میدیا وەک بازاڕێکی چەواشەکار

دێرین جەمال- نووسەر

لە سەردەمی تەکنۆلۆژیای زانیاریدا، میدیا وەک دەسەڵاتی چوارەم چاوەڕوانیی لێدەکرێت ببێتە پارێزەری راستی و دەنگی هاووڵاتییان، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی میدیاییدا دەیبینین، لادانێکی مەترسیدارە لە بنەما ئەخلاقی و پیشەییەکان، لێرەدا تیشک دەخەینە سەر گرنگترین ئەو کەموکووڕییانەی ئێستا بەرۆکی میدیایان گرتووە:
١-پێشێلکردنی تایبەتمەندیی تاکەکەس: یەکێک لە گەورەترین قەیرانەکانی میدیا لە ئێستادا نەبوونی سنوورە بۆ ژیانی تایبەتی مرۆڤەکان، زۆرێک لە پەیامنێران بۆ کۆکردنەوەی بینەر لە خۆیان، دەچنە ناو وردەکاریی ژیانی خێزانی و کێشە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت لە کاتی گەشت و سەیرانیشدا پرسیاری زۆر شەخسی لە هاووڵاتییان دەکەن، ئەمە نەک هەر پێشێلکردنی مافی مرۆڤە، بەڵکو سووکایەتیکردنە بە پیشەی رۆژنامەنووسی.


٢- راکردن بە دوای زۆرترین بینەردا (هەرانانەوە): ئێستا هەندێک میدیا لەبری ناوەڕۆکی بەپێز، گرنگی بە هەرا و وروژاندن دەدەن، بە بەکارهێنانی ناونیشانی سەرنجڕاکێشی بێناوەڕۆک بۆ زیادکردنی کلیک و گەورەکردنی کێشە بچووکەکان بووەتە پیشەی رۆژانە، یان ئەمە دەبێتە هۆی شێواندنی رای گشتیی و دوورخستنەوەی خەڵک لە بابەتە بنەڕەتییەکانی وەک پەروەردە و ژینگە.


٣- ونبوونی ناسنامەی رۆژنامەنووس: ئێستا سنوورێکی روون نەماوە لە نێوان رۆژنامەنووس و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا  هەر کەسێک مۆبایلێکی بە دەستەوە بێت، خۆی بە میدیاکار دەزانێت بەبێئەوەی پابەندی هیچ یاسا و پرەنسیپێکی رەوشتی پیشەیی بێت، ئەم گێژاوە وایکردووە زانیاریی نادروست و پڕوپاگەندە زۆر بە خێرایی بڵاوببنەوە.


٤- میدیا وەک ئامرازێکی بازرگانی و سیاسی: زۆربەی دامەزراوە میدیاییەکان لەبری ئەوەی سەربەخۆبن، بوونەتە سەکۆیەک بۆ بەرژەوەندیی لایەنێکی دیاریکراو یان کۆمپانیایەکی بازرگانی، ئەمەش وا دەکات  راستی  ببێتە قوربانی و تەنیا ئەو بەشەی زانیاری بڵاو بکرێتەوە کە خزمەت بە خاوەن بەرژەوەندییەکان دەکات.


٥-پشتگوێخستنی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی: میدیا دەبێت رێپیشاندەر بێت، بەڵام ئێستا دەبینین لەبری هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە، زۆرجار هانی توندوتیژی و ململانێی بێسوود دەدەن، پێویستە میدیا لەبری تیشکخستنە سەر بابەتە بێبایەخەکان، ببێتە هاندەر بۆ پاراستنی ژینگە و بەرزکردنەوەی ئاستی رۆشنبیری.


ئەنجام: میدیای تەندروست دەبێت ئاوێنەی راستگۆی کۆمەڵگە بێت، نەک ئامرازێک بێت بۆ شێواندنی مێشکی تاک، هەروەها پێویستە یاسا و رێسای توند دابنرێت بۆ پاراستنی شکۆی مرۆڤ و دووبارە گەڕاندنەوەی متمانە بۆ کاری میدیایی، بۆئەوەی میدیا ببێتەوە بەو هێزەی کە خزمەت بە مرۆڤایەتی و پێکەوەژیان دەکات.