خۆشەویستی  پیاو بۆ ژن چییە؟

ژینۆ ڕەشید – چالاکوان

ژینۆ ڕەشید – چالاکوان

 

کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە نێر و مێ پێکدێن کە لە ڕێی هێلکە و تۆوەوەیە، ئەوەتا بۆ هاوسەنگی سروشت، ئاژەڵەکان، باڵندە، زیندەوەر و مێرووەکان، ڕووەک، خشۆکەکان و هتد، هەتا نێر و مێ نەبێت هیچ بوونەوەرێک ناخوڵقێت و سروشت و کۆمەڵگە بەردەوام نابێت و کۆتایی بە هەموو شت دێت، بەبێ ئەو دوو ڕەگەزە بوون و هەبوونی گشتی بە کۆتا دێت.

 

بۆ بەردەوامی بە هەبوون و سروشت و مرۆڤ پێویستە ئەم دوو ڕەگەزە کە نێر و مێن لەگەڵ یەکتر بژین، چونکە تەنها بۆ چێژی ئارەزووەکان نییە، ئەم دوو ڕەگەزە یەکتر دەپارێزن و لە خۆشی و ناخۆشیەکاندا هاوکاری یەکتر دەبن، جا بۆ ئەو پەیوەندیە و بۆئەوەی بە لێکتێگەشتن و خۆشەویستیەوە بژین پێویستمان بە ئەڤینە، ئەڤینێک کە لەپێناو یەکتردا بژین، ڕەنج بدەین و تێبکۆشین، یەکمان خۆشبووێت، نەک یەکتر لەناوببەین.

 

ژن کە داهێنەری هەموو پێداویستییەکانی مرۆڤە چۆن دەبێت کە هەمیشە پیاو ژن بکوژێت، چۆن دەبێت بەبێ ژن ژیان نەبێت، بەڵام بیکوژن و دەستدرێژی بکرێتە سەری، بە نەبوو هەژمار بکرێت، تەنها بۆ چێژ و خزمەتکردن بەکاربێت و وەکو کاڵا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، کۆمەڵگە لاسەنگە، سیستەم و شوێنی بڕیاردان لاسەنگە، چونکە تەنها ڕەگەزی نێر بڕیار دەدات و مافی بەڕێوەبردنی هەیە، شەڕی ئێمە لەگەڵ تۆ نییە وەکو پیاو، بەڵکو لەگەڵ ئەو ئەقڵەیە کە لەسەر جادە بە وایەری کارەبا ژن دەخنکێنێت، دەیسوتێنێت، بە چەقۆ سەری دەبڕێت و بەر چەقۆی دەدات، ٧٥ فیشەکی تێدا خاڵی دەکاتەوە، پاش خۆخاڵیکردنەوەی هەوەسی نێرینەیی، دەی لەوە دڵنیابن لە کۆن و ئێستاشدا دژی تۆ نەبووین، پێنج هەزار ساڵە تۆ ژن دەکوژیت، تۆ بەبێ ژن ناژیت تەنانەت لە بەهەشتیش بێ ژن و بێ هەوەس و غەریزە ناژیت، هەرچی دەکەی بۆ ئەوەیە کە پۆلێک حۆریت بدەنێ و هەوەسی خۆتی تێدا خاڵی بکەیتەوە.

 

هەمیشە ژن تاوان باردەکەیت، لە ڕابردوو تۆ تیرت لە مێشک و دڵ و مناڵدانم دا، تۆ هەموو داهێنان و ڕەنجەکانت بردم و منت کرد بە جادوگەر و بەبێ منیش ناژیت، لەکاتێکدا تۆ بوویت جەنگت کرد و منت کوشت، من ڕق و نەفرینم نەبووە بەرامبەرت، من هاوار دەکەم کە تۆم خۆشویستوە، ئەڤینداری تۆم، تۆم بە هێلکەیی و کۆرپەیی لەناو مناڵدانمدا هەڵگرت و تۆم پاراست، تۆ دێیت و من دەکوژیت...

