بات و گۆڕانكاری له تاكی كورد ئه‌نجام ده‌دا له هه‌ر به‌شێكی كوردستاندا و هه‌تا كوردانی تاراوگه‌دا. ئه‌م گۆڕانكارییه ئه‌رێنیانه سه‌رنجی كه‌سانی ئه‌نته‌رناسیۆنال ڕاده‌كێشێت و گڕوتینێكی زۆر و ڕۆحێكی گه‌رمی كردووەته‌وه به به‌ر بزووتنه‌وه چه‌پ و سۆسیالستیهكاندا. هەروەها بەدەستهێنانی زۆرترین ده‌ستكه‌وت و بێگومان له‌گه‌ڵ دژایه‌تیكردنی ته‌واوی ئه‌م ده‌ستكه‌وتانه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی داگیركه‌ری كوردستان و به پشتیوانی ده‌وڵه‌تانی زلهێزی ده‌سه‌ڵاتداری جیهانی، ئه‌م تێكۆشانه ڕۆژ به ڕۆژ له گه‌شه‌سه‌ندندایه، ئه‌وه‌تا بە ته‌كنیك و ته‌كنه‌لۆژیای زۆر نۆژه‌ن و دواهه‌مین مۆدێلی چه‌كی كیمیاوی خه‌رده‌لی'ه‌وه، هه‌تا گه‌وره‌ترین چه‌كی نه‌وه‌وی و چه‌كی ناپاڵم له دژی شۆڕشگێڕانی ئاپۆیی به‌كارده‌هێنرێت، چونكه له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا تاكه هێزی شۆڕشگێڕ كه له بهرخودانیدایه ئه‌م هێزه‌یه.
له ئه‌نجامدانی گه‌له‌کۆمه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و به‌دیلگرتنی (ڕێبه‌ر ئاپۆ)دا هه‌موو جۆره ده‌زگایەکی سیخووڕی و هەواڵگری لەگەڵ هه‌موو ته‌كنیكێكی سیخووڕیان به‌كارهێنا، له ڕۆژی ئه‌مڕۆدا ده‌وڵه‌تانی جیهانی قسه و كرداریان یه‌ك نییه، له لایه‌ك هه‌ر ئه‌و هێزانه‌ی گه‌له‌كۆمه‌یان پێكهێنا ئێستاش ڕۆژ به ڕۆژ گۆشه‌گیری توندتر ده‌كه‌ن، هه‌ر ئه‌و هێزانه‌ی له ماوه‌ی ڕابردوودا شه‌ڕی كورد به كوردیان هه‌ڵگیرساند ئێستا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ته‌راتێنیانه و فشار له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نانه ده‌كه‌ن كه تا ئاستێك ئاماده‌ی شه‌ڕی ناوخۆ نین. ده‌ڵێن ده‌بێت شه‌ڕ بكه‌ن، ده‌بێت بپرسین بۆچی له‌م سات و وه‌خته‌دا كه‌وتوونه‌ته ترافیكی دیبلۆماسی؛ چونكه له پلانگێڕییه‌كی تردان و ده‌یانه‌وێت جارێكی تر كلتووری سیاسی شه‌ڕی ناوخۆ دووباره بكه‌نه‌وه. هه‌مووشمان ئه‌و ڕاستیانه ده‌زانین كه شه‌ڕی ناخۆیی نێوان هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ئاستی كوردستان، هه‌مووی به شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ به كاریگه‌ری هێزی ده‌ره‌كی بووه. ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه خۆیان وه‌ك دیموكرات پێناسه ده‌كه‌ن به‌به‌رده‌وامی له‌پشت ده‌وڵه‌تانی داگیركه‌ری كوردستانه‌وه بوون و كاریان له‌سه‌ر ئه‌و هێزانه كردووه كه ئاماده‌ی كاری نۆكهرایهتین و زۆرترین كاره سیخووڕییه‌كان له‌لایه‌ن ئه‌و هێزانه‌وه ئه‌نجامده‌ده‌ن. دروستكردنی فڕۆكه‌ی بێ فڕۆكه‌وانی سیخووڕی به هاوكاری سیخووڕی هه‌رێمی، كه له ماوه‌ی ٦ ساڵی ڕابردوودا زۆرترین كه‌سانی شۆڕشگێڕ و سه‌ركرده‌ی به‌توانای كرده ئامانج له هه‌رێمه‌كانی پاراستنی میدیا و له چیاكانی باكوور و باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا. له‌ناو شاره‌كاندا كوشتن و تیرۆركردنی زۆرترین ڕۆژنامه‌وان، چالاكوانانی مه‌ده‌نی و كه‌سانی خۆپیشانده‌ر به ده‌ستی به‌ناو ئاسایشی حكومه‌تی هه‌رێم.
