پڕۆسەی هەڵبژاردن زمانی یەکتر قەبوڵکرن و دیموکراسیەتە
دیمەن عەبدوڵا - ڕەخنەگری ئەدەبی
بەپێی بریاری کۆمەڵەی نەتەوە یەكگرتووەكان ١٥/ ٩ وەک ڕۆژی (دیموکراسیەت) و ٢١/ ٩ وەک رۆژی (ئاشتی جیهانی) داناوە. دیارە بەپێی پێشنیار و دەنگوباسەکان، لەم مانگەدا هەڵمەتی پرۆپاگەندەی هەڵبژاردن دەست پێ دەکات. کەواتە ئێمەش لەم مانگەدا بەرەو پڕۆسەی هەڵبژاردن دەچین، کە هەڵبژاردن بەرهەمی بەشێکی پرۆسەی دیموکراتیە. هەر وشەی پەرلەمان، لە زمانی یۆنانیدا بەواتای (دیالۆگ) دێت. لێرەوە دەپرسین، ئایا کەی دیالۆگ پەیدا دەبێت؟ دیارە کاتێک یەکتر قبوڵ بکەین، هەنگاوی یەکەم پرۆسەی دیالۆگ و دیموکراتیە. لەبەرئەوە، تەنها دیموکراسیەتیش بەدیلی دیموکراسییە، هەروها تەنها هەڵبژاردنیش، بەدیلی هەڵبژاردنە. کەواتە هەرچۆنێک بێت، هەبوونی هەڵبژاردن، لە نەبوونی باشترە.
لە ڕاستیدا هەرکەسێک بە چەکی خۆی شەڕ یان ململانێ دەکات. ئێمەش وەک نووسەران، بە ڕێگای قەڵەم و نووسینەکانمان، دەتوانین کار بکەین و کاریگەری لە سەر تاکەکانمان بۆ بواری ململانێ و دروستکردنی زەمینەسازی یەکتر قبۆڵکردن خۆش بکەین. بۆ نموونە شاعیرەکانمان چۆن باسی بەرگری کردن، لە خاک و نەتەوە دەکەن و ڕۆڵی ڕۆماننووسەکان لە پاراستن و گرنگیدان بە کوردبوون وەک دیالۆگێکی عەقڵانی. دیارە ئێمەش، کە لەم نووسینەدا باسی هێزی نەرم دەکەین، چونکە پڕۆسەی هەڵبژاردنیش خۆیی هێزی نەرمە. بەم گرنگیەوە، ئەگەر هەموو جیهانی مۆدێرن لەسەر هیچ شتێک هاودەنگ نەبن، ئەوە لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردن و دیموکراسییەت هاودەنگن. هاودەنگیش لەسەر ئەم پڕۆسەیە، بەواتای کایەکی گرنگی گۆڕانکارییە لە هەر نەتەوە و گەلێکدا. دەرئەنجامیش، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی بە ئاست و ئاگایی ترەوە، بڕواینە پڕۆسەی دەنگدان وەک پەیوەست بە مۆدێلی دیموکراسیەتەوە.
زۆر دەمێکە کورد چەکی ڕەق دژی یەکتر بەکار دەهێنن، با ئێمەش ماوەیەک گرنگی بەهێزی نەرم وەک هەڵبژاردن و دیموکراسیەت بدەین. ئیتر ئەگەر سەیری وڵاتانی دواکەوتوو بکەین، دەبینین زیاتر خەڵک تێیدا سەرکوتکراوە، بۆیە پڕۆسەی دەنگدان، باشترین دەرفەتە تۆ دەنگی خۆت بەرزکەیتەوە و جۆرێک لە گۆڕانکاری دروست بکەی.
ئەگەر من وەک ژن تەماشای دیموکراسی و هەڵبژاردن بکەم، ئەوە لە ڕاستیدا ئەم پڕۆسەیە بۆ ئێمەی ژن زیاتر لە هەموو پێکهاتەکانی دیکە سوودمەنترە، چونکە کارکردنی ژن زیاتر لە چوارچێوەی هێزی نەرمە، کە ئەمەش وەک زمانی سەردەم و دەرئەنجامێکی بەشترە بۆ گۆڕانکارییەکان.
لە کۆتاییدا دەڵێین، هەڵبژاردن لە گلەی بێ واتا و بێ ئەنجام زۆر باشترە. بۆیە هەروەک چینیەکان دەڵێن: لەبری ئەوەی نەفرەت لە تاریکی بکەین، مۆمێک داگرسێنین باشترە.