 

من شەڕ لەگەڵ ئەو ئەقڵ و زهنیەتە دەکەم کە تۆم لێدەستێنێتەوە و دەکوژێت، کە تۆم لێ هان دەدا من بکوژیت. شەری من لەگەڵ ئەو سیستەمەیە کە تۆشی کردووە بە قوربانی، هەر بە دەستی تۆ مرۆڤەکانی تر دەکاتە قوربانی و لە قەسابخانەکەیدا هەریەک بە جۆرێک هەڵدەواسێت، کە برسیتان دەکات، کەتۆ دەبات بۆ سەربازی و بە گرتنی ئاژەڵێک و لەتکردنی بە ددانەکانت بەزیندوویی، فێری خواردن و بڕینی گۆشتی مرۆڤەکانت دەکات.

 

من شەڕ لەگەڵ ئەو بیرە تاریکە دەکەم کە گەردەلولی شومی بیابان هێنای و بە شمشێری دەستی   تۆش و منیشی کوشت.... بەرامبەر ئەو سیستەمە ڕزیوەم کە جەستەی ژن دەکڕێت و ژن تاوانبار دەکات، کڕیار شانازی دەکات کە جەستەی ژنی کڕیوە بە بڕێک دراو...، وائەزانی تۆ لە منی ژن ئاسودەتری، ئازادتری؟ نا من ڕەگەزێکی بێهێز دەبینم کە تەنها بۆ ژن کوشتن و خۆخاڵیکردنەوە قارەمانە، دێوانە دەبێت بۆ ژن و هێزی بازووی خۆشی دەسەپێنێت، سەرشۆڕ لەئاست چەکدارو سەربازی نەیاران و دەستی بەخوێنی ژن سورە، جەستەی بە خوێناویکردنی دامێنی ژنێک سوردەکات و خۆی بەسەرکەوتوو دەزانێت، چەقۆی دەست و بەرپشتێنت هەمیشە خوێنی ژنی لێدەچۆڕێت، تفەنگی شانت تەنها ئەوکاتە سەری بەرزدەکاتەوە کە ژنێک دەکوژێت، ئەی داماو تۆ لە من بندەستتری، تۆ گیرۆدەی ئەو ئەقڵەی کە خۆشت قوربانیت.

 

ئەوکاتەی کە ڕانی ژنێک خوێناوی دەکەیت، وائەزانی خاکت لە داگیرکاران پاککردووەتەوە، نازانی کە تەنها لاوازێکی دەستی هەوەسەکانتی و بەس، کامە ئابڕووت پاک دەکەیتەوە؟ تۆ ئەتوانی تامردن پاسەوانی جەستەی ژن بیت؟ تۆ لە خەویشدا پاسەوانی، خەو بە ئابڕووەوە دەبینیت، خەو دەبینیت کە جەستەی ژنەکان بینراون، لەبەرئەوە ڕۆژ بەڕۆژ ژن دەکوژیت، چونکە خۆت لەسەر جلیشەوە جەستەی ژن دەبینیت، تۆ لەناو ئەم سیستەمە وەکو باڵندەیەکی بێ باسکیت، وەکو تفەنگێکی بێ فیشەکی، بەدبەختی، ئەی داماو من ڕقم لێت نیە تۆ پارچەیەکی لە خۆم.

 

بەدبەخت تۆ ئەڵێی عاشقم، بەڵام من تەنها وەکو کۆترێکی باڵ شکاوت ئەبینم، کە ڕێگات لێتێکچوە و لە ئاسمانی پڕ لە دووکەڵی شەڕ دەخولێیتەوە و شوێنێک نییە لێیهەڵنیشیت و هێلانەی لێدروستبکەیت، چونکە دارستان سوتاوە، لقو پۆپی دارەکان بڕاوە، ناتوانیت بڕۆیت و لە کانیەک دەنووکەکانت تەڕ بکەیت، چونکە سەربازی لێیە و پڕی دەکەن لە گازی ژەهراوی، لە ئاسمان فڕۆکە و لەسەر زەوی قەلەڕەشی گۆشت خۆری لێیە، پێم ناڵێی چۆن دەفڕیت؟، ئەی چی دەکەیت بۆ ئەشقەکەت وائەزانی تەنها ماڵێک بەکرێ بگریت بەسە؟ وائەزانی مووچەکەت بەسە بۆ کرێی خانوو، کارەبا، موەلیدە، پارەی خاشاک، پارەی ژینگە، بەنزین، مریشکیش و کاڵای تریش بە قەرز بێنیت؟، ئەوە کەی ئەشقە کە تۆ ئابڕووی خۆشەویستەکەت لە پارچە گۆشتێکدا ببینیت....

