ململانێی نەوەکان لە ناکۆکیدا

کنێر عەبدوڵا- نووسەر

لە هەموو کات و شوێنێکدا قسەی نوێ لەسەر «بەریەککەوتنی نەوەکان» دەکرێت، ئەو ململانێ شاراوەیە، یان ئاشکرایەی کە لە نێوان نەوەی رابردوو و ئێستادا سەرهەڵدەدات، لە ئەنجامی جیاوازیی تێڕوانین و شێوازی بیرکردنەوە و ژیانی جیاوازدایە. 
ئەم دیاردەیە هێندەی تەمەنی مرۆڤایەتی کۆنە، بەڵام لە سەردەمی مۆدێرندا لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و خێرایی کرانەوەی کەلتوریدا زیادیکردووە کە لە ئاکامدا بۆشایی نێوان نەوەکانی زیاتر و ئاڵۆزتر کردووە.


ململانێی نەوەکان، لە زۆربەی پرسەکاندا بە جیاوازییە بنەڕەتییەکانی نێوان تێڕوانینی منداڵان و گەورەکان نیشان دەدرێت، وەک پەروەردە، کار، ئایین، ئازادیی تاکە کەسی، بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیا و تەنانەت شێوازی قسەکردن و جلوبەرگ. نەوەی رابردوو زۆرجار وایدەبینن کە نەوەی ئێستا لە خۆشگوزەرانیدا دەژین و نکوڵی لە دابونەریت و بەهاکان دەکەن، لەکاتێکدا نەوەی ئێستا وایدەبینن کە  نەوەی رابردوو پابەندە بە بیروباوەڕە کۆنەکانەوە کە لەگەڵ سەردەمدا ناگونجێن و رێگرن لە گۆڕان و پێشکەوتن.
یەکێک لە دیارترین دەرکەوتەکانی ئەم ململانێیە مامەڵەکردنە لەگەڵ تەکنۆلۆژیا، لە کاتێکدا نەوەی ئێستا پشت بە ئینتەرنێت و تاقیکردنەوەی خێرا دەبەستن وەک ئامرازێک بۆ پەیوەندی و فێربوون و کار دەیبینن، بەڵام نەوەی رابردوو پشت بە کتێب و ئەزموون دەبەستن و تەکنۆلۆژیا وەک ئامرازێک دەبینن بۆ بە فیڕۆدانی کات و تێکدانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. 


چەمکی ئازادیی تاکەکەسی خاڵێکی سەرەکی ناکۆکییە کە گەنجان دەیانەوێت سەربەخۆبن لە  بڕیارەکانیاندا، لە کاتێکدا گەورەکان پێیان باشترە پابەندبن بە دابونەریتەوە، نەوەی رابردوو دەسەڵات وەک شتێک دەبینن کە دەبێت رێزی لێبگیرێت لە کاتێکدا، نەوەی ئێستا لەوانەیە پرسیاری لێبکات یان داوای لێپرسینەوە بکات.


هۆکارەکانی ئەم ململانێیە جۆراوجۆرن، لەوانە بۆشایی کات کە گۆڕانکاریی لە بەها و ئەولەویاتەکاندا دەکات و ژینگەی جیاواز کە هەر نەوەیەک تێیدا گەورە بووە، هەروەها پەرەسەندنی خێرای پێش توانای نەوەی رابردوو بۆ خۆگونجاندن لەگەڵیدا. 
سەرەڕای ئەم جیاوازییانە ناکۆکی نەوەکان نابێت وەک دوژمنایەتی سەیر بکرێت، بەڵکو دەتوانرێت بگۆڕدرێت بۆ دیالۆگێکی بونیادنەر کە کۆمەڵگە دەوڵەمەند بکات و تێگەیشتن و پێکەوەژیان پەرە پێبدات.


ئەم ململانێیە مەرج نییە نەرێنی بێت، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ فێربوونی هاوبەش. نەوەی رابردوو ژیری و ئەزموونی هەیە و نەوەی ئێستا خواست و وزە و پەرۆشی و داهێنان، بۆیە هاوسەنگیی لەنێوان هەردوولادا گرنگە، چونکە هەر نەوەیەک سوودی هەیە کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی هاوسەنگدا، بەڵام ئەگەر هەردوولا لەسەر بنەمای رێز و پێزانین یەکیانگرتەوە، دەشێت ناکۆکییەکان وەلابنێن و ململانێکان بگۆڕن بۆ تەواوکردنی یەکتری بۆیە، دیالۆگی کراوەی نێوان نەوەکان، گوێگرتنی کاریگەر لە هەردوولا، رێزی هاوبەش لەنێوان هەردوو نەوەدا، تێکەڵکردنی شارەزایی لەگەڵ داهێنان لە کار و پەروەردە و نەرمی و تێگەیشتن لە گۆڕانکارییەکاندا، دەتوانن پێکەوە ببنە مایەی کەمکردنەوەی ململانێکان. 


ململانێی نەوەکان دەرەنجامێکی سروشتیی گۆڕانی کات و پەرەسەندنی ژیانە و بۆ گەشەی کۆمەڵگە پێویستە، بەڵام پێویست ناکات ببێتە دابڕان، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ تێگەیشتن لەوی تر و دروستکردنی پردی هاوکاری و رێز، بۆیە لە ئاکامدا لەجیاتی ئەوەی سەرنج بدەینە ئەو شتانەی کە جیامان دەکاتەوە، دەبێت بەدوای پردێکدا بگەڕێین کە یەکمان بخاتەوە و کەناڵەکانی دیالۆگ بکەینەوە کە رێگە بە هەر نەوەیەک بدات خۆی دەرببڕێت و سوود لە نەوەکانی تر وەربگرێت، بۆ ئەوەی پێکەوە بتوانین داهاتوویەکی باشتر لە ژیری و داهێنان و تێگەیشتن دروستبکەین.