له‌م ساڵانه‌ی دوایدا كه پارتی دیموكراتی كوردستان به هه‌موو شێوه‌یه‌ك متمانه‌ی له‌لای خه‌ڵك له‌ده‌ست داوه، كه‌وتووەته ڕه‌شبگیری و ئه‌و تاکەی کە خاوه‌ن ئیراده و كه‌سایه‌تی نیشتیمانپه‌روه‌ر و دیموكراتخواز بێـت، ده‌بێـت له‌لایه‌ن ئاسایش و په‌ده‌كه‌وه بۆ چه‌ندین جار ده‌ستگیر كرابێـت و چاوترسێن كرابێـت یان وه‌ك گیراوانی بادینان تۆمه‌تیان بۆ دروستكرابێـت و به ناهه‌ق سزا درابێتن. جاران "په‌ده‌كه" بادینانی وه‌ك قه‌ڵای حیزبی خۆی ده‌بینی، به‌ڵام ئێستا ده‌بینین زیندانه‌كانی بادینان و هه‌ولێر پڕیه‌تی له كه‌سایه‌تی خاوه‌ن ئیراده‌ی بادینی. له ئه‌نجامی شۆڕشی خه‌ڵكی شێلادزێ زۆرترین بنكه و باره‌گای توركیا ده‌ركرانه ده‌ره‌وه، به‌ڵام ده‌زگای سیخووڕی په‌ده‌كه (جی پی ئێس)ی به‌ست به ئۆتۆمبێلی هه‌رسێ كه‌سایه‌تی پێشه‌نگی بادینان، ئه‌وانه‌ی كه چه‌خماخه‌ی شۆڕ‌شیان داگیرساند لەدژی داگیركاری و ده‌سه‌ڵاتی گه‌نده‌ڵ و نۆكه‌ر. هه‌ربۆیه له ڕێگه‌ی فڕۆكه‌ی سیخووڕی توركیا و ده‌زگای هه‌واڵگیری (په‌ده‌كه) هه‌رسێ گه‌نجی پێشه‌نگی شۆڕشی شێلادزێ شه‌هیدكران. ئه‌مانه و زۆرترین بكه‌ری نادیار له بادیناندا، كه ژماره‌یه‌كیش لەو كه‌سایه‌تییانه ئه‌ندامی (یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان)ن، به‌ڵام هه‌تا ئه‌م كاته‌ش یه‌كێتی به هیچ شێوه‌یه‌ك داكۆكی له ئه‌ندامه‌كانی خۆی نه‌كردووه. هه‌موو لایه‌ك ئه‌و ڕاستییانه ده‌بینێـت، كه په‌ده‌كه له ساڵی (١٩٩٢)وه هاوپه‌یمانییه‌كی ستراتیژی لەگەڵ حكومه‌تی توركیا ئه‌نجامداوه، له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا، كه داگیركردنی باشووری كوردستان و له‌ناوبردنی شۆڕشگێڕانی په‌كه‌كه‌یه، له به‌رامبه‌ردا توركیا په‌ده‌كه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات بهێڵێـتهوه، چونكه په‌ده‌كه هیچ باوه‌ڕییه‌كی به هێزی گه‌ل و هێزی ناوخۆی كورد نییه.
