کولتووری زاگرۆسی هێزە پەنهانەکەی "ژن، ژیان، ئازادی"یە
تەوار عادل – ڕۆژنامەنووس

گەلی کوردی زاگرۆسیی لە مێژووی دێرینەوە تا ئەمرۆ، هەڵگری رەسەنایەتیی و ناسنامەی میزۆپۆتامیای دێرین بووە، پارێزەری کولتوور و مێژووی خۆی بووە، لە ٥٠ ساڵی رابردوودا و دوای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردییش، پانتایی هێزی کوردی ئازاد جیهان بە گشتیی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە تایبەتیی گرتووەتەوە و لەو ٥٠ ساڵەدا بە قوڵبوونەوە لە یەکەم نەتەوەی داگیرکراو، کە ژنە و کوردیش وەک داگیرکراوێکی نێودەوڵەتی، تێکۆشانەکەی بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی پەرە پێداوە.
مێژوو شاهیدی بوونی ژنی کوردە کە لە جومگە جیاوازەکاندا خاوەن پێگە و رۆڵی سەرەکیی بوون، چونکە هەمیشە کولتووری زاگرۆسیی درێژکراوە و تەواوکەری کولتووری دایک-ژن بووە، ئەمەش وایکردووە ژنان مۆرک و جێپەنجەی خۆیان بەسەر تێکۆشانی ئازادیخوازیی و دیموکراسیخوازیی گەلی کوردەوە بەجێ بهێڵن.
لە زۆر قۆناغدا ژنانی وەک لەیلا قاسم، حەپسە خانی نەقیب، مەستوورەی ئەردەڵان، ساکینە جانسز، زەکییە ئەلکان، ڤیان سۆران، بارین کۆبانێ و شیرین عەلەمهولی بوونەتە پێشەنگ و سەرمەشقی تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد و جەستە و خوێنی خۆشیان لە پێناویدا بەخشیوە، بوونەتە ناسنامە و سیمبولی یەکپارچەیی کوردستان و بەدیهێنانی کۆمەڵگەی ئازاد.
ڕاستییە کە خەمەکانی نیشتمان هەمیشە لە هەناوی ژناندا خۆی مەڵاسداوە و وایکردووە، پاراستنی کولتووری کوردیی و زمان و ناسنامەی گەلی کورد بکەوێتە ئەستۆی ژنان و لەو پێناوەدا هەمیشە پێشەنگایەتیی بۆ تێکۆشان بکەن، لە سێیەمین ساڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا، دەبێت هەڵوەستە لەسەر ناسنامەی حەقیقی ژن بکرێت، چونکە کۆمەڵگەی بێ حەقیقەت و تەنانەت تاکی بێ حەقیقەتیش، واتا هەبوونێکی بێ واتا و بێ ناسنامە، ئەگەر ئەو تاکە بێ حەقیقەتەش ژن بێت، ئەو لە یەکهەڵوەشانەوە کۆمەڵایەتییە دروست دەکات کە ئێستا لە کۆمەڵگەی کوردیدا دەبینرێت و هەموو ڕۆژێک کوشتنی ژنێک، کە حەقیقەتی کوشتنەکەی بە نەزانراوی ماوەتەوە، دەبێتە مانشێتی میدیاکان و لە کەسایەتی دایک-ژنیشدا هەموو سزایەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری،...هتد بەسەر کۆمەڵگەدا سەپێنراوە و لە هەندێک باردا بووەتە (ئەمری واقیع)یش کە تاک پێی وایە دەربازبوون لەو گۆماوە چەپەڵە ئەستەمە.
توانای تێگەشتن، ژیانە، توانای ژیانیش لەپێناو تێگەشتندایە. لەم سۆنگەیەوە باسکردن لە ژن دەبێت لە ڕوانگەی ڕەگی مێژووییەوە بێت، دایکێک کە یەکەم کۆرپەی هێناوەتە بوون و کڵانەکانی دروستکرد و دواتر یەکەم کۆمەڵگەی بنیادنا، دایکێک کە یەکەم چاندنی گەنمی دۆزییەوە و شۆڕشی کشتوکاڵی بەرپاکرد، دایکێک یەکەم داهێنانی کرد و یەکەم پەیڤ دەخاتە سەر زمانی منداڵەکەی و هەموو یەکەمەکان خۆیەتی، چۆن دەکرێت ئەمڕۆ بکوژرێت، ڕەگەزێک(ژن) کە تەواوکەری ڕەگەزی بەرامبەرییەتی(پیاو) و بێ ئەو دوو ڕەگەزە بەردەوامی بە ژیان نەدرێت، چۆن دەکرێت بە کوشتنی – فیزیکی یان هزری – بسڕدرێتەوە و وەکوو نەبوویەک پێناسەی بۆ بکرێت؟ کەواتە وەڵامەکان تەنها گەڕانەوەیە بۆ حەقیقەت، ئەمەش بە توێژینەوە و شیکارییەک دەکرێت کە زانستی ژن هەڵسەنگێنێت، چونکە توێژینەوە و شیکارییەک کە بێبەش بێت لە ڕاستی ژن ناتوانێت سەرکەوتوو بێت و سەرپێی دەمێنێتەوە و هیچ ڕێگەچارەیەکیش پێشکەش ناکات.
