خودنووسینەوەی ژنان و خۆبوونیان

کەژاڵ ئەمەد- نووسەرو شاعیر

لە سەردەم و رۆژگارێکدا کە سکاڵا لە نامۆبوونی ژنان دەکرێت بە خۆیان، بەهۆی رۆڵی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا لە زیاتر دەستکاریی کردنی رووخسار و جەستەیاندا، نەک هەندێک لە نووسەرانی ژن بەڵکو ژنانێکیش کە نووسەر نین، بەڵام خاکەڕایانە و راستگۆیانە ژیانی خۆیان دەنووسنەوە و توانیویانە ئەو تەوقی نامۆبوونە بشکێنن و ئەو بۆچوونە هەڵەیەی لەسەر کەسایەتی و بیرکردنەوەی ژنان دروست بووە بیڕەوێننەوە و لە ئایندەدا نەیهێڵن. یەکەم کتێبی کوردی لە بواری خودنووسینەوەی ژناندا ئەو دیدار و گفتوگۆیانە بوو کە هەندێک نووسەری خەمخۆری پرسی ئەنفال لەدوای راپەڕینەوە دەستیان کرد بە چاپکردن و بڵاوکردنەوەی. دواتر لە سەرەتاکانی ساڵانی دووهەزاردا بیرەوەرییەکانی خاتوو گەلاوێژ-م خوێندەوە و چێژم لە دەستەواژە و روانینی ژنانە و دیمەنی ژنی پاڵەوان و خۆڕاگر بینی. بەدوای ئەوەشدا لە ساڵی ٢٠٢٠ کتێبێکی کاریگەرم خوێندەوە بەناونیشانی (خودنووسینەوەی ژنان) کە هۆزان مەحمودی هاوڕێم ئامادەی کردووە، ئەو پڕۆسەیە ئاستێکی دیکە لە ناساندن و ئەکادیمیبوونی سادەیی و راستگۆیی بە خۆیەوە بینی. هۆزانی براوەی خەڵاتی (ئێما هەمفری) بەریتانیە لە ساڵی ٢٠١٦دا و خەڵاتی سێکۆلاریزمی ٢٠١٨ لە لەندەن، هەروەها خاوەنی ماستەرە لەسەر جێندەر لە زانکۆی سۆواس لە لەندەن، خۆی سەبارەت بە (خودنووسینەوەی ژنان) دەڵێت، ئەم کایەی نووسینە ناوده‌نێم «كایه‌ی خودبوونی ژنانی كورد». کتێبەکەی هۆزان وێنەی ژنێکی بەتەمەنی لەسەرە کە خاڵ و نەخشی زۆر لەسەر دەستەکانی و چەناگەی هەن و بە سەروبەستێکی کوردانەوە مژ لە جگەرەکەی دەستی دەدات. ئەم دیمەنە نامۆنییە لەلامان کە دەردەدڵەکان و گێڕانەوەی ئەو ژنە ماندوونەناسانەش دەخوێنینەوە زیاتر وەک ئاشنایەک بە خۆیان و بە خەڵکیش دەیانناسین، راستە جگەرە خراپە و دەڵێن ژن نابێت جگەرە بکێشێت، بەڵام نەشاردنەوە و خودبوونی ئەو ژنە دەردەخات. ئەو نایەت شتێک بە ئێمە بڵێت و بەجۆرێک خۆی دەربخات کە نامۆ بێت بە هەقیقەتی خۆی و چاوی خەڵکیش بە ناڕاستییەک هەڵبخەڵەتێنێت.


ساڵانێکە دنیای نووسینی کورد بەدەست خۆنەبوونی ژنی کوردەوە دەناڵێنێت. ئێستا زۆربەیان جورئەتی ژنبوونیان نییە لەناو شیعر و چیرۆک و وتار و تەنانەت ئەو گۆرانیانەشدا کە دەیڵێن. ئەمە هەر بۆچوونی من نییە، بەڵکو بیروڕای رەخنەگران و شارەزایانی ئەدەبی کوردییە و چەندین نووسین و لێدوان هەن لەوبارەیەوە. هەر ئەو کەم و کووڕییەش وایکردووە چاوێکی زۆر لەسەر دەست و قەڵەم و بەرهەمەکانی ئەو ژنانە بێت کە ئازایانە خۆیان دەنووسنەوە. جێگەی سەرنج و دەستخۆشییە ئێستا رۆژنامەی کوردستانی نوێ بیرەوەرییەکانی خانمێکی سەربە خانەوادەیەکی ناسراوی سلێمانی بە ئەڵقە بڵاودەکاتەوە، کە خودنووسینەوەیەکی ئازا و راستگۆیانەیە، لەگەڵ نووسینەوەی ژیانی خۆیدا کەشوهەوای سلێمانی و دۆخی سیاسی و هەژاریی خەڵکی سڤیل و چارەنەبوونیان و داب و نەریت و سەختی و خۆشییە سادەکانی خێزانی کوردەواریی و گەورەیی ژن بەرجەستە دەکات. چاوەڕوانی زیاترم لە ژنانی کورد و لەوباوەڕەدانیم  نووسین و خودنووسینەوەی ژن ئیدی هەرگیز پاشەکشە بکات.