هەواڵی بەپەلە و چەواشەکاری
د.تاژان دڵشاد - مامۆستا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی

بڵاوبوونەوەی هەواڵ و زانیاریی بە شێوەیەکی بێوێنە تەشەنەی کردووە، بەڵام ئەم خێراییە چالاکیی گرنگ ئەنجام دەدات بۆ دڵنیابوونەوە لە راستی و وردیی هەواڵەکان.
میدیای نوێ و سەکۆکانی سۆشیاڵ میدیا شۆڕشێکی گەورەیان لە بواری راگەیاندندا بەرپا کردووە. ئەمڕۆ هەواڵێک دەتوانێت لە ماوەی چەند چرکەیەکدا بگاتە ملیۆنان کەس لە هەموو جیهان، بەڵام ئەم خێرایی و ئاسانییە لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی چەندین چالاکی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، گرنگترینیان بریتییە لە زیادبوونی چەواشەکاری و کەمبوونەوەی وردیی لە پشکنینی راستیی هەواڵەکان.
لەم سەردەمەدا، کە میدیای نوێ باڵی بەسەر هەموو جیهاندا کێشاوە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاسانکاری و خێرایی بڵاوبوونەوەی هەواڵەکانیان ئاسانترکردووە، لەوانەش: فەیسبووک، ئێکس "تویتەری جاران"، تیکتۆک و...هتد، گۆڕانکارییەکی گەورەیان لە شێوەی پەیوەستبوونی خەڵک بە هەواڵەوە دروستکردووە. لە کاتی بڵاوبوونەوەی هەواڵی بە پەلە دا، زۆرجار هەمان بابەت بە شێوەی جیاواز، بەڵام چەواشە و پارچە پارچە پێشکەش دەکرێت.
لە جیهانی سەقامگیریی راگەیاندن و گەشەپێدانی تەماشاکردنی هەواڵ بە شێوەی بەپەلە، راگەیاندن بۆ هەمان بابەت بە شێوەیەکی جیاواز لە ماڵپەڕ، سەکۆ، یان ئامرازەکان، روویەکی چەواشەکاریی هەیە. کاتێ هەواڵێک دەردەکەوێت "وەک بابەتێکی سیاسی، هاوکاری، یان رووداوێکی نیشتمانی، یان پرسێک کە پەیوەندیی راستەوخۆی بە ژیانی هاووڵاتییەوە هەیە"، ئەو هەواڵە لە ماڵپەڕە میدیاییەکان و سەکۆکان بە شێوەیەکی جیاواز وەردەگیرێت، پەیوەندیی بە سیاسەت و سەرچاوە و ئامانجی ئەو سەکۆیەوە هەیە. هەروەک لە فەیسبووک و تیکتۆکدا، هەواڵەکان بۆ کورتەڤیدیۆی سەرنجبەر، بۆ راکێشانی وەرگر گۆڕدراون. لە ئێکسدا، نووسینێکی زۆر کورت و توندڕەوانەی سیاسی یان رەخنەگرانە، هەروا لە ماڵپەڕە هەواڵییەکاندا، وشەکان بە شێوەیەکی هەستیار نووسراون.
لەئێستادا هەواڵی بە پەلە (Breaking News)، هەوڵێکی هەنووکەیی یان خێرایە بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری بەبێ پشکنینی تەواو، بۆیە زۆرجار راستی و تەواوی هەواڵەکە تێکدەچێت.
چەواشەکاری (Fragmentation) لەم بوارەدا، واتە بڵاوبوونەوەی پارچەیەكی زانیاریی لە ماڵپەڕ و سەکۆ جیاوازەکان، بێ گرێبەستی نێوانیان. بەمجۆرە، بەکارهێنەر لە ئێکس ناونیشانێکی توند، لە تیکتۆک ڤیدیۆیەکی کورت و گەرمی هەواڵەکە دەبینێت، لە ماڵپەڕێکی راگەیاندنیش نووسینێکی رەسمی و وشەبەندکراو دەبینێت.
ئەم دۆخە چەواشەکارییە، کاریگەریی لەسەر باوەڕکردنی بەکارهێنەر بە سەرچاوە دادەنێت، هەروەها شێوازی پێشکەشکردنی هەواڵ و کەسێتیی پێشکەشکار کاریگەریی لەسەر متمانە و باوەڕی بەکارهێنەریش دەبێت. بۆ نموونە: بەکارهێنەری سۆشیاڵ میدیا کەمتر بایەخ بە سیاسەتی میدیای دیجیتاڵی دەدات، بەڵام هەواڵی خێرا و گەرمی ڤیدیۆیی رووخسارێکی جیاوازی هەیە.