ژن وەک نەتەوەیەک پێناسە دەکرێت، کەواتە هێرشیە ئیمرالیستییەکانی سەر هەر کۆمەڵگەیەک، پێش نەتەوەی هەمان زمان و کولتوور، دەکرێتە سەر نەتەوەی ژن و لەسەر بنەمای کۆیلایەتی ژن، کۆمەڵگەش کۆیلە دەکرێت، چونکە کاتێک بوون و خۆبوون لە ژن بسەندرێتەوە، خولگەیی بوونی پەروەردە لە دایکەوە بۆ منداڵ تەگەرەی تێدەکەوێت و تاکەکانی کۆمەڵگەیەک بێ ناسنامە دەمێننەوە و بە ئاسانی کۆنترۆڵ دەکرێن، ئەم دۆخە بۆ کورد و بە تایبەت ژنی کورد دووجار قورسترە.
کوشتنی ژینا ئەمینی لە ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢دا، لە کاتێکدا تەمەنی ٢٢ ساڵ بوو لە ژێر ناوی پابەندنەبوون بە یاسای حیجاب و یاساکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران، لە بنەڕەتدا ڕقێکی قوڵی نەتەوەیی ئەو ڕژێمە دژ بە کورد و ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگری نەهیکردنی ڕژێمی ئیسلامی لە ڕەگەزی ژن دەردەخات. گەشتی ئیرشاد-پۆلیسی ئەخلاقیش لە بنەڕەتدا پێناسەکەی پۆلیسی لەناوبردنی ژنە، چونکە خودی ژن بە بنەما دەگرێت، جا ئەو ژنە، دەکرێت فارس، ئازەر، کورد، بەلووچ و هەر گەلێکی دیکەی ئەو وڵاتە بێت، مادام دەچێتە دەرەوەی چوار دیواری ماڵ، کەواتە ڕژێم سەرکووتی دەکات. بۆیەش ئەگەر سەیری کۆمەڵگەکانی ئێران بکەیت، سەرەڕای ئەوەی کۆمەڵگەی دێرینی میزۆپۆتامیان و ژنانی ئەو خاکە هەڵقوڵاوی ڕاستینەی خواوەندەکانن، بەڵام ڕۆڵیان لە جومگەکانی کۆمەڵگەدا لە ناوخۆی ئێراندا کەمە و زیاتر لە بواری پاراستنی کولتوور و زماندا ڕۆڵ دەگێڕن، کاتێکیش لە سنوری وڵاتەکە دەردەچن و بە ڕووی جیهاندا دەکرێنەوە، گەلێک ژنی پێشەنگیان لێدەردەچێت کە تا ئاستی بوونە ئەندامی کەشتییە ئاسمانییەکان دەچن.
کەواتە دەتوانرێت بوترێت، کوشتنی ژینا ئەمینی درێژکراوەی مێژووی ١٣ هەزار کۆیلایەتی ژنیش بوو، کە لە هەر سەردەمێکدا بە نازناوێکی وەک خواوەندی ئەژدیها، ژنانی جادوگەر، فاحیشە، کەم ئەقڵ-ناقص عقل، فیتنەگەر و ژنێک کە ئاین ڕەتی دەکاتەوە و بە نەزەرلێکراو و لە ڕێ لابەر پێناسەی دەکرا، لە ژن درا و ئیسلامی سیاسیش بە تایبەت لە وڵاتی ئێراندا کاری لەسەر ئەو بێکاریگەر کردنەوەی ژن کرد و سیاسەتی ڕژێمیش لەسەر بنەمای پێگە نەدان بە ژنێک کە خاوەن ئیرادە بێت داڕێژرا، ناتوانین بڵێین هیچ ژنێک لە جومگەکانی ئەو ڕژێمەدا بوونی نییە، لە بنەڕەتدا گەشتی ئیرشاد ژن بوون لە شەقامەکاندا ژنانیان دەگرت و حیجابی زۆرەملێیان بەسەردا دەسەپاندن، بەڵام ئەوان ژنانێک بوون کە ڕاستەوخۆ بە پێوەر و پێودانگەکانی پیاوی دەسەڵاتدار بوون و خزمەتیان بەو هزرە ژن کوژە دەکرد.
لە بەرامبەر ئەم هەموو کۆیلەکردنەی ژندا لە خاکێکدا، کە ژنانی کورد ڕەگەکەیان ژنە خاوەندەکان و کولتووری زاگرۆسە، هێزی بەرەنگاری و بەرخۆدان لە لوتکەدایە، چ سەردەمێک هەیە ژنانی کورد بۆ پاراستنی شوناسن و مانەوە پێشەنگایەتییان لە دژی نادادی نەکردبێت؟... کوشتنی ژیناش جارێکی دیکە گڕی بەرەنگاربوونەوەی هەناوی ژنانی تاودا و هەر لە یەکەمین ساتەکانەوە، بە تایبەت کە پێش چەند ڕۆژێک شلێر ڕەسوڵی ببووە یەکێک لە قوربانییەکانی دەستدرێژی سێکسی، ئیدی ژنان دەستیان بە بەرەنگاربوونەوە کرد و لەسەر بنەمای "تا سروشتی ژن لە تاریکیدا بمێنێتەوە، تەواوی سروشتی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەش لە ناڕوونیدا دەمێنێتەوە" هەموو کۆمەڵگەیان بەدوای خۆیاندا پەلکێشی ناو ڕاستییەک کرد، کە بێ ژن، ژیان نابێت و هیچ ژیانێکیش بێ ئازادی نابێت، گەلانی دیکەی ناوچەکەش بە پێشەنگایەتی ژنانی کورد، کاروانی "ژن، ژیان، ئازادی"یان گرتەبەر و تا ئەمڕۆ فەلسەفەی ئەو دروشمە لە ژیانی کۆمەڵایەتی، هێز و باوەڕی و ئاگاییاندا ڕەنگدەداتەوە و بە ڕوونیش لەناو کۆمەڵگەدا دەبینرێت و خاوەن لە ناسنامە، مێژوو، زمان و کولتوور و...هتد دەردەکەون.