ژن و ژینگە

ڤارونا زەردەشت - شێوەکار

 

هەستی پەیوەست بوون بە نیشتیمان هەستێکی خۆرسکە, پەیوەستبوون بنەمایەکە بۆ دیاری کردنی هەڵوێستی تاکەکەس و ڕۆڵی دیاریش دەبینێ لە بەرجەستەکردنی کرداری تاکەکاندا هەندێ کات ڕۆحیەتی پەیوەستبوون وا دەکا ژیانی خۆت ببەخشی بۆ ئەوەی بەرگری لەو نیشتیمانە بکەی کە پەیوەست بووی پێیەوە.

 

لەبەر ئەوەی خاک پێناسەی هەر نەتەوەیەکە. هەر نەتەوەیەک لەسەر خاکی خۆی نەبێ یان داگیرکرابێ ئەوا هەبوون و مانەوەی لە لێواری لەناوچووندایە. بە تایبەت ئەو خاکەی کە ژیان لەو شوێنە دەستی پێ کردبێ بۆ ئێمەی کوردیش واتا میزۆپۆتامیا.

 

خاکی میزۆپۆتامیا ئەو خاکەیە کە بە لانکەی شارستانیەت و مرۆڤایەتی دەناسرێت کە دەکاتە کوردستان وە بە دەستی ژن/دایک بوژانەوەی بە خۆیەوە بینی هەر لە دۆزینەوەی دانەوێڵە تا دەگاتە پێداویستیەکانی دیکەی ژیان لەم خاکەوە سەری هەڵدا. لێرەدا پەیوەست بوونی ژن بە خاکەوە بەرجەستە بوو . ژن و خاک بوون بە دوانەیەکی لێک دانەبڕاو،

هەربۆیە ژن بە دڵسۆزیەوە خاک و نیشتیمانەکەی دەپارێزێت.

 

دەوڵەتان و داگیرکەران بە ئەقڵیەتی ڕەگەزپەرستانەیانەوە ئاگاداری ئەم پەیوەندیەی نێوان ژن و نیشتیمان بوون...

بەداخەوە گەلی کورد لە دێر زەمانەوە ستەم و داگیرکاری لە لایەن دەوڵەتانەوە بە سەری سەپێنراوە و نیشتیمانەکەی دابەش کراوە لەناو ئەم داگیرکارییە و پارچەکردنی خاکی کوردستاندا ئەوەی زەرەرمەندی سەرەکی بوو بێ ژن و خاک بووە...

 

جینۆسایدی ژن و ژینگەی کوردستان لەم سەدەیەدا واتا لە سەدەی ۲۱ لە لایەن داگیرکەرانی خاکەوە بە شێوازێکی زەق دەبینرێت و دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا سەرمەشقی ئەم تێکدانەیە.

 

سیاسەتی لەناوبردن و سوتاندنی دارستانەکانی کوردستان پرسێکی گشتیە تەنیا تایبەت نیە بە ناوچەیەک و تەواوی کوردستانی گرتووەتەوە. کە بە شێوەیەکی سیستەماتیک و بە بیانووی جۆراوجۆر سامانە نەتەوەییەکانمان دەکرێتە ئامانج. بۆ نموونە بڕینەوە و لە ڕیشە هەڵکەندنی دارە زەیتونەکانی عەفرین لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە یەکێکە لە داگیرکاریەکان، هاوکات ئەم ستەمە بە درێژایی ئەو داگیرکاریە بەسەر خاک و گەلی عەفرین سەپێنراوە و ڕۆژانە گوێ بیستی کوشتن و ڕفاندنی ژنانیش دەبین لەلایەن چەتەکانی دەوڵەتی تورکیاوە، هەروەها ئاگربەردانە بەر دارستانەکانی باکووری کوردستان و دروستکردنی بەنداو هەر لە لایەن تورکیاوە، لە لایەکی ترەوە سوتاندن و بڕینی دارستانەکانی باشووری کوردستان و بەکارهێنانی چەکی قەدەغە کراو هەر لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و تۆپبارانکردنی ناوچە سنووریەکان لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە. ڕژێمی ئێران هەر لە سەرەتای دەسەڵاتیەوە هەوڵی لە ناوبردنی ژینگەی کوردستانی داوە...

 

سەدەی ۲۱ یەکێک بوو لە دژوارترین سەدەکان بەرامبەر ژن و ژینگە، ئەم هێرشانە لە هەندێک وڵات تەنیا لەسەر ئاستی سیستەمی دەسەڵاتدارییەوە بەڕێوە دەچوو، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و بە تایبەتی کوردستان هەم لەسەر ئاستی دەسەڵات و هەم لە لایەنی داگیرکەرانی کوردستانەوە بە شێوازێکی چڕ و پڕ بەڕێوە دەچوو.

 

بەڵام بەهۆی پەیوەست بوونی ژن بە خاکەکەیەوە بینیمان لە کاتی بڕینەوە و بە تاڵانبردنی دارە زەیتونەکان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ژنان بۆ بەرگری کردن لە دارە زەیتونەکان خۆیان دەکردە قەڵغان، هەروەها لە بە ئەنقەست ئاگر تێبەردانی دارستانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن ڕژێمی ئێران ژنان پێشەنگایەتیان دەکرد لە کوژاندنەوەی دارستانەکان...

 

ئەمە ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێت کە چەنێک داگیرکەران بەردەوام بن لە هێرش و پەلاماردان لەسەر خاکەکەیان، ئەوان کۆڵ نادەن لە پاراستنی خاکەکەیان، چونکە ژنان بەو هۆشیارە مێژووییەی لە بەرامبەر کولتوورەکەیان واتا خاکەکەیان هەیانە، دەزانن هیچ نەتەوەیەک بێ خاک ناتوانێت ژیان بکات و خۆی لە قڕکردن بپارێزێت...

 

لە کۆتایدا بە ڕای من تا لەگەڵ ژن و ژینگە ئاشت نەبینەوە، ئاستەمە گەیشتن بە ژیانێکی ئازاد و دیموکرات و یەکسان و دادپەروەر....