ئاشكرایه له‌گه‌ڵ لاوازبوونی ده‌سه‌ڵاتی په‌ده‌كه به‌رده‌وام ئه‌م هاوپه‌یمانییه زیاتر قووڵبووەتهوه؛ به نموونه له ساڵانی (١٩٩٥) و (١٩٩٧)دا ئه‌م لاوازییه گه‌یشته لوتكه و له‌م ساڵانه‌دا په‌ده‌كه وه‌ك سووری به‌رله‌شكر پێش سوپای توركیا كه‌وت و شان به شانی توركیا له‌دژی په‌كه‌كه زۆرترین شه‌ڕی كرد و زۆرترین پێشمه‌رگه‌ی به‌كوشت دا له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی توركیا. له ساڵانی (٢٠٠٨) هه‌تا ده‌گاته (٢٠١٣) به‌رده‌وام توركیا هێرشی له‌سه‌ر باشووری كوردستان كرد، به‌س نه‌یتوانی یه‌ك بست له خاكی باشووری كوردستان داگیر بكات، جگه له‌و جێگایانه‌ی كه له ساڵانی نه‌وه‌ده‌كاندا به‌ده‌ستی خستبوو، چونكه له‌م ساڵانه‌ی دوایدا په‌ده‌كه هاوكاری سه‌ربازی نه‌كرد و ته‌نها له ڕووی لۆجستیكی و هه‌واڵگیریدا هاوكاربوون. له ماوه‌ی ساڵانی (٢٠١٤) به‌دواوه و له‌گه‌ڵ سه‌ركه‌وتن و پێشكه‌وتنی شۆڕشی ڕۆژئاوا و ته‌سلیمكردنی شه‌نگال له‌لایه‌ن په‌ده‌كه‌وه به هێزێكی فاشستانه‌ی وه‌ك داعش، بێگومان ڕاستی په‌ده‌كه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئاشكرابوو، له‌وكاته‌وه هه‌تا ڕۆژی ئه‌مڕۆ په‌ده‌كه و توركیا له هه‌وڵدانی هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی ناوخۆدان و ده‌یانه‌وێت جارێكی تر كاره‌ساته‌كانی ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان دووباره بكه‌نه‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ئامانجیانه نه‌ك ته‌نها وه‌ك په‌ده‌كه بەڵکو وه‌ك حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌م شه‌ڕه به‌رپا بكەن، له‌به‌رئه‌وه فشار له‌سه‌ر یه‌نه‌كه ده‌كه‌ن و له‌ژێر ناوی یەكگرتنهوهی هێزی پێشمه‌رگه پیلان بۆ شه‌ڕی ناوخۆیی داده‌ڕێژن. ته‌واوی هێزی پێشمه‌رگه پێویسته سه‌ر به وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه بێت، به‌ڵام بۆ ٢٩ ساڵه ڕێك ناخرێـتهوه، ئه‌مجاره‌یان له پێناوی شه‌ڕی ناوخۆدا ڕێكدهخرێتـهوه. به درێژای مێژووی پارته‌كانی باشووری كوردستان هیچ كاتێك كۆك و ته‌با نه‌بوون و یه‌كگرتوو نه‌بوون، به‌رده‌وام ناكۆکی و شه‌ڕ و ئاڵۆزی هه‌بووه له نێوانیاندا. ته‌نها له ساڵی (١٩٨٦) به‌ره‌ی كوردستانی دروستكرا ئه‌ویش له‌سه‌ر داخوازی ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ری ئێران بووه، بۆئه‌وه‌ی له دژی ڕژێمی به‌عس به‌هێزبن و ڕۆڵ بگێڕن له شه‌ڕی نێوان عێراق و ئێران‌دا. ئێستاش كاتێك ده‌ڵێن ده‌بێت هێزی پێشمه‌رگه به‌په‌له بچێته‌وه سه‌ر وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، دوای هێنده ساڵ په‌ده‌كه ئاماده نه‌بووه بۆ ئەو یەکگرتنە، به‌ڵام له دوو ڕۆژدا ئاماده‌بوو کە هه‌موو هێز بخاتەوە سه‌ر وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه! ئه‌م ماسته نه‌ك مویه‌كی تێدایه، گوریسێكی تێدایه.
