ململانێی نەوەکان بۆ ئازادی

کنیر عەبدوڵا - نووسەر

ئازادی بەهایەکی بنەڕەتییە لە ژیانی مرۆڤدا، بەڵام چەمک و لێکدانەوەی لە نەوەیەکەوە بۆ ئەویتر جیاوازە. ململانێی نەوەکان بۆ ئازادی، دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و رەنگدانەوەی جیاوازی بیروبۆچوونی نێوان نەوەکانی رابردوو و ئێستا دەخاتەڕوو سەبارەت بە سنوورەکانی ئازادی و بەرپرسیارێتییەکانی و رادەی پابەندبوون بە دابونەریتەوە. 


نەوەکانی رابردوو، لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتیدا گەورە بوون کە ئازادی بە بەرپرسیارێتی و رێزەوە دەبەستنەوە و بە بۆچوونی ئەوان پابەندبوون بە دابونەریتەوە، گەرەنتی سەقامگیریی خێزان و کۆمەڵگەیە و بەزاندنی ئەم سنوورانە دەبێتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و لاوازبوونی بەهاکانە، نەوەکانی ئێستا، ئازادی وەک مافێکی سەرەکیی تاکە کەس دەبینن کە ئازادیی رادەربڕین، هەڵبژاردنی شێوازی ژیان و دوورکەوتنەوە لە سنووردارییە نەریتییەکان دەگرێتەوە.


 جیاوازی لە تێگەیشتن، یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەمجۆرە ململانێیە، بەشێوەیەک نەوەی رابردوو بڕوای وایە کە ئازادی دەبێت لە چوارچێوەی بەها و دابونەریتەکاندا جێبەجێبکرێت و گرێدراوی بەرپرسیارێتییەکان بێت، بۆئەوەی لە کۆنتڕۆڵی کۆمەڵایەتی و ئایینی دەرباز نەبێت. 


نەوەی ئێستا  ئازادی وەک، ئامرازێک بۆ دەربڕینی خۆیان دەبینن و مافێکە نابێت سنووردار بکرێت، بەڵکو رێزی لێبگیرێت بێگوێدانە تێڕوانینی کۆمەڵگە.


 کرانەوە بەڕووی جیهاندا، هۆکارێکی ترە  بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەکنۆلۆژیای مۆدێرنەوە. ئەمڕۆ گەنجان رووبەڕووی بیرۆکە و شێوازی ژیانی جۆراوجۆر دەبنەوە و وایان لێدەکات داوای ئاستێک لە ئازادی بکەن کە لەوانەیە لای نەوەی رابردوو قبووڵ نەکرێت. ئەمەش بۆشایی لە تێگەیشتن دروستدەکات و گرژیی نێوان هەردوولا زیاد دەکات. 


ترس لە لەدەستدانی ناسنامەش یەکێکە لە هۆکارەکان، چونکە نەوەی رابردوو هەست دەکات کە ئازادیی گەنجان هەندێکجار هەڕەشە لەو بەهایانە دەکات کە کۆمەڵگە لەسەری پەروەردە بووە و لەوانەیە ببێتەهۆی لاساییکردنەوەی نابەرپرسانە لە خۆرئاوا و لادان لە دابونەریتی رەسەن. لەبەرئەوە رەتکردنەوە و ناڕەزایی لێدەکەوێتەوە، لاوازیی دیالۆکی نێوان نەوەکان و نەبوونی پردی لێکتێگەیشتن، یارمەتیدەرە بۆ قووڵکردنەوەی ئەم ململانێیە و  هەندێکجار هەرلایەک بەهەڵوێستی خۆیەوە پابەند دەبێت، بێ ئەوەی هەوڵبدات لەوی تر تێبگات، ئەوەش  دەبێتە هۆی نەبوونی رێزی هاوبەش و زیادبوونی رادەی  گرژی.


چارەسەر بۆ ئەم جۆرە ململانێیە، لە دروستکردنی پردی پەیوەندی نێوان نەوەکاندایە، لەڕێگەی دیالۆکی کراوە و رێزی هاوبەشەوە. بەشێوەیەک هەر نەوەیەک دەتوانێت باشتر تێبگات و پردی لێکتێگەیشتن دروست بکات کە ئازادیی تاک و بەرپرسیارێتی کۆمەڵگە تێکەڵ بکات. 


پێویستە نەوەکانی رابردوو بوار بە نەوەکانی ئێستا بدەن بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆیان و پیادەکردنی ئازادییەکانیان بە رێزەوە، دەبێت گەنجان دابونەریتی کۆمەڵگەکەیان بەرز بنرخێنن و کار بۆ گەشەپێدانیان بکەن نەک لەناویان ببەن. 
ئەم ململانێیە، دیاردەیەکی سروشتی کۆمەڵایەتییە بەرەو هاوسەنگیی نێوان رابردوو و ئێستا و تەنها هۆکاری ناکۆکی نییە، بەڵکو پاڵنەری گۆڕانکاری و گەشەکردنە و مەرج نییە نەرێنی بێت و دەکرێت دەرفەتێک بێت بۆ پێداچوونەوە، وێڕای ئەوەی ئازادیی بێ سنوور رەها نییە، هاوسەنگییە لە نێوان ماف و ئەرکەکان، تاک و کۆمەڵگە و دابونەریت و نوێبوونەوەدا. 


گرنگ ئەوەیە چۆن بەسەر خەباتی نەوەکاندا بۆ ئازادی، زاڵ ببین لەپێناوی بەرژەوەندیی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوودا.