هاوئاهەنگی وەک ڕایەڵەیەکی سەرکەوتن

کنێرعەبدوڵڵا - نوسەر و چالاکی بواری ژنان

 

پرسی ژنان وەک مەسەلەیەکی کۆمەڵگەیی ناوخۆیی و جیهانیی بابەتێکی فرەڕەهەند و فرە بوارە، خەباتکردنیش بۆی بەپێی قۆناغەکان جیاوازی بەخۆوە دەبینێت، بێگومان بەردەوامیەتیشی دەبێت تا گەیشتنیان بە ئامانجەکان، ئەمەش تەنها پەیوەست نییە بە خودی ژنانەوە بەڵکو، ئەرک و بەرپرسیارێتی گشت تاکەکانی کۆمەڵە.

گەر بەراوردی ئێستای دۆخی ژنان بکەین لە هەرێمی کوردستان بە ساڵانی نەوەدەکان بە نموونە، ئەوەی بەدیدەکرێت زیادبوونی رێژەی ژنانە لەرووی چەندێتییەوە لە سەرجەم ناوەندەکانی بڕیارسازی وەک، بوونی ژنان بەرێژەی ٣٠% کەمتر نەبێ لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان، زیادبوونی ژمارەیان لە پۆستەکانی ئەنجومەنی وەزیران و پارتە سیاسییەکان و دەزگاکانی راگەیاندن و حکومیی و ئەکادیمی و پیشەییەکانی دیکە، جگە لە فرەیی و بەرفراوانی کارکردنیان لە نێو رێکخراوەکانی ژنان و مەدەنییەکان و..هتد ئەگەرچی لە ڕووی چۆنێتییەوە بەقەد گرنگییەکەی قسەوباسی جیاواز لەخۆدەگرێت و رەچاوکردنی پێویستە.

بوونی هاوئاهەنگی ژنان چ لە نێو سەرجەم ئەو دامەزراوانەدا و چ لەگەڵ ژنانی تری گشت چین وتوێژە جیاجیاکانی نێو کۆمەڵ گرنگێتی و کاریگەری خۆی هەیە، ئەگەرچی بەپێی راپرسییەکی تایبەت لەو بوارەوە بوونی ئەو هاوئاهەنگییە لاوازە، بەشێوەیەک دەرکەوتووە لە 60% دەڵێن بوونی نییە و هۆکاری ئەو نەبوونەش بەپلەی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ یەکنەگرتوویی و نەبوونی یەکگوتاریی و پرۆژەی هاوبەشی خودی ژنان و لاوازیی سیستەم و سیاسەتی پارتە سیاسییەکان و سیستەمی حوکمڕانی، ئەمەش بۆتە هۆکاری هاتنەکایەوەی گوتارێکی یەکنەگرتووی ژنان کە دەرئەنجام لە بەرژەوەندی پرسی ژنان و کۆمەڵدا نابێت.

خۆناسینی ژنان بەرلەهەموو هەنگاوێک مەسەلەیەکی گرنگی چارەسەرەکانە بەوەی ئامانج و خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکانی خۆیان دیاری بکەن، دواتر وەک مرۆڤ تێگەیشتنیان بۆخۆیان هەبێت و بتوانن بە هۆشمەندییەکی تەواوەوە هەنگاو بنێن بۆ داهاتوو، یەکگوتاری ژنان و رێکخستنیان لە دەوری پرۆژەی ستراتیجی و هاوبەش و پشتیوانیکردنیان لە یەکتری دەبێتە هۆی خێراتر گەیشتنیان بە ئامانجەکان، بێگومان ئەمەش هۆشیاری هزری و فکری و رێخکستنی دەوێت، تا سەرجەم ژنان بەتایبەت ئەوانەی لە نێو دەسەڵات و پڕۆسەی بڕیارسازیدان بتوانن مەسەلەی ژنان بخەنە ئەولەویەتیان و هیچ سازشێکی لەسەر نەکەن، بڕیاردەربن تا لەڕێی رێکخستنی خۆیانەوە ببنە سەرچاوە بۆ سەرجەم ژنان بێ دەستتێوەردانی پیاوانی نێودەسەڵات، تا دەرئەنجام خۆیان ببنە بڕیاردەری خۆیان، نەک بڕیاربۆدراو بن ئاڕاستەکەر بن، نەک ئاڕاستەبۆکراو و بەشداربووبن لە پرۆسەی بڕیارسازی و سیاسەتکردن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵدا نەک بەشدارپێکراو.

بێگومان داماڵینی عەقڵیەتی پیاوسالاریی لە نێو فکری پیاوانیشدا تەواوکەری پرۆسەکەیە کە هەمیشە بەهۆی کلتورەوە وایکردووە بێئاگایانە خەسڵەتی زاڵێتی، دەسەڵات، هێزوسەپاندن و فەرمانکردن ببێتە بەشێک لە رەفتار و هەڵسوکەوتیان کە خودی ئەوانە دایماڵیون لە سروشتی مرۆڤبونیان، بۆیە چارەسەری ریشەیی دۆزو پرسی ژنان مەسەلەیەکی گشتگیرو هەمەلایەنە و ئەرک و بەرپرسیارێتییەکەیشی فرەلایەنە هەریەک بەرێژەیەک، بەڵام بێگومان خودی ژنان دەبێت رایەڵەی بەهێزی خۆیان بن و نەیەڵن هیچ کەس کەلێن دروست بکات.