مەستوورەی ئەردەڵانی؛ شانازیی بۆ کوردستان

زولفان غەریب - چالاکوان

كاتێك لە نووسین‌ و باسكردنی ژنان ‌و تەوارە بەرزەفڕەكانی كۆمەڵگەكەمان دەبین، دەبینین بەشێكیان رێچكەشكێنن و وەكو گەوهەرێك لەناو مێژووی بزووتنەوەی ژنان ‌و شۆڕشی كورد دیارن. مەستوورەی ئەردەڵانیش ئەو خاتوونە شۆخ ‌و شەنگ ‌و جوان‌ و رێچكەشكێن لە سەردەمی میرنشینی ئەردەڵاندا وەكو ئەستێرەیەك دەدرەوشێتەوە.
 

ئەم خاتوونە شاعیر ‌و مێژوونووسە بە نووسینی مێژووی ئەردەڵان وەكو یەكەم مێژوونووسی ژن لەناو كورد‌ و گەلانی رۆژهەڵات دانراوە، بە ژنێكی هەڵكەوتوو و نوێگەر لە داهێنان ‌و ئەدیبێكی بەتوانا ناوی رۆیشتووە.
 

ئەم خاتوونە نەك هەر بۆ شاری سنە ‌و خەڵكەكەی، بەڵكو بۆ تەواوی گەلی كورد جێگەی شانازییە ‌و لەناو گەلانی رۆژهەڵات ژنێكی دەگمەن‌ و دانسقە بووە، رۆشنبیرێكی بەتوانای نووسینی هۆنراوە بە زمانی فارسی‌ و كوردی (سۆرانی ‌و هەورامی) دەستێكی باڵای هەبووە ‌و شارەزاییەكی زۆری لە ئەدەبیاتی فارسی‌ و عەرەبیدا هەبووە كە خاوەن زیاتر لە (٢٠ هەزار) بەیت بووە، بەڵام بەداخەوە لەدوای خۆی تەنها (٢٠٠٠) بەیتی ماوە زۆربەی هۆنراوەكانی بە زمانی كوردی لەناوچوون و لەئێستادا بەشێك لە هۆنراوە فارسییەكانی وەرگێڕاون بۆ زمانی كوردی.
 

ئەوەی جێگەی شانازییە ژنێك بەتوانای بەم زمانە بەشێوازێكی ئاستبەرز هۆنراوە بنووسێت وەكو ئەم نموونەیە:

گرفتارم بە نازی چاوەكانی مەستی فەتتانت

بریندارم بە تیری سینە سووزی ئێشی موژگانت

بە تاڵی پەرچەمی ئەگریجەكانت غارەتت كردم

دڵێكم بوو ئەویش خستە ناو جاهی زەنەخدانت

بەقوربان، عاشقان ئەمڕۆ هەموو هاتوونە پا بۆست

منیش هاتم، بفەرموو بمكوژن، بمكەن بەقوربانت

تەشەكوور واجیبە بۆ من ئەگەر بمرم بە زەخمی تۆ

بە شەرتی كفنەكەم بدرووی بە تای زولفی پەرێشانت

لە كوشتن گەردنت ئازاد دەكەم خۆت بێیتە سەر قەبرم

كە رۆژی جومعە بمنێژێ‌ لەلای نەعشی شەهیدانت

كەسی تۆ كوشتبێتت رۆژی مەحشەر زەحمەتی نادەن

ئەگەر وەك من لە ئەم دنیایە سووتابێ‌ لە هیجرانت

هەمیشە سوژدەگاهم خاكی بەر دەرگانەكەی تۆیە

رەقیب رووڕەش بێ‌ ناهێڵێ‌ بگا بە دەستم بە دامانت

دڵم مەشكێنە چونكوو مەخزەنی دەرد ‌و خەمی تۆیە

فدای شەرت ‌و وەفات بم چی بەسەرهات مەیلی جارانت

ئەتۆ ئەمڕۆ لە موڵكی دڵبەرید نادرەی دەهری

بەڕەسمی بەندەگی مەستوورە وا هاتووەتە دیوانت
 

مەستوورەی ئەردەڵانی ناوی تەواوی (ماە شەرەف خانم) بووە بە مەستوورە ئەردەڵان ناسراوە، لە ساڵی (١٨٠٤) لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان لە بنەماڵەی قادرییەكان لەدایكبووە، لە خێزانێكی ناودار ناوی باوكی (ئەبولحەسەن بەگ) بووە لە پیاوە رەسەنەكانی سنە بووە، باوكی پاڵپشتێكی گرنگ بووە بۆ مەستوورە ناردوویەتییە بەر خوێندن، لە مزگەوت دەستدەكات بە خوێندن‌ و بەپشتیوانی باوكی توانیویەتی شارەزای ئەدەبیاتی فارسی‌ و كوردی بێت‌ و مەستوورە شارەزایی لە خوێندنی ئاینی ئیسلام بووە. 
 

كاتێك خوسرەوخانی ئەردەڵان والی سنە بووە كە بەناكام ناوبراوە دوای ناكۆكیی لەنێوان خوسرەوخان بنەماڵەی باوانی مەستوورە، ئاشتبوونەوە لەنێوانیاندا دروستدەبێت، خان عاشقی مەستوورە دەبێت‌ و ژیانی هاوسەرگیری پێكدەهێنن لەو كاتەدا مەستوورە تەمەنی ١٧ ساڵان بووە ‌و خانیش لە شیعردانانیش لە خانم مەستوورە نزیكبووەتەوە لە دیوانی هەردووكیاندا شیعر بەیەكدا هەڵدانیان زۆر‌ و بەرچاو بووە.
 

لە مێژووی میرنشینە كوردییەكان، میرنشینی ئەردەڵان ماوەی دەسەڵاتی حوكمڕانی لە سەرجەم میرنشینەكانی تر زیاتر بوو كە دەسەڵاتی ئەردەڵانییەكان حەوت سەد ساڵی خایاندووە، قەڵەمڕەوەكەی لە هەندێك كاتدا هەتا سۆران ‌و ئامێدیش رۆیشتووە لە زۆربەی كاتدا لە قۆناغی حوكمڕانی سەربەخۆبوون دوور لە دەسەڵاتی حوكمی عوسمانی‌ و سەفەوی كاروباری خۆیان بەڕێوەبردووە.
 

لە سەردەمی هەندێك لە میرەكاندا هێندە بەهێزبوون شاكانی سەفەوی قاجاری خوشكی خۆیان داوەتە كوڕی میرەكانی ئەم میرنشینە، لە دوای ماوەیەكی كەم لە هاوسەرگیری مەستوورە لەگەڵ خوسرەو خان، خان كۆچی دوایی دەكات ‌و بەهۆی هێرشی خەسرەوخانی گورجی، مەستوورە لەگەڵ عەبدوڵڵای مامی ئاوارەی شارەزوور‌ و سلێمانی دەبن لە شاری سلێمانی نیشتەجێ‌ دەبن، زۆربەی كاتەكانی ژیانی لە سلێمانی بە نووسین ‌و خوێندنەوە بەسەردەبات، بەداخەوە لە تەمەنی ٤٤ ساڵیدا كۆچی دوایی دەكات و لە گردی سەیوان لە شاری سلێمانی بە خاك دەسپێردرێت.
 

لەدوای ١٦٥ ساڵ لە كۆچی دوایی مەستوورەدا لە ساڵی ٢٠١٣ گڵكۆی لە گۆڕستانی سەیوان دۆرزاوەتەوە و لەلایەن مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنەسوورەكە بە هاوكاری خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد نۆژەن كراوەتەوە و تائێستایش چەندین پەیكەری بۆ دروستكراوە، یەكێك لە پەیكەرەكانی لەلایەن پەیكەرسازی رۆژهەڵاتی كوردستان هادی زیائەدین بۆ دروستكراوە، كە چەندین پەیكەری بۆ شاعیرانی كورد دروستكردووە لەناویاندا پەیكەری بۆ خاتوون مەستوورەی ئەردەڵانیش سازكردووە لە شاری سلێمانی دانراوە ‌و لە چەندین شاری كوردستان پەیكەری مەستوورە درووستكراوە.
 