 

ئەڵێی خۆشم ئەوێیت و دەتکەمە قەفەز.. بۆ، بۆچی بڕیار لە هەموو شت دەدەی بەبێ ژن؟ لە حکومەت هەتا ماڵ تۆ سەرۆکیت، بەڵام هەمیشە هەر شەڕە و دەستدرێژیش دەکرێتە سەر خاکمان، ژنەکان دەبەن بە کەنیزەک و بۆ نیکاح.... چ کارەساتە خۆت ژن دەکوژیت و هەرخۆشت دەینێژیت، ژنێک تەنانەت دایک بۆی نیە بێتە سەرگۆڕی کچە کوژراوە، سوتاوە، خنکاوەکەی، هەتا تۆ دیاربیت لەوێ....

 

تۆ هەمیشە لەسەر سنورەکان پاسەوانیت، بەڵام کە کاتی پاراستن هات هەڵدێیت و چەقۆ تیژەکان دێن و دەستدرێژی دەکەنە سەر ژن و خۆشت دەکوژن.... تاکەی لە منی ژن تێناگەیت، ڕقمان لێت نییە، تەنها ئەبێت ئەقڵی ناو کەللـە سەرت فڕێبدەیت، من دژی ئەو یاسایانەم کە تۆ داتڕشتووە بۆ کوشتن و سزادانی خۆت، و کوشتنی ژن، ئەو نوسینانە ڕزیون تۆی کردووە بە کۆیلە، تۆ برسی دەکات و بڕێک پارەت پیشان دەدات....

 

ئێمە دژی ئەو ئەقڵەین کە تۆی کردووە بە بکوژی ژن و بکوژی ڕەگەزەکەی خۆت، ژن باجی کوشتنی تۆش و بکوژانیش دەدات، چونکە هەردوولا لە مناڵدانی مندا خوڵقاون، دیواری قەڵاکانی دەسەڵات مەپارێزە خۆ تۆ هەر برسیت، تۆ هەر ژیانت ناگات بە سەگە توکنی مناڵەکانی دەسەڵات، من شەڕ بۆ ڕزگاری خاک، ئازادی تۆ و شکۆی خۆم دەکەم، هەردووک پێکەوە جوانین، بەبێ من تۆ لاسەنگی، لاسەنگی لە بیر، لە ئەقڵ، لە پلان لە بڕیاردان... 

 

تۆ خۆت دەکەیتە خۆڵی بەر پێی ژن ئەی بۆچی دەیکوژیت؟، شیعر و گۆرانی بە باڵای ژندا دەڵێی هەزارن وشە بە پرچیدا هەڵدەواسیت، تەنها ئەتەوێ چێژت بداتێ و ناهێڵی لە بڕیار و بەڕێوەبردندا هەبێت، دەتەوێت پەراسووەکانی بشکێنی تا غەرقی هەوەس دەبیت.. کاتێکیش ویستت لە شوێنێکی تاریکی ماڵدا، لەسەر جادە و کوچەی شاردا دەیخنکێنی و دەیکەیت بە داردا، تۆ ئەڵێی من وانیم، ئەی ئەو ژنکوژانە کێن لە چ هەسارەیەکەوە هاتوون؟

 

ناچار مەبە ئەوانەی هانتدەدەن داتماڵن لە ویژدان و پڕتبکەن لە نەفرین، هەوڵبدە بفڕە و لە تاریکی بیری بیابان خۆت ڕزگار بکە، دەستت بە ئاوی ویژدان و ئەشق بشۆ و ئیتر دەستت سور مەکە بە خوێنی ژن، کە ئاشقم بووی، هەموو بیرێکی کوشتنی ژن فڕێبدە و تەنها وەرە، وەکو بکوژێک نا، بۆ پاراستنی جەستەی ژن نا، چونکە خۆی دەیپارێزی.

 

ئەو چەقۆیە و ئەو وایەرە و ئەو ئاگرە هەمان ئەوانەیە کە ڕۆژانە ژنی پێدەکوژن، کە هاتی بۆ جێژوانی ژن هەرخۆت وەرە بیر و ئەقڵی ژنکوشتن مەهێنە، ئێمە ڕقمان لێتان نییە، تەنها زهنی خوێناوی فڕێدەن، با پێکەوە چۆلەکە ئاسا هێلانەیەکی پارێزراو دروستبکەین، چونکە چۆلەکە ئەگەر هێلانەکەی دەستکاری کرا دەڕوات لە شوێنێ باشتر دروستیدەکات.