هه‌وڵه‌كان بۆ ڕێگری له شه‌ڕی ناوخۆیی و به‌رقه‌راربوونی ئاشتی له ئه‌وروپاوه هه‌تا سه‌رتاسه‌ری كوردستان به‌رده‌وامه. توركیا به ئاشكرا ده‌ڵێت من ده‌خوازم ئه‌و خاكه‌ی وه‌ك میساقی میللی به ناومان كردووه، كه هه‌موو باشووری كوردستانه، له په‌یمانی لۆزاندا له‌ده‌ستمان داوه و له سه‌ده‌مین ساڵیاددا ده‌یگه‌ڕێنینه‌وه سه‌ر خاكی خۆمان. واتا توركیا به ئاشكرا ده‌ڵێت من ئامانجم داگیركردنی باشووری كوردستانه. ئه‌وه‌ی ڕێگره له‌به‌رده‌م داگیركارییهكهدا ته‌نها گه‌ریلای په‌كه‌كه‌یه کە به‌رخودانی ده‌كات و ناهێڵێت داگیری بكات. پێویست بوو شان به شانی گه‌ریلا، پێشمه‌رگه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كان له دژی توركیا بجه‌نگانایه، به‌ڵام ئه‌وه‌تا په‌ده‌كه به شێوەیه‌كی زۆر شه‌رمه‌زارانه و بەبێ ئه‌وه‌ی شه‌رم له ڕای گشتی و جیهانی بكه‌ن، پێشمه‌رگه‌یان بردووەته ناوه‌ندی ئه‌و هه‌رێمانه‌ی شه‌ڕی تێدایه و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك هاوكاری له‌شكری توركیا ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن؛ ئه‌ی توركیا ئێمه پارێزوانی ئێوه‌ین، وه‌رن بست به بستی داگیربكه‌ن. كه‌س ناتوانێت نكۆڵی له‌م هه‌قیقه‌ته داسه‌پێنراوه تاڵه بكات، لای هه‌موو كه‌سێك ڕوونه و زۆرێك له به‌رپرسانی یه‌نه‌كه و گۆڕان و لایه‌نه‌كانی تریش گوزاره له‌م ڕاستییانه ده‌كه‌ن.
گه‌ل بەگشتی خاوه‌ن هه‌ڵوێسته له دژی داگیركارییه، به‌ڵام هه‌ندێك به‌رپرسیش له‌پاڵ گوتنی ڕاستییه‌كاندا، هه‌ندێكجار ده‌ڵێن کە گوایە ناكۆكی نێوان پهكەکە و په‌ده‌كه‌یه، یان ده‌ڵێن با په‌كه‌كه ڕه‌چاوی ڕه‌وشی هه‌رێمی كوردستان بكات! ئه‌م لێدوانانه ئاوكردنه به ئاشی سیاسه‌تێكی شكستخواردووانه‌ی په‌ده‌كه و توركیا، ده‌بێت جه‌ماوه‌ریش پرسیار بكات؛ باشه له ساڵی (١٩٨٨)وە هه‌تا ئێستا له‌و هه‌رێمانه پێشمه‌رگه نه‌بووه و هه‌تا ئێستاش یه‌ك لێدوانی په‌ده‌كه له دژی داگیركاری توركیا نه‌بووه، چی گه‌ره‌نتییه كه توركیا و په‌ده‌كه ئه‌م هه‌رێمانه پڕ ناكه‌ن له داعش و هێزی له‌شكری فاشیستی توركیا و به ته‌واوه‌تی باشووری كوردستان داگیر ناكرێت، له كاتێكدا داگیركه‌ر خۆی دان به‌م داگیركارییه‌دا ده‌نێت. وه‌ك ده‌بینین هه‌ر ده‌چێت و ڕه‌وشه‌كه هه‌ستیارتر ده‌بێته‌وه. گروپی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئاشتی و ئازادی كه ژماره‌یان ١٥٠ كه‌س بوون، لە کاتی هاتنیاندا ژماره‌یه‌كیان له فڕۆكه‌خانه‌ی ئه‌ڵمانیا گه‌ڕێندرانه‌وه چونكه ئه‌ڵمانیا هاوپه‌یمانی توركیای فاشیسته، ئه‌وانه‌ی تریان كه ٧٠ كه‌س زیاتر ده‌بوون، له‌لایه‌ن حکومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بەخراپترین پێشواز رێگرییان لێكرا، كه جگه له ٤-٥ ئەندامی كورد ئه‌وانی تر نوێنه‌ری ئهنتهرناسۆنالیستی جیهانی بوون، كه نوێنەری هەر ٧ کیشوەری جیهان بوون، زۆربه‌یان پڕۆفیسۆر و په‌رله‌مانتار و كه‌سانی چالاكی مه‌ده‌نی بوون و هه‌مووشیان ئه‌ندامی گروپی ئاشتی جیهانی بوون.