لەلایەن فیلمساز ‌و دەرهێنەر‌ و نووسەری سینەمایی ئێرانی (پوولات درەخشەندە) چەندین بەڵگەی لەسەر ژیانی ئەم خاتوونە كۆكردووەتەوە بۆ ئەوەی فیلمێكی سینەمایی لەسەر ژیانی بەرهەم بهێنێت، چەندین كتێب‌ و نووسین لەسەر ئەم خاتوونە ناوازەیە نووسراوە، كتێبی مەستوورەی ئەردەڵان لەلایەن (بوخاری وشیار) نووسراوە و ناوەڕۆكی كتێبەكە باس لە ژیانی منداڵی هەتا كۆچی دوایی مەستوورە دەكات ‌و لێكدانەوە لەسەر لەیەكچوونی قەسیدەی مەستوورەی نالی شاعیر دەكات.
 

ئەم نووسەرە باس لە لێكۆڵینەوەی (٢ ساڵ) لەسەر ژیانی ئەم  خاتوونە دەكات‌ و (٥٠) سەرچاوەی بۆ بەكارهێناوە، لە ساڵی ٢٠١٦مامۆستایەكی زانكۆی كوردستان لە سنە باس لە دۆزینەوەی پەرتوكێكی (٨٠ لاپەڕەیی) دەستنووسی مەستوورە دەكات لە كتێبخانەی شاری تەورێز دۆزراوەتەوە كە لە شێوەی پەخشان نووسراوە‌ و دوای یەك مانگ لە كۆچی دوایی بڵاوبووەتەوە‌ و پێشكەش بە كتێبخانەی زانكۆی كوردستان لە سنە كراوە ‌و بەشێكیش لە شیعرە دەستنووسەكانی لە كتێبخانەیەكی بەرلین دۆزراوەتەوە. 
 

شاعیری گەورە پیرەمێرد (١٠) لە پارچە شیعرەكانی مەستوورەی كە بە زمانی فارسی نووسیوویەتی وەرگێڕاوە بۆ زمانی كوردی.
 

لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی دكتۆر شوان هەورامی باس دەكات كاتێك خوێندكار بووە لە زانكۆی تاران دكتۆر حسن كریمان پێی وتوە ساڵی حەفتاكان لە شاری سنە كە خوێندكاری ماستەر بووە لە زانستی شوێنەوارناسی لە كۆشكەكەی (ئەمانوڵڵا خان ئەردەڵان) كە ئێستا پێی دەوترێت خوسرەو ئاوا لەنێو دۆڵابێكی كۆنا تابلۆیەكم دۆزیوەتەوە لە ژێری نووسراوە مەستوورە كە وێنەی راستەقینەی مەستوورەی ئەردەڵانی بووە، وێنەی دووەمیش لە مەزاری مەستوورەی ئەردەڵانییە لە گردی سەیوان.
 

مەولەویی تاوەگۆزیی هۆنراوەیەك بۆ ئەم خاتوونە دەنووسێت:
 

خورشیدەكەی نازر ئەوجی بورجی سەور

سەرتوغرای دەفتەر مەحبوویان جەدەور

ها لە خانەكەی بورجی شەرەف دا

نوور ئەفشانیشەن وە هەر تەرەف دا
 

دیوانی مەستوورە لە ساڵی ٢٠١١ لەلایەن محەمەد عەلی قەرەداغی لە هەولێر لە دەزگای چاپ‌ و بڵاوكردنەوەی ئاراس بڵاوكراوەتەوە ‌و لە ساڵی ١٩٢٦ لەلایەن میرزا ئەسەد‌وڵڵا خانی كوردستانی كتێبی مەستوورەی ئەردەڵانی لە تاران چاپكردووە، زۆر نووسین ‌و هۆنراوە‌ و لێكۆڵینەوە لەسەر ژیان‌ و لێهاتوویی ئەم خاتوونە ناوازە‌ و هەڵكەوتووەی كورد كراوە، بەڵام هێشتا پێویستە زیاتر خوێندنەوەی لەسەر بكرێت.