لەبەرئەوەی ژنیت، ئازارەکەت سروشتییە
ڕۆزا دڵشاد مەریوانی - نووسەر
لە ماوەی رابردوودا لە بەرنامەیەکی (مەروە ئەلحاراتی) لوبنانی کە ژنە پرۆدیوسەر و پێشکەشکاری بەرنامەیە، لەسەر پێگەی خۆی لە ئنستاگرام بەرنامەیەکی چەند چرکەیی هەیە بەناوی (#طق حنک) هەر جارە و باس لە بابەتێکی سەرنجڕاکێشی رۆژ دەکات، بە شێوازێکی زۆر قووڵ و سەرنجڕاکێش وەک ئەوەی هاوڕێیەکت قسەت بۆ بکات، تێیدا باسی لە چیرۆکی ژنێک کرد کە خۆی سستەری منداڵبوون بووە، بەڵام دوای ئەوەی چەندین مانگ بە دەست خەمۆکیی دوای منداڵبوونەوە ناڵاندوێتی، کەچی هیچ کام لە پزیشکەکان چارەسەرێکی گونجاویان بۆ نەکردووە، تا حاڵەتەکەی تەشەنەی سەندووە و بە تاوانێک کۆتایی هاتووە. مەروە لە کۆتاییدا پرسیارێکی کرد «ئایا خەتای کێیە؟».
جیاکاریی رەگەزیی بەرامبەر ئازارەکانی ژنان
ئەم چیرۆکە ئەو بابەتەی بیرخستمەوە ئەویش ئەوەیە، هێشتا لەگەڵ ئەو هەموو گەشەسەندنەی دنیا بەخۆیەوە بینیوە، جگەلە پێشکەوتنی زانستی پزیشکی، بەڵام هێشتا مەسەلەی ئەوەی پێی دەوترێت «جیاکاریی رەگەزیی بەرامبەر ئازارەکانی ژنان» بەردەوامە و لە زۆربەی کۆمەڵگەکاندا بە پێشکەوتوو و دواکەوتووەوە، هێشتا ئازارە جەستەیی و دەروونییەکانی ژنان بە هەند وەرناگیرێن، بەڵکو لە خانەی ئازاری سروشتی یان ئازارێکی کەمدا دادەنرێن، وەک ئەوەی جەستەی ژن بۆ ئەوە کرابێت دەبێت بەرگەی ئازار بگرێت، بەتایبەتی ئازارەکانی دووگیانبوون و منداڵبوون و رێکار و دەرمانەکانی رێگرییکردن لە دووگیانبوون، تەنانەت ئەو ئازار و نەخۆشییە دەروونیانەی بە هۆی دووگیانبوون یان یەکێک لە رێگرییەکانی دووگیانبوونەوە تووشیان دەبێت، ئەوەتا کۆلێژی پزیشکانی ئەمریکی بۆ ژنان و منداڵبوون (ACOG) لە راپۆرتەکانیاندا باس لەوە دەکەن ئازارەکانی سووڕی مانگانە کە بە گرژبوونی سروشتی منداڵدان وەسف دەکرێت، دەکرێت ئاماژە بن بۆ حاڵەتی تەندروستی دیکە، وەک نەخۆشی ناوپۆشی منداڵدان کە تێیدا خانەی دیکەی هاوشێوەی ناپۆشی منداڵدان لە جێی دیکەدا لە دەرەوەی مندڵدان گەشە دەکەن، هەروەها نەخۆشییەکانی کیس و گرێ ریشاڵییەکانی نێو منداڵدان و زۆری دیکە کە ئازاری لە رادەبەدەر دروست دەکەن، بەڵام کاتێک ژنان و کچان باس لەو ئازارانە دەکەن ماوەیەکی زۆری دەوێت تا هۆکارەکانی دەستنیشان دەکرێن، چونکە بەهۆی جیاکاریی رەگەزیی بەرامبەر بە ئازارەکانی ژنان، بەو دیدگایەوە تەماشای ئازارەکانیان دەکەن کە تەنیا ئازاری سروشتین و دەبێت بەرگەی بگرن، یان بەپێدانی ئازار شکێن بەڕێیان دەکەن، بەڵام لە راستیدا زۆرێک لەو ئازارانە ژیانی ئەو ژنە یان کچە تێکدەدەن و ناتوانێت لەو ماوەیەدا بە ئاسایی بژی و ژیانی پەکدەخات.
ئازارە دەروونییەکان
ئازارە دەروونییەکانی ژنان تائێستا زیاتر لە ئازارە جەستەییەکان بە هەند وەرناگیرێن، وەک چیرۆکی ئەو ژنەی تووشی خەمۆکی دوای منداڵبوون بووە و بە تاوانێک کۆتایی هاتووە، کە بە رای من بەشێکی کەمی ئەو تاوانە دەکەوێتە ئەستۆی ژنەکە، بەڵکو بەشی هەرە زۆری دەکەوێتە ئەستۆی کۆی ئەو سیستمە پزیشکییەی فەرامۆشیان کردووە و چارەسەریان نەکردووە، لەگەڵ هاوسەرەکەی کە ئەو نیشانانەی فەرامۆش کردووە و ژیانی خۆی ژیاوە و چووەتە دەرەوەی ماڵ و لەگەڵ هاوڕێکانیدا کاتی بەسەر بردووە.
بەداخەوە زۆرجار کاتێک ئێمەی ژنان باس لە ئازارێکمان دەکەین جا هەر ئازارێک بێت، هەمیشە کاردانەوەی یەکەم ئەوەیە ئەو ئازارە دەگەڕێنرێتەوە بۆئەوەی حاڵەتێکی سروشتییە یان لەبەرئەوەی تۆ ژنیت، بۆیە ئەو ئازارەت هەیە، وەک ئەوەی بڵێن تۆ ژنیت کەواتە دەبێت هەمیشە جەستە و دەروونت بەرگەی ئەو جۆرە ئازارانە بگرێت و چارەسەر نییە، تەنانەت کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمانەکانی رێگرییکردن لە دووگیانبوون وەک بوونی ئازار و گۆڕانی هۆرمۆنات و تێکچوونی جەستە، ئەوە ژنە دەبێت بەرگەی بگرێت و بە جەستەی خۆی باجەکەی بدات، تەنانەت کاتێک یەکێک لە رێگرییەکانی دووگیانبوون شکست دەهێنێت، دەبێت ژن بە جەستە و دەروونی خۆی باجی بوونی منداڵێک بدات کە پێشتر پلانی بۆ دانەناوە.
تا کەی بە هەند وەرناگیرێن؟
کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە تا کەی ئازارە جەستەیی و دەروونییەکانی ژنان بە هەند وەرناگیرێن؟ دەکرێت هۆشیارکردنەوە لەوێوە دەستپێبکات ئێمەی دایکان وەک پێش خۆمان نەبین و واز لەو عەقڵییەتە پیاوسالارییە بهێنین، وشەی «ئازارێکی سروشتییە» رەتبکەینەوە، ئازارە جەستەیی و دەروونییەکانی خۆمان و کچەکانمان فەرامۆش نەکەین و بەدوای وەڵام و چارەسەرەکاندا بگەڕێین، لەبەرئەوەی وەک مێینە دروست بووین، مانای ئەوە نییە دەبێت بەرگەی ئازار بگرین.