لەم نێوانەشدا، خوێندەواریی میدیایی "Media Literacy" ئەگەر نەبێت بە شێوەیەکی بەرهەمهێنەر، بەکارهێنەر لە دەقی چەواشەی هەواڵ و زانیارییەکاندا ناتوانێت راستیی رووداوەکان بزانێت و جیایان بکاتەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوەوە لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروستدا بەشدار دەبێت. زۆرجار ئەم هەواڵە بەپەلانە دەبنە هۆی تێکدانی دەروونی تاک و چەواشەکردنیان.
ئەگەر لە هەواڵەکانی موچە وردبینەوە، کە زۆربەی رۆژەکان هەواڵی گەرمی پەڕە و ماڵپەڕە جیاوازەکانە، هەر هەژمار و پەڕە و ماڵپەڕێک لە پێناو بەدەستهێنانی بینەری زیاتر، لە زووتر بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان تێبینی دەکرێت، کە لە هەڵەی چاپ و ساختەهەواڵ (Fake news) و سەرچاوەی نادیار و نادروست، زۆری تر بێگوێدانە دۆخی هاووڵاتیان و دەروونیان بڵاویاندەکەنەوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نابەرپرسیارێتیی رۆژنامەنووس و خاوەنی پەڕە و هەژمار و دەزگا میدیاییەکان، کە ئاکاری پیشە رەچاو ناکرێت، لەپێناو بەدەستهێنانی ناوبانگ و زۆرترین بینەر و خوێنەر و بیسەر.
هەندێک هۆکار هەن، کە وا لە رۆژنامەنووس و دەزگا میدیاییەکان دەکەن بکەونە ئەم بارودۆخەوە، هەروەک فشاری کات، کە لەسەر رۆژنامەنووسان و دامەزراوە میدیاییەکان هەیە لە میدیای دیجیتاڵیدا، بۆ ئەوەی یەکەمین میدیا بن هەواڵەکە بڵاوبکەنەوە، ئەوەش وات لێدەکات، کاتێکی کەم لە بەردەم رۆژنامەنووسان و دامەزراوەکەدا هەبێت بۆ پشکنینی سەرچاوەکان و هەواڵ و زانیارییەکان.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەریی زۆریان هەیە لەسەر بڵاوبوونەوەی هەواڵەکان، لەبەرئەوەی لە سەکۆکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەکو فەیسبووک، ئێکس، و ئینستاگرام و... تاد، هەواڵەکان بە شێوەیەکی زۆر خێرا بڵاودەبنەوە، لەبەر ئەوەی خێرایی بڵاوبونەوە بێ پێوەرە، بۆیە هەموو کەسێک دەتوانێت دووبارە ببێتە دابەشکاری هەواڵەکان و بڵاویان بکاتەوە لە هەژمار و پەڕەکانی تایبەت بە خۆی، ئەمەش وادەکات کەمترین کۆنترۆڵ هەبێت و بە ئاسانی نەتوانرێت رێگری بکرێت و هەواڵە نادروستەکان راست بکرێنەوە و چاودێری بکرێن، هەروەک چۆن چاودێریکردن هەیە لە میدیای کۆنباو وەک: (تەلەڤزیۆن، رادیۆ و رۆژنامە)، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رێگەخۆشکەرن بۆ بڵاوبوونەوەی هەواڵەکان لە نێوان گروپە هاوڕاکان و دروستکردنی رای گشتی و کاریگەریی لەسەر تاک.
لە ئەنجامی ئەم چەواشەکارییە و خێرایی بڵاوبوونەوەی هەواڵەکان، بەکارهێنەران (بە تایبەت لە هەرێم) دەکەونە دۆخێکەوە بە شێوەیەکی زۆر خۆیی و ناڕەسمی دەیان بڕیار دەدەن لەسەر راستی و دروستی هەواڵەکە.
کاریگەرییەکانی ئەم جۆرە هەواڵە چەواشەکارییانە لەسەر کۆمەڵ دیارن، بە شێوەیەکی نەرێنی کاریگەرییان لەسەر متماتەی تاک و گۆمەڵگە بە دامەزراوە رەسمییەکان داناوە، هەروەها باوەڕ بە حکومەت و راگەیاندنی حکومی و راگەیاندنە سەربەخۆکان کەمبۆتەوە، لەگەڵ ئەمەشدا کاری کردۆتە سەر دابەشبوونی کۆمەڵایەتی و دروستبوونی کێشە لەنێوان گروپە جیاوازەکاندا.