هه‌ڵوێستی په‌ده‌كه گرتن و زیندانی كردن و دیپۆرت كردنه‌وه‌یان بوو، به‌ڵام حكومه‌ت ته‌نها په‌ده‌كه نییه. باشه له به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌موو خراپه‌كارییانه بۆچی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بێده‌نگه؟ باشه جیاوازی هه‌ڵوێستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان و به‌رپرسێكی پیاوی په‌ده‌كه چییه؟! بۆچی حیزبی شیوعی كوردستان، كه به‌رده‌وام خۆی وه‌ك چه‌پ و دیموكرات له قهڵەم ده‌دات، پێشوازی له‌و هه‌موو په‌رله‌مانتاره ئه‌وروپییه چه‌پانه نه‌كرد؟ ئەی خۆتان به چ ڕوویه‌كه‌وه کە بچنه ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ پارته چه‌په‌كانی ئه‌وروپا داده‌نیشن! بۆچی گۆڕان و په‌رله‌مانتاره‌كانی گۆڕان سه‌ردانی ئه‌م كهسایهتیانهیان نه‌كرد كاتێك له هۆتێلێکدا زیندانی كرابوون؟ باشه چۆن له ڕووتان دێت باسی ئه‌وه بكه‌ن كه له‌ناو حكومه‌تدان؟ ئه‌مانه و چه‌ندین پرسیاری تر ده‌مانخاته ناو بیركردنه‌وه‌یه‌كی وههاوە، كه له باشووری كوردستاندا كلتووری سیاسی شه‌ڕی ناوخۆ له‌لای به‌شێكی زۆری به‌رپرسه حیزبی و حكومییه‌كانه‌وه زۆر باڵاده‌سته و هیچ په‌رچه‌كردارێك، تەنانەت به گووتاریش، پیشان ناده‌ن.
داگیركردنی خاك و جینۆسایدی ژینگه‌ییان زۆر به‌لاوه ئاساییه. كاتێك باسی ئه‌م ڕاستییه تاڵانه ده‌كه‌م ده‌مه‌وێت تیشك بخه‌مه سه‌ر ئه‌و ڕاستییه‌ش كه جه‌ماوه‌ری باشووری كوردستان خاوه‌نی هۆشیارییه‌كی نیشتیمانپه‌روه‌ری، خاوه‌نی هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌ییه و به‌رده‌وام زۆرترین چالاكی و ناڕه‌زایی پیشانداوه له دژی داگیركارییه‌كان و له دژی شه‌ڕی ناوخۆی، به هه‌موو چین و توێژه‌كانی وەک هونه‌رمه‌ندان، چالاكوانانی مه‌ده‌نی، چالاكوانانی ژینگه‌پارێزی، كه‌سانی ئایینی و نیشتیمانپه‌روه‌ر، ژنان و به‌تایبه‌تی و له‌سه‌روو هه‌موویانه‌وه دایكانی شه‌هیدان، له دایكانی گه‌ریلا و پێشمه‌رگه، كه گه‌وره‌ترین گروپی له‌چك سپییان ئاواكردووه له‌پێناوی ئاشتی و ئازادی‌دا و به دروشمی "ئه‌وه‌ی باجی هه‌موو شه‌ڕه‌كانی داوه ئێمه‌ی ژنان بووین، ئێمه‌ی دایكانیش ئاشتی ده‌كەینه ئامانجمان و ڕێگه له شه‌ڕی ناوخۆی ده‌گرین"، هەروەها گه‌نجان، به‌شێك له ڕێكخراوه‌كانی ژنان و ته‌ڤگه‌ری ئازادی، ژماره‌یه‌ك له په‌رله‌مانتاران و بەرپرسانی یه‌كێتی و گۆڕان و حیزبی شیوعی و زه‌حمه‌تكێشان و پارته ئیسلامییه‌كان هه‌تا ڕاده‌یه‌ك هه‌ندێكیان خاوه‌ن هه‌ڵوێستی ئه‌رێنی بوون. به‌ڵام ئه‌مانه هه‌مووی به‌ش ناكات، چونكه بڕیاری داگیركه‌ران داگیركردنی ته‌واوه‌تی باشووری كوردستانه و باشوور كردنه به ناوه‌ندی گه‌له‌كۆمه و ده‌یانه‌وێت چه‌كه‌كانیان له كوردستاندا ساغبكرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ش باشووری كوردستان پێویستی به ڕاپه‌ڕینێكی سه‌رتاسه‌ری هه‌یه له دژی داگیركاری و داماڵینی ده‌سه‌ڵاتی نۆكه‌ران و كۆتایی هاتن به كلتووری سیاسی شه‌ڕی ناوخۆ و كۆتایی هاتن به سیخووڕی و خۆفرۆشی. ئه‌مانه‌ش هه‌موو پێویستیان به شۆڕشێكی كلتووری به‌هێزی دیموكراتی و ئاشته‌وایی و هاوسه‌نگی ڕه‌گه‌زی هه‌یه.